سەرنووسەری رۆژنامەی كەیهانی ئێرانی داوای لێبوردن لە سیستانی دەكات

ليست هناك تعليقات


سەرنووسەری رۆرژنامەی كەیهانی ئێرانی داوای لێبوردنی لە مەرجەعی باڵای ئایینیی شیعەی عێراق كرد كە لە گوتارێكیدا لەبارەی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە رەخنەی لێی گرتبوو.

حوسێن شەریعەتمەداری، سەرنووسەری رۆژنامەی كەیهان، بە ئاژانسی میهری ئێرانی راگەیاند، "ئەو گوتارەی شەممەی رابردوو بڵاومكردەوە نیگەرانیم بوو لە بەشێك لە راگەیەندراوەكەی نووسینگەی ئایتوڵڵا عەلی سیستانی لەبارەی سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقەوە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە."

شەریعەتمەداری ئاماژە بەوە دەدات، "لە گوتارەكەمدا پشتم بە دەقە فارسییەكەی نووسینگەی سیستانی بەستبوو لەبارەی دیدارەكەی لەگەڵ جینین پلاسخارت. بە تێگەییشتنی من سیستانی داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە راستەوخۆ سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق بكات. خۆشبەختانە دوای بڵاوبوونەوەی گوتارەكەی من نووسینگەی سیستانی روونكردنەوەی لەو بارەوە دا و دەركەوت شیكردنەوەكەی من دوورە لە واقیعەوە."

سەرنووسەری رۆژنامەی كەیهان دەڵێت، سیستانی داوای لە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كردووە لە سەرجەم قۆناخەكانی هەڵبژاردندا رەچاوی هەڵبژاردنەكان بكرێت و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان چاودێریی هەڵبژاردنەكان بكرێت.

شەریعەتمەداری ئاماژەی بەوەش كردووە، راگەیێندراوەكەی نووسینگەی سیستانی باس لەوە ناكات نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەكان بكات، بەڵكو بە گوێرەی رێكارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بە هاوئاهەنگیی چاودێریكردن دەكات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە لەلایەن عێراقییەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێت."

حوسێن شەریعەتمەداری رایدەگەیێنێت، "شیكردنەوەكەی من لەگەڵ لێدوانەكانی سیستانی كۆك نەبوو، بۆیە داوای لێبوردنی لێدەكەم و خوازیارم داوای لێبوردنم قبوڵ بكات."

حوسێن شەریعەتمەداری، سەرنووسەری رۆژنامەی کەیهان لە وتاری دەستپێکی چاپی رۆژی یەكشەممە 2020/09/27 لە رۆژنامەکەدا نووسیبووی: "داوای سیستانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکات لە ئاست و پێگەی ئەودا نییە و ئەوە مایەپووچبوونی سیاسییە بۆ عێراق."

هەروەها لە وتارەکەدا گوتبووی: "پێموایە هەڵەیەک لە راپۆرتی دیمانەی سیستانی لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە و نووسینگەکەی لەوەدا ورد نەبووە، بۆیە داوا لە نووسینگەی سیستانی دەکەم ئەو راپۆرتە راستبکاتەوە."

بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 6ـی حوزەیرانی ساڵی 2021ـدا بەڕێوەبچێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif