ئایا پەیامى کازمى هەولێر هێور دەکاتەوە!

ليست هناك تعليقات


حلمى رەسول رەزا
-
لە مێژووى هاوچەرخى دواى رووخانى بەعسەوە، هەولێر بەردەوام هاوکار و پشتیوان بوە لە پێکهاتنى کابینە جیاوازەکانى حکومەتى عێراقدا و و رۆڵى هەبووە لەدیاریکردنى حکومەت، ئەوەندەشى پێى کرابێ و بۆى لوا بێت بەرژەوەندى حوکمرانى لەم سەودایەدا بۆ خۆى پچڕیوە، بەڵام هەرکات بەرنامەى حکومەتى عێراق لەگەڵ مەزاجى پارتیدا نەگونجا بێت یەکسەر گومان دروست کردن و پاشان هێرش لە میدیاى رەسمى و سێبەر بۆسەر کەسایەتى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران دروست کراوە و ئەمەش وەک شەرى داکۆکى پرسى کورد وێنا کراوە.

بێ گومان کێشەکانى نێوان هەولێرو بەغدا هەر لەسەرەتاى دروست بوونى عێراقى دواى سەدامەوە بوونیان هەبوە، ئەوەى زیاتر کێشەکانى قوڵکردەوەو لە مەسەلەى تایبەتمەندێتى کوردەوە گواستراوەتەوە بۆ کێشەى پارەو بازرگانى و نەوت و پرسە سەرەکییەکە کە مادەیەکى دەستوریشى هەبووە پشتگوێ خراوە..

بەکورتى، سەبارەت بەم سەرۆک وەزیرانەى ئێستاش کە مستەفا کازمیە؛ هەولێر بە گومانەوە دەیڕوانیە هەنگاوەکانى (هەرچەندە زۆر بەزوویى پیرۆزبایى وەرگرتنى ئەو پۆستەى لێکرد)، بەڵام بەزوویش ئەوەیان لا دروست بوو کە دژى هەرێمى کوردستان هەنگاو هەڵدەنێت، دیارە دەسەڵاتدارانى هەرێم دەیانویست بەهەمان شێوەو رەفتارى جاران مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەن. بەداخەوە بێ خەبەر بوون یان تێنەگەیتشبوون کە قۆناغى پێش خۆپیشاندانەکانى عێراق و دواى ئەو رووداوە زۆر لەیەکترى جیاوازن، هەرلەبەرئەوەشە کە دەبێت سەرۆک وەزیرانى نوێ بە میکانیزمى نوێ مامەڵە لەگەڵ هەرێم و تەواوى پرسە گرنگەکانى ترى عێراق بکات، دەسەڵاتدارانى هەولێر بەشێک لەگومانەکانیان پەیوەست بوو بەوەى پەیوەندى نزیکایەتى سەرۆک کۆمارو کازمى بەهێزە، لەوەش دەترسان و دیسانەوە ئەو نزیکایەتیە بەقازانجى حزبى بۆ یەکێتى بشکێتەوە، ئەوان لەوە نەگەیشتبوون نزیکایەتى ئەو دوو کەسایەتیە سەمامى ئەمان و زەمانەتى رێککەوتنى درێژ خایەنە و کۆتایهاتنى پینەو پەرۆکردنى کیشەکان دەبێت، خۆ گەر هەرێم ژیرانە مامەڵە بکات، ئێستا باشترین کاتە لەسەر دەستى سەرۆک کۆمار، رێککەوتنێکى کۆنکرێتى لەگەڵ بەغداد ئەنجام بدرێت، وەک ئەوەى کورد ئەڵێت گرێى دەستیان نەخەنە ددانیان.

پێدەچێ سەردانەکەى مستەفا کازمى، مایەى هێورکردنەوە بێت بۆ هەولێر، بەیاننامەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەروەها لێدوانى بەرپرسانى پارتى کە دەسەڵاتدارى یەکەمینى حکومەتى هەرێمى کوردستانن، پێیان وایە سەرۆک وەزیران جدیەت بە هەنگاوەکانیەوە دیارەو دەیەوێ لەگەڵ هەرێم رێکبکەوێت، لایان وایە ئەم سەرۆکە جیاوازترە لە سەرۆک وەزیرانەکانى پێشوو ترى خۆى. ئەمێنێتەوە سەر هەنگاوەکانى دەسەڵاتدارانى هەولێر؛ ئایا دەیانەوێ شەفاف بن و رێکبکەون و خەڵک لەم سەر ئێشەو سەغڵەتیەى ئێستا دەربازبکەن، یان مەبەستیانە مانۆڕ لێبدەن و یەک دوو هەفتەى تر دەست بکەنەوە بە فرۆشتنەوەى کوردایەتى و تەخوین کردنى ئەوانەى دەیانەوێ مووچە لە بەغداوە بێت و بەدەستێکى ئەمین دابەشى بکات. پرسیار ئەوەیە، ئاخۆ دەسەڵاتدانى هەرێم دەیانەوێت، بازارەکە هەروا شێواو بێت، تاکارى حزبى و شەخسى خۆیان مەیسەر بێت، یان دەیانەوێت ژیان و گوزەرانى خەڵک ئارام بکرێتەوە و ئەو راستیە بسەلمێنن، کە لەرێگەى پێدانى ئیمتیازو رێککەوتنى ژورى تاریکەوە ناتوانن رێککەوتن لەگەڵ بەغداد مسۆگەر بکەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif