ئه‌ردۆغان: ئێس-400مان تاقیكرده‌وه‌ و پرس بە ئه‌مریكا ناكه‌ین

ليست هناك تعليقات



سه‌رۆككۆماری توركیا تاقیكردنه‌وه‌ی سیسته‌می دژەمووشەکیی ئێس-400ـی پشتڕاستكرده‌وه‌ و راشیگه‌یاند، بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ئەو سیسته‌مه‌ پرس بە ئه‌مریكا ناكه‌ن.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا دوای نوێژی هه‌ینی له‌ ئیسته‌نبووڵ، وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌ڤانانی میدیاكانی وڵاته‌كه‌یدایه‌وه‌. له‌باره‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی سیسته‌می ئێس-400ـی رووسی گوتی "ئەو تاقیکردنەوانە راستن، کراوە و دەکرێن. وه‌ك چۆن چه‌كی رووسیمان هه‌یه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ چه‌كی ئه‌مریكیشمان هه‌یە و تاقیكردنه‌وه‌ بۆ ئه‌وانیش ده‌كرێت. بە دڵنیاییەوە ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا ناتوانێت ئێمە ببستێتەوە. بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ئێس-400 پرس‌ بە ئه‌مریكا ناكه‌ین".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، یۆنان ئێس-300ـی لەدەستدایە، ئه‌وان نه‌ك تاقیکردنەوەیان كردووه‌، به‌ڵكو یۆنان بەکاری دەهێنێت. دەشپرسێت، "ئایا ئەمریکا شتێکی لەو شێوەیە لەوێ دەپرسێت؟ کەواتە بوونی چەکی رووسی لێرەدا ئەو بەڕێزانە بەتایبەتی ناڕەحەت دەکات. ئێمە پێداگرین، بە هەمان شێوە بەردەوام دەبین لەسەر رێگاکەمان".

تورکیا ساڵی 2017 لەگەڵ رووسیا گرێبەستی یەکەم قۆناخی سیستمی بەرگریی S400ی بە بەهای 2.5 ملیار دۆلار واژۆکرد. پێشتر تاقیکردنەوە لەسەر راداری مووشەکەکان کراوە، بەڵام رۆژی 16ـی ئۆکتۆبەر بۆ یەکەمجار مووشەکەکان تەقێندران و تاقیکرانەوە.

کڕینی سیستمی بەرگریی رووسی لەلایەن ئەنقەرەوە کێشەی خستووەتە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-ئەمریکا. واشنتن بە پێداگرییەوە چەند جارێک هۆشداریی داوەتە ئەنقەرە بۆ ئەوەی دەست لە کڕینی سیستمە رووسییەکە هەڵبگرێت، بەڵام تورکیا ئەمەی رەتکردووەتەوە. لەم نێوەندەدا ئەمریکا هاوبەشێتیی تورکیای لە پرۆژەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی F-35 هەڵپەسارد.

ئەردۆغان قسەی لەبارەی رێککەوتنی ئاگربەستی درێژخایەنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لیبیا کرد، گوتی، ''ئەو رێککەوتنی ئاگربەستەی کراوە لە لیبیا ئاگربەستێک نییە لە بەرزترین ئاستدا کرابێت. لە ئاستی خوارووترە و کات نیشانی دەدات کە ئەوە چەندە درێژخایەن دەبێت. نازانین تا چ رادده‌یه‌ك راسته‌ سه‌ربازه‌ به‌كرێگیراوه‌كانی ڤاگنه‌ر پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن. ئێمه‌ زانیاریمان هه‌بووه‌ له‌باره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌، حه‌فته‌ری كوده‌تاچی نوێنه‌ری هه‌بووه‌، سه‌راجیش له‌ رێگه‌ی فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازیی به‌شداربووه"‌.

سەرۆککۆماری تورکیا پێی وایە، ئەو رێککەوتنە "زۆر جێی متمانە نییە". دەڵێت، وه‌ك ئاگربه‌سته‌كه‌ی ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا ده‌بێت پێش ئه‌وه‌ی ئاگربه‌سته‌كه‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه،‌ ده‌ستكرا به‌پێشێلكاریكردنی له‌لایه‌ن ئه‌رمینیاوه‌. "هیوادارم ئه‌م ئاگربه‌سته‌ به‌مشێوه‌یه‌ نەبێت و لایه‌نه‌كان پابه‌ندی ئاگربه‌سته‌كه‌ بن".

له‌باره‌ی جه‌نگی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان له‌سه‌ر هه‌رێمی ناگۆرنۆ قه‌ره‌باخ، سه‌رۆككۆماری توركیا رایگەیاند، لەو باوەڕەدام کە تورکیا لانیکەم بە هێندەی رووسیا مافی ئەوەی هەیە لەپێناو ئاشتییدا لێرەدا جێی هەبێت. "بینیمان رێكخراوی مینسك نه‌یتوانی ئاشتیی به‌رقه‌رار بكات. ئێمه‌ش هاوبه‌شین له‌ رێكخراوی ئاگیت و مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ به‌شداربین. وه‌ك چۆن گه‌لی ئه‌رمینیا داوای پاڵپشتیی رووسیای كردووه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ گه‌لی ئازه‌ربایجان داوای پاڵپشتیی توركیای كردووه‌''.







ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق