واشنتۆن بنکەی ئەنجەرلیک وەک سزادانی تورکیا دەگوازێتەوە

ليست هناك تعليقات



رۆژنامەی تایمزی بەریتانی رایگەیاند، واشنتۆن پلانی هەیە بنکە سەربازییەکی لە تورکیاوە بۆ دورگەی کریتی یۆنانی بگوازێتەوە، ئەمەش وەک سزادانێکی رەجەب تەیب ئەردۆغان وایە لەسەر رەفتارەکانی ئەم دواییەی.

ئەمڕۆ دووشەممە، رۆژنامەی تایمزی بەریتانی رایگەیاند، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەم هەفتەیە سەردانی یۆنان دەکات بۆ پێداچوونەوەی ئەو پێشنیازانەی خراونەتەڕوو لەسەر گواستنەوەی کەل و پەلە جەنگییەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئەنجەرلیکی ئاسمانییەوە لە تورکیاوە بۆ دورگەی کریت لە یۆنان.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەمریکا هەوڵدەدات بۆ بەهێزکردنی پێگە سەربازییەکەی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەردانەکەی پۆمپیۆ بۆ یۆنان نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا چیدی ناتوانێت ئارامبگرێت بەرامبەر رەفتارە بێزارکارە دووبارە بووەکانی سەرۆکی تورکیا، کە دیارترینیان کرینی سستمی بەرگری ئاسمانی ئێس-٤٠٠ی روسیە.

لەو بارەیەشەوە، ئاسانا سیۆس درۆگۆس، شرۆڤەکاری سەربازی لە ئەسینا رایگەیاند، "تا ئێستا رون نییە کە ئایا واشنتۆن دەتوانێت، کۆی بنکە سەربازییەکەی بە چەکە ئەتۆمیەکەشییەوە بۆ یۆنان بگوازێتەوە یان نا".

دەشڵێت، "ئامادەبوونی پۆمپیۆ لە یۆنان ئەو پەیامە بەهێزدەکات کە ئەمریکا بەدوای جێگرەوەدا دەگەڕێت ئەمەش وەک چقڵێک وایە لە گەروی ئەردۆغان".

بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک، لە کاتێکدا ئەمریکا لە لوتکەی جەنگی سارددابوو لەگەڵ یەکێتی سۆڤییەتی جاران لە سەر سنوری تورکیا و سوریا دامەزرا، کە بنکەیەکی ئاسمانی ستراتیژییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دواتر وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر گروپە چەکدارەکانی داعش لە عێراق و سوریا بەکاریدەهێنا.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق