ڕۆحی پاکی سنەوبەرەکان

ليست هناك تعليقات

 


پەیكار عوسمان
-
ئینسان دوو منە، منێکیان پێتئەڵێ (هەموو شتێك بۆ من). منێکیان پێتئەڵێ (پێکەوەژیان لەگەڵ هەموو شتێك).

منی یەکەم هێزی مەرگەو ئەگەر ناوەوەت کۆنترۆڵکات، ئیتر تۆ دەرەوەی خۆت کاول ئەکەیت. منی دووەمیان هێزی ژیانەو ئەگەر لەناو تۆدا باڵادەستبێ، ئیتر دەرەوەی خۆت جوان و ئاوەدان ئەکەیتەوە.

کێشەی ئێمە ناوەکییەو ئەوەیە کە لەسەر هەموو ئاستەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، منی یەکەم قسە ئەکات. کە منی یەکەمیش حازربوو، ئیتر منی دووەم غایبە. کە منی دووەمیش غایب بوو، ئیتر سیاسییەکان لەسەر کورسی، شەڕ هەڵئەگیرشێنن و بازرگانەکان بۆ دەستخستنی زەوی، دارستان ئەسوتێنن و برایەکیش لەسەر هەمان ئەو نامەیەی کە خۆی بۆ کچێکی ئەنێرێ، خوشکەکەی خۆی ئەکوژێ!

لەڕاستیدا ئینسان بۆئەوەی بکوژی ئەوانیتر نەبێت، ئەبێ بکوژی خۆی بێت. تۆ تا دەستت نەچێتە خۆت، ناتوانی دەس لە سەری ئەوانیتر هەڵگریت. بەدیاریکراوی، تا منی یەکەمی خۆت نەکوژیت، ناتوانی مرۆڤبیت و بە منەکەی تر، بکەویتە پەیوەندییەکی مرۆڤانەوە لەگەڵ ئەوانیتردا، دەی بە منی یەکەمیش هەر وەحشیت و هەر لە پەیوەندی جەنگەڵیدایت لەگەڵیان.

پەیوەندی مرۆڤانەش پەیوەندی پێکەوەژیانەو پەیوەندی جەنگەڵییانەش پەیوەندی زاڵێتییە. لە مرۆڤبووندا ژیان خۆی ئامانجەو درەختێکیش وەکو تۆ بەشێکە لە ژیان و پێکەوەژیانی لەگەڵ ئەکەیت، بەمەش سەوزایی درەختەکان ئەگاتە ناو ڕۆحی تۆ. بەڵام لە جەنگەڵیبووندا ژیان وەسیلەیەو قازانج ئامانجە، ئیتر تۆش بەپێ ی قازانجی خۆت ئەو ئەسوتێنی و ڕەشایی ناوەوەی تۆ ئەگاتە گیانی درەختەکان!

مرۆڤ لە منی یەکەمدا لە گەردوون ئەپچڕێ و لە منی دووەمدا ئەتوانێ خۆی گرێداتەوە. منی ڕاستەقینەی تۆ، هەر خۆت نیت، بەڵکو تۆیت لەناو پێکەوەژیاندا. پێکەوەژیان لەگەڵ مرۆڤ و ئاژەڵ و دارو بەردو هەواو ئاو، لەگەڵ شتی سروشتی و دەستکرد، لەگەڵ گیان و بێ گیان، لەگەڵ دیارو نادیار.

بەڵێ مەفهومی پێکەوەژیان گشتییەو لەگەڵ هەموو وجودە، نەك تەنیا لەگەڵ مرۆڤدا. ئەگەر دابەشتکردو کورتتکردەوە لە مرۆڤدا، یەعنی مرۆڤەکان هێشتا عەقڵی زاڵێتییان تێنەپەڕاندوەو پێکەوەژیانی خۆیان لەسەر داگیرکردنی سروشت و شتەکانی تر بیناکردوە، دەی هەر لەسەر ئەو داگیرکردنە بەرئەبنەوە یەکترو ئەکەونەوە ناو پەیوەندی زاڵێتی!

یەعنی لەڕاستیدا تۆ هەتا لەگەڵ دارو بەردو سەگ و پشیلەو خۆرو مانگ و گەردیلەو مەجەڕە.. نەکەویتە پێکەوەژیان، لەگەڵ مرۆڤیش ناکەویت و هەمووی یەك پاکێجە.

یەعنی ڕۆحی تۆ هەر لەناو خۆتدانیە، بەڵکو لەناو شتەکانی تریشدایەو سنەوبەرێك جگە لە ڕۆحی خۆی، ڕۆحی تۆشی تیایەو کاتێ کە ئەیسوتێنی ڕۆحی خۆت ئەسوتێنی و کاتێ کە ئاوی ئەدەی ڕۆحی خۆت ئاو ئەدەیت.

لەڕاستیدا ئەوەی کە سنەوبەرێك ئەمانداتێ، تەنیا جوانی و سێبەرو ئۆکسجین نیە، کە ئەمە دیوە مادییەکەیە، بەڵکو پەیوەندی ئێمەو سنەوبەر، لەوە قووڵترەو ئەوەیە کە پارچەیەکی ڕۆحی تۆی لایەو ئەتوانی خۆتی لەگەڵ گرێدەیتەوە!

پەیوەندی تۆو جادەیەك، تەنیا پیاسە نیە، کە وەرزشێکی مادی و جەستەییە، بەڵکو ئەگەر لەو ڕێگەیە، دوو دەبەش هەڵگریتەوەو بیخەیتە تەنەکە خۆڵەکەوە، ئیتر پیاسەکە لە پیاسەیەکی فیزیکییەوە ئەبێتە پیاسەیەکی ئەخلاقی و جگە لە جەستە، ڕۆحیش تەندروستیی بۆ دێت! 

لەڕاستیدا ئەو کاغەزە ڕۆحی تۆیە لەویا کەوتووەو ئەوە تۆی بڕیار ئەدەی هەڵیگریتەوە یان پێ ی پیانێیت. ئەوە تۆی بڕیار ئەدەی لەگەڵ جادەیەکا پەیوەندییەکی ڕۆحیت هەبێ یان تەنیا جەستەیی. کاتێکیش بڕیار ئەدەی پەیوەندییەکەتان ڕۆحیی بێت، ئیتر زبڵ لە شتێکی پیسەوە ئەبێتە ئەو دۆستەی کە ڕۆحی تۆو شەقامێك بەیەك ئەناسێنێ!

کاتێ نەمامێك ئەچێنیت، تۆ لە ڕۆحی خۆتدا چاندوتە نەك لە خاکدا، شتەکە ئەبێ ڕۆحی و خۆشەویستی بێت، نەك چاڵینج و چاولێکەری! 

کاتێ دەبەیەك هەڵئەگریتەوە، تۆ ڕۆحی خۆت پاكئەکەیتەوە نەك جادەیەك، بۆیە بە خۆشەویستییەوە هەڵیگرەوە نەك بە تووڕەیی و بە جنێودانەوە بەوەی کە فڕەیداوە! 

کاتێ پارەیەکیش ئەبەخشیت، تۆ بارێك لەسەر ڕۆحی خۆت لائەبەیت، نەك لەسەر شانی ئەو. یەعنی لەناخەوە ئەبێ تۆ سوپاسی ئەو بکەیت، نەك ئەوەی ئەو منەتباری خۆت بکەیت، ئەو سوپاسەش تەنیا بە شاردنەوەی شتەکە ئەکرێ!

ڕۆحی تۆ خۆشەویستییەو خۆشەویستیش لەناو شتەکانی تردایە، کاتێ شتەکانت خۆشئەوێ، تۆ ڕۆحی خۆتت دۆزیوەتەوەو پارچەکانی ڕۆحی خۆت کۆئەکەیتەوە

دواجار ئەو مافیایەی کە بۆ کەسبی سیاسی نەمام ئەچێنێ و ئەو مافیایەی کە بۆ کەسبی تیجاری نەمام ئەسوتێنێ، هەردوکیان هەمان مەعدەنن، هەردوکیان خودی نەمامەکەیان لا مەبەست نیەو تەنیا بەکاریئەهێنن بۆ ئامانجێکی تر، لەکاتێکا نەمامەکە، خۆی ژیانەو خۆی ئامانجە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif