كارۆخ خۆشناو
-
لەسەرەتای دەستبەکاربوونی (دۆناڵد ترهمپ) وەک (45)مین سەرۆکی ئهمهریكا، زۆرترین لێدوان و تویت و هەڵوێستی بەرامبەر بە کورد هەبووە، لێرەدا دەتوانین لێدوانەکانی ترهمپ پۆڵین بکەین بۆ:
1- لێدوانە ئەرێنییەکانی ترهمپ بەرامبەر بە کورد، دوو نموونە:
یەکەم: چاوپێکەوتنی ترهمپ لەگەڵ سەرۆکی هەرێم لە (کۆڕبەندی داڤۆس) و ستایشکردنی رۆڵی کورد بە گشتی لە شەڕی تێکشکاندنی داعش.
دووەم: لێدوانی ترهمپ لە (لووتکەی کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ) کاتێک لە پرێس کۆنفڕانسێکدا گوتی: "بە بڕوای من کورد گەلێکی مەزنن، جەنگاوهری ئازاو بە جەرگن لە زۆر بوار ھاوپەیمانی ئێمەن".
دەتوانم بڵێم بە دەیان جاری دیكه ترهمپ بە شان و باڵی کوردی هەڵداوە لە رێگهی لێدوان و تویت و هەڵوێستەکانیەوە، ئەم لێدوانانەی ترهمپ بۆ ناساندنی دۆزی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی ئهمهریكا زۆر گرنگ و پڕ بەهان، بە جۆرێک ئەگەر کورد بیەوێت لە رێگهی کۆمپانیاکانی لۆبیکردنەوە ئەم کارە ئەنجام بدات، پێویستی بە ملیۆنان دۆلار دەبێت.
2- هەڵوێست و لێدوانە نەرێنییەکانی ترهمپ، دوو نمونە:
یەکەم: لە (9 ئۆکتۆبەری 2019) کاتێک ترهمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئهردۆغان داگیرساند تاکو رۆژئاوا داگیر بکات.
دووەم: لە (16ئۆکتۆبەری 2017) کاتێک ترهمپ چاوپۆشی لهوه كرد، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هێرش بکەنە سەر کەرکووك و ناوچە دابڕێنراوەکان.
بەکورتی هەڵوێست و تویت و لێدوانەکانی (ترهمپ) بەرامبەر بە کورد زۆر و بۆرن:
1- زۆرن چونکە ترهمپ لە ناوهێنانی کورد ژمارەی پێوانەیی شکاندووە بە بەراورد بە (44) سەرۆکەکەی پێش خۆی، واتە ترهمپ بەتەنیا لە هەموو سەرۆکەکانی پێش خۆی زیاتر ناوی کوردی هێناوە، بە جۆرێک تەنها لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو (24) جار ناوی کوردی هێنا.
2- بۆرن چونکە ترهمپ لە هەندێک لێدوانیدا بە شێوازێک قسە دەکات وەک ئەوەی کە زانیاری دروستی لەسەر کورد پێ نەبێت، بۆ نموونە لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا گلەیی لە کورد دەکات کە هاوکاری ئهمهریكا و هاوپەیمانانی نەکردووە لە شەڕی (نۆرماندی) لە جەنگی جیهانی دووەم!
دۆناڵد ترهمپ کارەکتەرێکی بزنسمان و سەرۆکێکی (دژە باوە) بۆیە جیاوازە لە هەموو سەرۆکەکانی دیكهی ئهمهریكا، واتە ترهمپ لە دەرەوەی حەوزی واشنتنەوە هاتووە، بۆیە دۆکترینی ترهمپ بۆ سیاسەتکردن بریتیە لە پێودانگی (بەرژەوەندیە ئابوریەکان) بەڵام لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیکردنی ئهمهریكادا (ترهمپ) تەنها سەرۆک بووە کە زۆرترین ناڕۆشنی لە سیاسەتی دەرەوەیدا هەبووبێت، واتە سیاسەتەکانی پێشبینی نەکراون (Unpredictable) لەگەڵ ئەوەشدا ترهمپ خاوەنی شێوازێکی تازە و ناوازەی سیاسەتکردنە چونکە تاکە سەرۆکە کە (تویتەری) کردبێتە مینبەری بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی ناوخۆ و دەرەوە، بە جۆرێک رۆژی وا هەبووە ترهمپ (17) تویتی کردووە!
لە کۆتاییدا ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی لۆژیکی و زانستی و ئەکادیمی (دوور لە سۆز) بۆ لێدوانەکانی ترهمپ بکەین بەرامبەر کورد بەگشتی، دەبینین ترهمپ جێگای ئومێدی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستانە چونکە سیاسەتی (ئەوپەڕی فشار)ی بەرامبەر بە ئێران بەکارهێناوە، بەڵام جێگای نائومێدی باکوور و رۆژئاوای کوردستانە چونکە (ترهمپ دۆستی ئهردۆغانه)، بەڵام سەڕەڕای هەموو (سەرنج و تێبینی و رەخنەیێک) ترهمپ لە خولی یەکەمدا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە لە دەربڕینی لێدوان و هەڵوێستی ئەرێنی و نەرێنی بەرامبەر بە کورد، واتە دۆسیەی کورد لەسەردەمی ترهمپدا دۆسیەیەکی زیندوو بووە، بۆیە دەتوانین بڵێین ترهمپ لە ڕێگای تویت و لێدوانەکانیەوە خزمەتێکی زۆری بە ناساندنی دۆزی کورد کردووە، هەروەها هۆکارێکی گرنگ بووە تاکو ناوی کورد وەک (جەنگاوەری ئازا) ببێتە (وێردی سەر زمانی) راگەیاندنەکانی ئهمهریكا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق