لەبەر ئەوەی تەوقەی نەكرد، ڕەگەزنامەی ئەڵمانیایان نەدایە

ليست هناك تعليقات


 
دادگایەکی ئەڵمانیا، بڕیاریدا وڵاتینامە نەداتە پزیشکێکی موسڵمانی نیشتەجێی وڵاتەکە، دوای ئەوەی رەتیکردەوە دەست بخاتە ناو دەستی ئەو ئافرەتەوە کە دەیویست بەڵگەنامەی وڵاتینامەکەی بداتێ.

رۆژنامەی 'تێلێگراف'ی بەریتانی ئاشکرایکرد، دادگایەکی کارگێڕی لە ویلایەتی بادن فۆرتمبێرگ، لە باشووری رۆژئاوای ئەڵمانیا، پیاوێکی بەبنەچە لوبنانی لە پێدانی مافی بەدەستهێنانی وڵاتینامەی وڵاتەکە بێبەشکرد، دوای ئەوەی ئامادەنەبوو 'تەوقە' لەگەڵ ئەو ئافرەتەدا بکات، کە وڵاتینامەکەی دەدایێ. دادگاکە وایداناوە، هەڵسوکەوتی پزیشکە لوبنانییەکە، "هەڕەشەیە بە لاڕێدابردنی سێکسی".

دادوەرانی دادگاکە گوتویانە، بەدەستهێنانی وڵاتینامەی ئەڵمانیا، پشت بەتوانای پێشکێشکاری داواکاری بەدەستهێنانی وڵاتینامەکە دەبەستێت، لە خۆسەلماندن بەوەی دەتوانێ بەپێی بەها ناوهێنراوەکان لە دەستووری ئەڵمانیادا، خۆی بگونجێنێت. بەشێکی دەستووری ئەڵمانیا جەخت لە یەکسانی نێوان هەردوو رەگەز دەکاتەوە.

لە دەقی بڕیاری دادگاکەدا هاتووە، "دەستگوشین و سڵاو بەدەست، خوویەکی کۆنە بۆ سڵاوکردن یان ماڵئاوایی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی کۆمەڵایەتی و سێکسی. هەرچەندە لە ئەڵمانیادا شێوەسڵاوی دیکەی دانپێدانراو هەن، وەک ماچکردن، یان ناوپەل لەیەکدان، بەڵام دەستگوشین، بایەخێکی تایبەتی هەیە، چونکە لە رێوشوێنە فەرمییەکانی وەک تەواوکردنی مامەڵە بازرگانییەکاندا بەکاردەهێنرێت، ئەمە جیا لەوەی لە هەندێک دادگادا بە رێککەوتن لەسەر بڕیارێکی دیاریکراو، تەماشا دەکرێت".

رووداوەکە بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە، لە میانی ئاهەنگێکدا، کە دەبوو وەک رووداوێکی ئاسایی رووکەشییانە تەماشا بکرێت، لەپێناو پێدانی مافی وڵاتیبوون بە لوبنانییە موسڵمانەکە، بەتایبەت کە ئەو پلەیەکی باشی لە تاقیکردنەوەی هاونیشتمانیبووندا بەدەستهێنابوو. تاقیکردنەوەیەک کە تێیدا پرسینەوە و هەڵسەنگاندن لە ئاستی تێگەیشتنی کەسەکان دەکرێت لە مێژووی ئەڵمانیا و بەها ئەڵمانییەکان.

بەڵام کاتێک خانمەکە، دەستی درێژکرد بۆ ئەوەی دەستی دکتۆرەکە بگوشێت، ئەو رەتیکردەوە تەوقەی لەگەڵدا بکات، بۆیە ئافرەتە وڵاتینامە بەخشەکە، وڵاتینامەکەی نەدایە پیاوە موسڵمانەکە.

رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، گەنجە لوبنانییەکە تەمەنی 40 ساڵە و تۆمارێکی نایابی لە بابەتی گونجان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا هەیە، ساڵی 2002 وەک خوێندکاری زمان رووی لە ئەڵمانیا کردووە، بەرلەوەی وەک پزیشکێک زانکۆ تەواو بکات و دواتر رێگەی خۆی بۆ پۆستی پزیشکی راوێژکاری لە نەخۆشخانەیەکی باشووری وڵاتەکە، بدۆزێتەوە.

دۆسێیەکە لەبەردەستی ئەو دادگایەدا ماوەتەوە کە پێدانی وڵاتینامەکەی راگرتووە. لەبەردەم دادگادا، پیاوە موسڵمانەکە رایگەیاندووە، بۆیە ئەو کارەی کردووە، چونکە پێشتر بەڵێنی بە هاوسەرەکەی داوە، هەرگیز دەستنەخاتە ناو دەستی هیچ ئافرەتێکی دیکەوە. بەڵام دادوەرانی دادگاکە بەو بیانووە رازینەبوون و تەوقەنەکردنی ئەویان لەگەڵ ئافرەتەکەدا، بە کارێکی 'تووندڕەوانە' ناوبرد کە رەنگدانەوەی 'تێڕوانینێکی سەلەفییانەیە' بۆ جیهان.

دادوەرەکان سەرسامییان لە بەرامبەر لێدوانێکی پزیشکە موسڵمانەکە دەربڕی، کە دوای رووداوەکە گوتبووی، بەڵێن بێت لە داهاتوودا تەوقە لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەکەم، نە ژن نەپیاو. ئەوان وایاندانا ئەوە تەنیا 'هەنگاوێکی تاکتیکییە' هیچ لە بۆچوونی کەسەکە ناگۆڕێت.

دوا هەل کە لەبەردەم موسڵمانە تەوقەنەکردووەکەدا مابێتەوە بۆ بەدەستهێنانی وڵاتینامەی ئەڵمانی، سکاڵاکردنە لای دادگای بەرزی فیدراڵیی وڵاتەکە. ئەوە دوا هەلە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی پێشووی دادگاکەی ئەڵمانیا، کە بڕیاریداوە پزیشکەکە لە وڵاتینامەی ئەڵمانیا بێبەش بکات.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif