نوجێفی دەیەوێت حلبوسی لە سەرۆكی پەرلەمان لا بدات

ليست هناك تعليقات





ژمارەیەک هێزی سیاسی و پەرلەمانتارانی عەرەبی سوننە کۆبوونەوە و پێکهێنانی بەرەیەکی نوێیان لە پەرلەمان راگەیاند، کە لە 35 پەرلەمانتار پێکهاتوون و ئوسامە نوجێفی سەرۆکایەتییان دەکات، ئەوان داوادەکەن محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.

ئێوارەی رۆژی هەینی لە ماڵی قاسم فەهداوی، وەزیری پێشووتری کارەبای عێراق ژمارەیەک هێزی سیاسی و پەرلەمانتارانی عەرەبی سوننە کۆبوونەوە. ئەوان 35 پەرلەمانتارن و پێکهاتوون لە بەرەی رزگاری و گەشەپێدان، فراکسیۆنی جەماهیر، پرۆژەی عەرەبی، حیزبی ئیسلامی، کوتلەی عێراقییەی سەربەخۆ و ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ، رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی بەرەیەکی پەرلەمانی، کە وەک خۆیان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن "ئامانجیان چاندنی متمانە و هیوایە بە ئایندە".

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختدەکەنەوە لەسەر هاوبەشەییەکی راستەقینە و یەکپارچەیی وڵات و خستنەگەڕی تەواوی هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی چارەسەر لەجیاتی قەیران.

عەلی سەجری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی ئەو بەرە نوێیە رایگەیاند، پەرلەمانتارانی بەرەکەیان بەم دواییانە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، فالح فەییاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهل حەق کۆبوونەوەتەوە. هیواداریشن پشتیوانی موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر بەدەستبهێنن تاوەکو متمانە لە محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرنەوە.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "بەرە نوێیەکەیان داوا لە هاوبەشەکانی دەکات محەممەد حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دووربخەنەوە، بەوپێیەی تاوانی گەورەی گەندەڵی کردووە و کاریش بۆ دابەشکردنی عێراق دەکات، کە ئەمەش مەترسییەکی راستەقینەیە بۆسەر وڵات".

ئەو بەرە نوێیەی پێکدەهێنرێت ئوسامە نوجێفی سەرۆکایەتیی دەکات، ژمارەیەک سیاسی و پەرلەمانتاریش تێیدا بەشدارن لەوانە، خەمیس خەنجەر ئەمینداری گشتی پرۆژەی عەرەبی لە عێراق و هەروەها ئەحمەد عەبدوڵڵا جبووری و ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە.

محەممەد کەربوولی یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی راگەیاند، پێکهێنانی کوتلەی سیاسی، مافی رەوای هەر پەرلەمانتارێک یاخود ژمارەیەک پەرلەمانتارە. کەربوولی، سەرسووڕمانی خۆی لەوەدەربڕی کە باس لە جیابوونەوە لە هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان دەکرێت و گوتی "یەک لایەن بە سەرۆکایەتی ئەحمەد جبووری لە هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان چووەتە دەرەوە". دەشڵێت "هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان پتەوە و خاوەنی 40 پەرلەمانتارە". 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif