حورمەت لەنێوان دکتۆر بەرهەم و ئەواندا..!

ليست هناك تعليقات


 حلمی رەسول رەزا
-
رەنگە دکتۆر بەرهەم ساڵح چانسى ئەوەى هەبێت بەشى زۆرى ئەوانەى پەلامارى دەدەن، نزیک و سەر بەدەسەڵات و هاندراون، ئەم پەلاماردانانەش هەر ئەوکاتانە رویان نەداوە کە ئەو رەخنەى لەدەسەڵات گرتوە، بەڵکو هێرشەکانى سەرى ئەو دەمانەش هەبوون کە ئەو خۆى لەدەسەڵاتدا پۆستى باڵاى هەبووە، هۆکارەکەش بۆ خەڵکى هۆشیار روونە، چونکە ئەو هەردەم ویستی ئەوەی هەبوە بە فۆرمێکی جیاواز و بیرێكی نوێوە حوکمڕانی بکات، ئەمەش لەگەڵ ویست و داوای دژبەرەکانی نەگونجاوە، چونکە ئەوان هەردەم ویستویانە بیکەنە شەریکە دز و شەریکە گەندەڵیی خۆیان و لە بەرامبەردا بێدەنگی بکەن، بەڵام بەرهەم ساڵح هیچ کات دەستەمۆ نەبوە بۆ داواکانی بەرامبەرەکانی.

لە گەرمەى ئەو دنیا جەنجاڵەى سیاسەت و حوکمرانى کوردیدا کە هەموو کەسێکى ئەم وڵاتە ئەتوانێت پەنجە بخاتە سەر ئێش و برینە قوڵەکانى ئەم کۆمەڵگایە، لە هەناوى ئەو هەموو بەریەککەوتن وکێشمەکێشەی لەسەر تەخوین کردنى یەکترى و پاشقولگرتنە سیاسیانەى بە بەرچاوى هەموانەوە روودەدات و دەسەڵات و لایەنە حزبیەکان بێ باکن بەرامبەرى، تەرزێک لەمیدیاى سێبەر خۆیان شەتەکداوە و خەریکى هۆنینەوەى رەخنەى ئەخلاقى و گوتاری ناڕەوان لەسەر پەرەگرافێک لە قسەکانى دکتۆر بەرهەم، وەک ئەوەى ئەم کۆمەڵگایە لەهیچى کەم نەبێت، ئەو چەند ڕستەیە نەبێت کە دکتۆر بەرهەم لەهەڵمەتى هەڵبژاردنى چەند ساڵ لەمەوبەر باسى لە سەفقەى سیاسى و حورمەتى ئینسان دەکات بۆ وەرگرتنى پۆست.

لەراستیدا ئەوەى وادەکات نەیارەکانى فو بکەن بەم باڵۆنى درۆیەدا ئەوەیە، ئەوان لە پاشخانى سیاسى دکتۆر بەرهەم نە شەڕی برا کوژی و نە خوێنرشتنی کەسیان بە دەستی دکتۆر بەرهەم و نە پەلکێشکردنی هێزی بێگانەیان دەستدەکەوێت تا باسی بکەن، ئەوان دەزانن هیچ بیانویەکیان بەدەستەوە نییە بۆ ئەوەی ناوی بە خیانەتکار و خاک فرۆش بهێنن، بۆیە بە ناچارى پەنا دەبەنە بەر ناشیرین کردنى، و دەست بۆ وشەو دەربرینەکانى دەبەن تاکو بیشوێنن و بە خەیاڵى خۆیان بە دروستکردنى ئەو چیرۆکانە دەتوانن عەیب و عارەکانى خۆیان کە لە ژمارە نایەت؛ بشارنەوە.

دکتۆر بەرهەم لەو شوێنەدا کە ئازارى پێ گەیاندون و بیریان ناچێتەوە باسى سەفقەى کردوە بۆ پۆست وەرگرتن، بەڵام نە ئەوساو نە ئێستاش نە سەفقەى کردو و نە بڕواشى پێى هەبوو، خۆ گەر ویستى بوایە دەیتوانى دواى گەڕانەوەى بۆ ناو یەکێتى بەسەفقە ببێتە سەرۆکى یەکێتى و قبوڵى نەکرد.

بۆ هێرشکردنە سەر دکتۆر بەرهەم بەردەوام ئەو قەوانە سواوە لێدەدرێتەوە کە دکتۆر بەرهەم هاوڕێکانی بەجێ هێشتوەو وەفای نەبوە بۆیان، بەڵام ئەم قسەیە تەواو پێچەوانەیە و ئێستاشى لەگەڵدا بێت هەموو ئەوانەى کە پێشتر لە پرۆژەى هاوپەیمانى دەگەڵیدا بوون بەشانازییەوە پەیوەندیان دەگەڵدا هێشتوەتەوە و بەردەوام سەردان و کۆبونەوەو پرۆژەیان پێکەوە هەیە، چونکە ئەوەى دەوترێت ئەوان بەشێک لە سەفقەى بوون بەسەرۆک کۆمارییەکەى بوون، تەنها درۆى ئەوانە بوون، کە دەیانویست ئەویش وەک خۆیان لێبکەن و لەبەرامبەر دەستکەوت و بەرژەوەندیە شەخسیەکاندا لەهیچ شتێک سڵ نەکەنەوە..

رێککەوتنى دکتۆر بەرهەم و یەکێتى لەسەر نێوەندگیری و پێشنیازی چەند سەرکردەیەکى یەکێتى بوو، پرۆسەکەش پێشتر لەناو ئەنجومەنى گشتى و بەرێوەبردنی هاوپەیمانى بەراشکاوانە گفتوگۆى لەسەر کراو جگە لەیەک دوو دەنگ نەبێت هیچ نارەزایەتیەک دەرنەبڕا، لەهەموو ئەوانەش زیاتر دکتۆر بەرهەم هاوپەیمانى رادەستى هاودیدەکانى کرد و وەک خۆى رێککەوتنەکەى لەگەڵ یەکێتى کرد نەک هاوپەیمانى.

پرۆسەی دیاریکردنی دکتۆر بەرهەم بۆ سەرۆککۆماری هەم لەنێو یەکێتی و هەم لە هۆڵی پەرلەمانیش بە هەڵبژاردن و ململانێى دیموکراسی ئەنجامدراو ئەم کارەش ئەو سیحرە بەتاڵ دەکاتەوە کە پۆستی سەرۆککۆماریی بە سەفقەی سیاسی وەرگرتبێت. 

خۆ ئەگەر باس بێتە سەر بێ حورمەتى لەدنیاى سیاسى کوردا، دەبێت ئەوکەسانە هەست بە بێ حورمەتى خۆیان بکەن، کە دەستیان لە دزینى داهاتى ئەم وڵاتەدایەو بەرۆژى ڕوناک بێ شەرمانە خاوەندارێتى لەشەرى ناوخۆ دەکەن و ئێستاشى لەگەڵدا بێت، دەستیان بەدەستى داگیرکەرانەوەیە و بەهێزى ئەوان هەڕەشە لە کورد دەکەن، شوکر هوشیارە خەڵک دەمێکە فیکەى بێ حورمەتەکان بە بژێویى و گوزەرانى خۆیان دەناسنەوە و لەوە تێگەیشتوون، ئەگەر باشبیت خراپ دژتەو ئەگەر خراپیش بیت پێچەوانەکەی.. هەر بۆیە ئەو زۆرینەیەى ئێستا دژى دکتۆر بەرهەمن خۆشبەختانە میدیاى سێبەرو لەبەرەى دەسەڵاتن، لەبارەى پرسى حورمەتیشەوە لەزمانى ئەوانەوە، ئەو مەسەلەیەمان بەبیر دەهێنێتەوە کە دەڵێت: تا خاوەن ماڵ دزى گرت دز خاوەن ماڵى گرت..




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif