مەرگی باڵا

ليست هناك تعليقات



پەیكار عوسمان
-
(چاکەو جوانی و ڕاستی) ڕێگای باڵاییەو تۆ ئەگەر بە چاکەدا بڕۆیت، بە جوانی و ڕاستیشدا ڕۆشتویت و ئەگەر بە جوانیدا بڕۆیت، بە ڕاستی و چاکەشدا ڕۆشتویت و ئەگەر بە ڕاستیشدا بڕۆیت، بە چاکەو جوانیشدا ڕۆشتویت. ئەوانە سێ ڕووی هەمان شتن، کە باڵاییەو تۆ دوای هەرکامیان بکەویت بەر ئەوانیتریش ئەکەویت. شتەکە هەر ئەمەیەو ئیتر هەیە لە ڕێگای حەقیقەتەوە بۆی ئەڕوا، وەکو فەیلەسوف و عارفەکان. هەشە لە ڕێگەی جوانییەوە بۆی ئەچێ وەکو هونەرمەندو ئەدیبەکان. هەشە لە ڕێگەی چاکەوە بۆی ئەچێ، وەکو هەموو ئینسانێکی بەرهەمدارو سودبەخش.

مەسەلەن کاتێ هونەر پاک و ڕاستەقینەیە، ئیتر جوانییە، بەڵام هەر تەنیا جوانیی نیەو ڕاستی و چاکییشە. بۆ مەگەر چی لەوە چاکترە کە جوانیی ببەخشیتەوەو چی لەوەش ڕاستترە کە حەقیقەتی ژیان بەخشینی جوانیی بێت؟

بەهەمان شێوە، کاتێکیش چاکە ڕاستەقینەو بێ ڕیایە، ئیتر هەر چاکە نیە، بەڵکو جوانی و ڕاستیشە. بۆ مەگەر چی لەو چاکەیە جوانترو ڕاستترە؟

ڕاستیش هەر خۆی نیەو جوانی و چاکییشە. بۆ مەگەر چی لەڕاستی جوانترو چاکترە؟

لەڕاستیدا ئەوەی باسی ئەکەین ڕێگا نیەو خودی گەیشتنە. گەیشتن بە مرۆڤبوون. تۆ لە ڕاستیدا بە جوانی و چاکیش ئەگەیت و لە جوانیدا بە چاکی و ڕاستیش ئەگەیت و لە چاکیشدا بە جوانی و ڕاستیش ئەگەیت و مرۆڤبوونیش هەر ئەوەیەو لە هەموویاندا تۆ بە مرۆڤبوون ئەگەیت.

دروود بۆ شەجەریانی لوتکەی هونەرو جوانی، کە ئەوێ لوتکەی چاکی و ڕاستیشە. ئەو ڕاستبوو لەگەڵ هونەر، جوانبوو لەگەڵ ئێمە، چاکبوو بۆ دنیا.

جا لەبەر دوو شتی وایە، کە بوونی خوداو بەهەشت و دۆزەخ زەرورەتە. ئاخر ناکرێ شەجەریان و خامنەئی چیرۆکی هەردوکیان بە مردن کۆتایی بێت و هەردوکیان لەبەردەم مردنا یەکسانبن و ئەوە کۆتایی فیلمەکەبێت. بەڵکو ئەبێ دوای مردن، هێشتا شتێکی تر مابێت، کە ئەو دووانە لەوێدا یەکسان نەبن.

ئەمە بۆ ئەوەنا کە هیچ نەکەین و پاداشتی چاککارو خراپکار هەڵگرین بۆ ئەودنیاو لێرە حساب و کیتابێکیان لەگەڵ نەکەین، بەڵکو ئەوە بەو مانایەی، کە بۆ سزای ستەمکاریی، دنیایەک کەمەو ستەمکار ئەبێ بە دوو دنیا سزابدرێ. بۆ پاداشتی جوانکارەکانیش، دنیایەک کەمەو ئەبێ بە دوو دنیا سوپاس بکرێن.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif