دوای ئۆتۆنۆمی و ڕیفراندۆم نەخشەڕێگایەکی تر

ليست هناك تعليقات

زینۆ كاكەیی
-
گەلی کورد هیچ کات لەنەتەوەکانی ناوچەکە نوێ تر نەبووە و نییە ، بگرە ئەگەر شارستانیەتەکانی میسۆپۆتامیا وەک ( سۆمەری ، ئەکەدی ،بابلی ، ئاشوری ) ڕەفتەنی بوون و دوای خۆیان جگە لەشوێنەوار هیچی تریان بەجێنەهێشتووە ، ئەوا کورد بەدرێژایی ئەو ماوەیە لەناوچەی قەوقاز تا دەشتی نەینەوا وجودێکی دانەبڕوی هەبووە و هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی گەلانی تری ناوچەکە هەریەکەیان مێژووێکی چەن سەد ساڵەی ئیمپراتۆریان هەیە ؟

لەکاتێکدا کە فرە ڕەگەز و فرە نەژاد بوون و خاڵی هاوبەشیان بۆیەکگرتن و دروستکردنی شارستانیەت لە کورد کەمتر بووە ، بەڕای من یەکێ لەهۆکارە هەرە دیارەکان ئەوەیە کە کورد سەرکردەیەکی خوێنڕێژی نەبووە ، لەکاتێکدا کە ئەکەدیەکان ( سەرجۆنی ئەکەدی ) ان هەبووە ، ئاشوریەکان ( ئاشور بانیپاڵ) ان هەبووە ، کەمێژوو دەڵێ ئەم دوو سەرکردە تەنها لەدەشتی نەینەوا نزیکەی دوو ملیۆن مرۆڤیان کوشتووە ، چونکە شارستانیەتی کۆن لەڕۆژهەڵات لەسەر کەلەسەری مرۆڤ بونیاتنراوە ، هەربۆیە کورد یان نەیتوانیوە یان نەیوێراوە ئەوەندە دڕندەبێ ، هەربۆیە ئەوکات مێژوو هیچی بۆ تۆمار نەکردووە . ‌

لەناوەڕاستی سەدەی بیستەم و بەدیاریکراوی دوای گەڕانەوەی بارزانی نەمر لە سۆڤیەت و دووبارە بونیاتنانەوەی عێراق لەبەرگێکی کۆماریدا ، ئومێدێک هەبوو بۆئەوەی سەرۆک وەک پاشا نەبێ و مافی کورد بدات ، بەڵام دواتر حکومەت بارزانی نەمری ناچار کرد شۆڕش بەرپا بکات بۆ سەندنی مافی کورد ، شۆڕش بەهۆی گشتگیری و جۆش و خرۆشی خەڵکی کوردستان و جوامێری و دادپەروەری خودی بارزانی نەمر حکومەتی نوێی عێراقی ناچار کرد بۆیەکەم جار لەمێژووداولەچوارچێوەی ڕێکەوتنێکی کۆنکرێتیدا کە بە ( ڕێکەوتننامەی ۱۱ ئازار ) ناسربوو لەساڵی ۱۹۷۰ دان بە ئۆتۆنۆمی کوردستاندا بنێت و بەپێی بڕگەکانی ڕێکەوتنەکەش سەرژمێری سنوری کوردستان دیاری بکات ، کوردیش بەشداری ڕاستەقینەی حکومڕانی بێت لەعێراق ، وەک ( هێنری کسنجر ) لەیاداشتەکانیدا دەڵێ

" ڕێکەوتننامەی ۱۱ ی ئازار دەسکەوتێکی باش بوو بۆ کورد لەعێراق ، هەربۆیە حکومەتی عێراق لێی پەشیمان بوو " ‌

ڕژێمی بەعس لە ۱۱ ی ئازاری ۱۹۷٤ یاسای ژمارە ۳۳ ئۆتۆنۆمی کوردستانی دەرکرد و نیوەی خاکی کوردستانی لە ناوچەی ئۆتۆنۆمی دەرهێنا ، دواتریش ڕێکەوتننامەی جەزائیر لەگەڵ ئێران شۆڕشی کوردیان بۆماوەیەک کپ کردەوە

دوای ٤۷ ساڵ تاقیکردنەوە و ئەزموونی تاڵی حکومڕانی عێراق ، دووبارە بارزانی کوڕ ویستی بەچارەسەرێکی مەنتقی و بە ڕێگەیەکی ئاشتیانەی ڕێگەپێدراو لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە ( ڕیفراندۆم ) گەلی کورد سەرپشک بکات بۆ بڕیاردان لەچارەنووسی خۆی ، ئەوەبوو لە ( ٢٥ / ٩ / ٢٠١٧) گەل بڕیاری خۆیدا و بەزۆرینەی ڕەها و لەتەواوی سنوری ڕاستەقینەی کوردستان سەربەخۆیی هەڵبژرد و ژێردەستەیی ڕەتکردەوە ، بەڵام جارێکی تر بەهێز دژی ئیرادەی کورد وەستانەوە و قبوڵیان نەکرد ، واتە بۆ دووەم جار چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کوردیان ڕەتکردەوە .

پرسیاری جددی ئەوەیە ، مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە بەهیچ جۆرێک عێراق نایەوێ کورد بەمافی خۆی بگات ، شکست پێهێنانی ئەو دوو ئەزمونەش بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن ، بۆیە پێویستە کورد چارەسەری سێیەم وەک نەخشەڕێگەیەک لەعێراق پەیڕەو بکات ، ئەویش بەڕای من بریتییە لە ڕێگەچارەیەکی غەیرە ئاشتی ، بونیاتنانەوەی هێزی نەتەوە لەڕووی مۆراڵی نەتەوە ، چونکە هەر نەتەوەیەک مۆراڵی هەبوو خیانەت ناکات ، ژێردەستەیی قبووڵ ناکات ، ئێمە ناڵێین کورد وەک نەتەوە بێ مۆراڵە نەخێر ، بەڵکو چەندین فاکتەری مێژووی وای لێکردووە کە لە قۆناغێک لەقۆنەغەکانی مێژوودا کە نەتەوە زۆر پێویستی بەمۆراڵ هەبووە ئەم بێ مۆراڵ بێت ، بۆیە بۆ سەندنی مافێک لە نەتەوەیەکی ستەمکار پێویستە ئێمەش ببینە ستەمکار ، با سەیری دەوڵەتی ئیسرائیل بکەین لەناوچەکەدا دەبینین دامەزراندن و مانەوەشی بەندە بەو هێزە ماددی و مەعنەویەی کە هەیەتی ئەگینا ئێستا شتێک نەبوو بەناوی دەوڵەتێک بۆ جولەکە ، هەرچەندە بەپێی مێژوو ئەوان لەعەرەب کۆنترن لەناوچەکەدا ، بەڵام ستەمکار کاری بەسەر کۆن و تازەوە نییە ، نەخشەی ئێستای جیهان هیچ وابەستەی مێژوو نییە ، مێژووی دۆزینەوەی ئەمریکا زۆر نوێیە ، بەڵام ئێستا سەرداری جیهانە ، بۆیە جگە لە دووبارە بونیاتنانەوەی ئێمە و سەندنی ماف لەستەمکار بە ستەم باوەڕناکەم هیچ ڕێگەیەکی تر گونجاو بێت ، بەڵام هیوادارم بۆئەم پرۆسەیە وەک ئێستا خاو نەبێت و ( ٤٧ ساڵ ) ی تر درێژە نەکێشێت .










ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif