بوودجەی عێراق کورتی هێنا

ليست هناك تعليقات



حكومەتی عێراق تووشی كێشەی دابەشكردنی مووچە دەبێت و 15%ی مووچەی ئەم مانگەی مووچەخۆرەكانی كورتیهێناوە.وەزارەتی دارایی داوای رەزامەندی بەپەلەی پەرلەمان دەكات بۆ وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی بە مەبەستی پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە، بەڵام بژاردەی كەمكردنەوە یان لێبڕینی مووچە بە هیچ جۆرێك ناخرێتە بەرباس.

كورتهێنانی مووچە
سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات كە حكومەتی عێراق بڕی 800 ملیۆن دۆلار كورتهێنانی هەیە لە دابینكردنی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران و مووچەخۆرەكانیدا.
هەیسەم جبوری، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بڕی 800 ملیۆن دۆلار كورتهێنان هەیە لە مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران بەواتای رێژەی لەسەدا 15ی مووچە.
وتیشی وەزارەتی دارایی دڵنیایی ئەوەیانداوە كە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو كورتهێنانە پڕ دەكەنەوە و دەستدەكەن بە دابەشكردنی مووچە.

وەزارەتی دارایی تكا دەكات

لە نوسراوێكدا كە رۆژی دووشەممە 28/9/2020 ئاراستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە، تكا دەكات پەلەبكرێت لە رەوانەكردنی پرۆژەی قەرزكردن لەلایەن حكومەتەوە بۆ پەرلەمان و رەزامەندی پەرلەمانتاران بە مەبەستی وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەی مانگەكانی 9 + 10 + 11 + 12ی ساڵی 2020.
هەر لەو نوسراوەیدا بۆ ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی باسی لەوە كردووە كە لە رۆژی 22/9/2020ەوە پرۆژەی قەرزی رەوانەی ئەنجومەنەكە كردووە و پرۆژەكە لە دوو بڕگەی سەرەكی پێكهاتووە، بڕگەیەكیان پەیوەستە بە قەرزی ناوخۆیی و بڕگەیەكیشیان پەیوەستە بە قەرزی دەرەكی، بەڵام وەك حاڵەتی كتوپڕ و بەپەلە حكومەتی عێراق بەنیازە پشت بە قەرزی ناوخۆیی ببەستێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەی ئەم مانگە و دواتر هەوڵی گرەنتیكردنی مووچەی مانگەكانی دیكەی ئەمساڵ بدات.

مووچە كەمناكرێتەوە

كەناڵی ئەلعێراقییەی زمانحاڵی حكومەتی عێراق بڵاویكردەوە كە لەم رۆژانەدا حكومەت دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران و خانەنشینان دەكات.
بەپێی بڵاوكراوەكەی میدیای فەرمی عێراق، بەشی مووچە خانەنشینان پارە ئامادەیە و بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانیش حكومەت لە هەوڵدایە كورتهێنان پڕبكاتەوە و لە چەند رۆژێك زیاتر مووچە دواناكەوێت.
ئەلعێراقییە بۆ بڵاوكردنەوە و پشتڕاستكردنەوەی هەوڵەكەی پشتی بە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەستووە و لە راگەیەندراوەكەشدا جەخت كراوەتەوە كە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و مووچەخۆران بەبێ‌ لێبڕین و كەمكردنەوە و بەشێوەی تەواوەتی دابەش دەكرێت.

هەرێمی كوردستانیش چاوەڕوانە
هاوكات لەگەڵ دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە لە عێراق، بەشە مووچەی مانگانەی هەرێمی كوردستانیش دواكەوتووە، چونكە بەپێی لێكتێگەیشتنێك كە لەنێوان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی عێراقدا هەیە، مانگانە عێراق بڕی 320 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات و حكومەتی هەرێمیش بە داهاتی نەوت و ناوخۆ و سنوورەكانەوە مووچە فەرمانبەر و مووچەخۆرانی خۆی پێ دابین دەكات بە رێژەیەك لێبڕینەوە كە تا ئێستا دووجار مووچە بە لێبڕینی لەسەدا 21 دابەشكراوە و چاوەڕوان دەكرێت بۆ ئەم مانگەش رێژەی لەسەدا 18 لە مووچەخۆران ببڕدرێت.
هەنوكە 40 رۆژ زیاتر بەسەر دابەشكردنی مووچەی مانگی ئازاری ساڵی 2020 تێپەڕیوە لە هەرێمی كوردستان و بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسانیش هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی رەوانەكردنی 320 ملیار دینارەكەی بەغداد دەكات،بەڵام تا هەنوكە پارەكە رەوانە نەكراوە، چونكە بەپێی لێكتێگەیشتنەكە بەغداد مانگانە لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرەكانی خۆیدا بەشی هەرێمی كوردستانیش رەوانە دەكات و ئێستاش كە مووچەی خۆی بۆ دابین نەنكراوە، هیچ بڕە پارەیەكی رەوانەی هەرێمی كوردستان نەكردووە.

بەشەخۆراكی مانگانەش لەبەردەم بڕیندایە

هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و كورتهێنانی مووچەی فەرمانبەراندا، حكومەتی عێراق توانای دابینكردنی تێچووی كڕینی خۆراك و دابەشكردنی لە چوارچێوەی پرۆگرامی بەشەخۆراكی مانگانەدا.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی كوردستان بە میدیاكانی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە، ئێستا عێراق گرفتی گەورەی هەیە لە دابەشكردنی بەشە خۆراك، لە لایەك دۆخی دارایی كە باش نییە و ئەمساڵیش بودجە نەبووە، لە لایەكی تریشەوە گرفت لە گرێبەستی وەزارەتی بازرگانی عێراق لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی كە بەشە خۆراك هاوردە دەكەن بۆ عێراق دروست بووە.
هەروەك باسی‌ لەوە كرد، ئەو سێ بەشە خۆراكە، برنج و رۆن و شەكر كە دابەش دەكرێت، زۆرجار كە دەینرێن بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان كەموكورتی زۆری هەیە و بەشی ئەوە ناكات بەسەر هەموو هاووڵاتییان دابەش بكرێت، كاتێك كۆمپانیاكان ئامادە نەبن بەشە خۆراك هاوردە بكەن لە دەرەوە، گرفت دروست دەبێت.
بە وتەی بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی كوردستان بێت، دابینكردنی بەشەخۆراكی مانگانەش لە هەرێمی كوردستان بە تایبەت و عێراق بە گشتی تووشی گرفت بووە. ڕاپۆرتی پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif