هێزى کرێ گرتە کێن؟

ليست هناك تعليقات


بورهان شێخ ڕەئوف
-
لەدواى بەناو بەهارى عەرەبى و شەڕو ململانێکانى کە بە دواى خۆیدا هێنا، دیاردەى پێکهێنانى میلیشیات و دروستکردنى تاقم و گروپى چەکدارى سەری هەڵدا، ئەویش لە ئاکامى بەرەڵایی و بێ سەروبەرى و ئەو ئاژاوەى گەورەى کە ناوچەکەى گرتەوە، زەمینە سازا بۆ ئەو تاقم و گروپانە کە بە شێوازى جیا جیا خۆیان ڕێک بخەن و ببنە هێزێکى تەحتە تەلەب بۆ هەردەوڵەتێک کە پارەیان بداتێ یان لە ڕووى ئایدیۆلۆجیەوە هاودید بن.
کرێ گرتەکان ئەو کەسانەن وەکو سەربازى سایەو سێبەرى دەوڵەتان بەکاریان دەهێنن بۆ بەدیهێنانى ئامانج و ئاواتەکانیان، بۆ ئەوەى خۆیان بە دووربگرن لە لێپێچینەوەى یاسایى.
لە ساترەکانى پێشەوەى شەڕەکانى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین لەم سەدەى بیستو یەکەدا جەنگاوەرانێکى بیانى دەرکەوتن کە شەڕ بە وەکالەت بۆ خەڵکى تر دەکەن، کە ئەمە دیاردەیەکە لە زۆرێک لە شەڕو ململانێکانى ناوچەکەدا بەدى دەکرێت و پێدەچێت بۆ قۆناغەکانى داهاتووش ئەم دیاردە قێزەونە بەردەوام بێت کە زەنگێکى مەترسیدارە بۆ سەقامگیرى و ئارامى و ئاسایشى ناوچەکەو جیهانیش بە گشتى.

ئەو چەکدار و جەنگاوەرە بیانیە بە کرێ گیراوانە دەکرێت بیانکەین بە دووبەشەوە:

1- جیهادییەکان ئەوانەن کە ڕێکخراو تاقمە تیرۆریستیە مەزهەبى و ئاینیەکان سازو ئامادەیان کردوون و پەروەردەیان کردوون بۆ مەبەستى خۆیان و بەکاریان هێنان و دەهێنن لە ئایندەشدا بە پاڵنەرى ئایدیۆلۆجى و دەروونى، ئەمانە بەشێکى زۆرى خاکى عێراق و سوریاو لیبیاو شوێنەکانى ترى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین یان داگیرکرد.
2- جۆرى دووەم ئەو چەکدارو جەنگاوەرە بیانیانەن کە بە بۆند و گرێبەست شەڕ دەکەن، کە هەندێک وڵات بەکاریان دەهێنن لە بەرامبەر پارەو ئیغرائاتدا کە کردەوەى جەنگى و لۆجستى ئەنجام بدەن، نمونەى ئەمانە سەرکەوتن کە دەست بگرن بەسەر بیرە نەوتەکانى لیبیادا.

لە بەرامبەر جیهادیە توندڕەوەکاندا کە مەترسیەکى گەورەن بۆ سەر ئاشتى و ئاسایش، هاوپەیمانى نێودەوڵەتى پێکهێنرا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەیان وەکە ئەوەى لە عێراق و سوریا و لیبیا ڕوویدا و لەناوبران، بەڵام ئەوانى کە بە گرێبەست وەکو کرێ گرتە دەجووڵێنرێن لە هەرکوێ پێویستیان پێیان بێت، ئەمانە ڕەخنەى زۆر لە ڕۆڵیان دەگیرێت لە بەرئەوەى دوورن لە لێپێچینەوەى یاسایى و لە لایەن وڵاتانەوە بەکاردەهێنرێن تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە هەندێک لە وڵاتانى ئەندامى ئەنجومەنى ئاسایشى هەمیشەیش بەکاریان دەهێنن.

کارى ئەم کرێ گرتە گرێبەستانەش بە دوو شێوەیە: شێوەى یەکەم بەشدارى شەڕى دەرەکى دەکەن لە ڕێگەى وڵاتان ودەڵاڵى کۆمپانیاکانەوە، شێوەى دووەمیش بە بەشدارى ڕاستەوخۆ لە هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆى وڵاتان وەکو لە وڵاتانى کەنداو.

تورکیاو کرێ گرتەکان
تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەى کە لە ماوەى ڕابردوودا هەموو مان شاهید بووین لە ڕێگەى کەناڵە جۆراوجۆرەکانى میدیاوە کە چلۆن ئەو بەکرێگیراوانەى دەگواستەوە لە سوریاوە بۆ لیبیا بە تایبەتى بۆ پشتیوانى حکەمەتەکەى سیراج دژبە جەنراڵ خەلیفە حەفتەر، ئێستاش بە هامان شێوە ئەو هێزە بەکرێگیراوانە ى گواستۆتەوە بۆ ئازربایجان بۆ ئەوەى دژى ئەرمینیا لە هەرێمى نەگۆرنۆ قەرەباخ بەکاریان بهێنێت.

لە بەرامبەر ئەمەشدا تورکیا نکووڵى لێ دەکات و دەڵێت ئەرمینیاش سوودى لە جەنگاوەرە کوردەکان بینیووە بۆ جەنگ و ڕاهێنان.
ئەگەر چاوێکى خێرا بە م دیاردە قێزەونەدا بگێڕین کە گەلان و وڵاتان خۆیان بەرگرى لە خاک و زێدى خۆیان نەکەن و پەنا بۆ بەکرێگیراوو خەڵکانى تر ببەن، ئەوا دەبینین ئەوە هەر تورکیا نیە بە تەنها ئەم کارە بکات، بەڵکو لیستێکى درێژ هەیە لە وڵاتان بە تایبەتى عەرەبەکانى کەنداو کە هەموو متمانەیان بە هێزى بەکرێگیراوى وڵاتانى هەژارە بۆ پاراستنى وڵاتاەکانیان.
1- کۆمپانیاى ( فاگنەر ) کە کۆمپانیایەکى ئاسایشى ڕوسی تایبەتى پەیوەستە بە کرملینەوە کرێگرتە کۆدەکاتەوە لە هەموو جیهانەوە بە تایبەتى لە ئۆکرانیاو سوریاو لیبیا و ئەفریقیاى ناوەندو تا ئۆگەندا.
2- بەپارەى دەوڵەتى ئیمارات هەزاران جەنگاوەرى بەکرێگیراوى سودانى لە شەڕى یەمەن و لیبیا بەشداربوون.
3- ئێران هەزاران جەنگاوەرى بەکرێگیراوى ئەفغانى نارد بۆ سوریا بۆ پشتیوانى بەشار ئەسەد.
4- وڵاتانى کەنداوى عەرەبى بە هۆى کەمى ژمارەى دانیشتوانەوەپەنا بۆ وڵاتانى عەرەبى ترو ئاسیاوى ئەفریقى دەبەن بۆ هێنانى خەڵکى و جەنگاوەر بۆ ئەوەى ڕیزەکانى سوپاکانیان و هێزە ئەمنیەکاندا کار بکەن.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif