پشتی پەردەی سەردانەكەی كازمی بۆ هەرێمی كوردستان

ليست هناك تعليقات


پەیسەر زانیاری پشتی پەردەی سەردانەكەی كازمی بۆ هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و جگە لە رێككەوتنی هەولێر و بەغداد چەند دۆسێیەكی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان تاوتوێدەكات بەتایبەت دۆسێكانی هەڵبژاردن و پێشمەرگە و ئەو چەكانەی لە شەڕی داعشدا لەلایەن هاوپەیمانانەوە دراون بە هێزی پێشمەرگە.

دواین پێشهات
دوای ژمارەیەك كۆبوونەوەی تولانی و ئاڵوگۆڕكردنی زیاتر لە 12 لێكتێگەیشتن و تێبینی لەلایەن وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی، تا هەنوكە نەتوانراوە رێككەوتننامەی كۆتایی لەنێوان هەولێر و بەغداد واژۆبكرێت، بۆ ئەوەش كازمی خۆی دێتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ بڕیاربەدەستانی هەرێمەكە كۆدەبێتەوە تا كۆتایی بە بەشێك لە دۆسێ‌ هەڵپەسێردراوەكان بهێنێت.
لەلایەكی دیكەوە سەردانەكەی كازمی هاوتەریبە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دەستنیشانكراوی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەمەش كازمی دەیەوێت كورد رازی بكات بە بەشداری پرۆسەكە لەكاتێكدا ئێستا بەرەیەكی فراوانی شیعە دژی كازمی جوڵە دەكەن و كازمی چاوی لەوەیە بە كورد و بەشێك لە سوننەكان باڵانسەكە بەلای خۆیدا بشكێنێتەوە.

پێشمەرگە و پەیكەرەی بەرگری عێراق
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس یەكێك لە دۆسێیەكانی بنهەنگڵی كازمی كە دەیەوێت لە هەرێمی كوردستان تاوتوێی بكات، دۆسێی پێشمەرگە و رێككەوتنە لەبارەی چۆنێتی رێكخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی سیستمی بەرگری عێراقدا.
بۆ ئەمەش هەم ئەمریكا و هەمیش ئەوروپا فۆكەسی سەرەكییان لەسەر پێشمەرگەیە كە هەم بەشێك بێت لە پەیكەرەی بە رگری عێراق و هەمیش لە ناوخۆدا لە چنگی حیزب دەربهێنرێن و بە ئاراستەی دامەزراوەیی بردن ببرێت، بەتایبەت دوای سەردانەكەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بۆ عێراق جارێكی دیكە دۆسێی پێشمەرگە لەناوەندە سیاسییەكانی عێراقدا هاتووەتەوە بەرباس و كازمی دەیەوێت لەم سەردانەدا قسەی كۆنكرێتی لەبارەی پێشمەرگەوە لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و حكومی هەرێمی كوردستان بكات.

چەكەكانی هاوپەیمانان
هەر بەپێی زانیارییەكان یەكێكی دیكە لە گفتوگۆكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە هەرێمی كوردستان، دۆسێی ئەو چەكانە دەبێت كە لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سەروبەندی شەڕی روبەروو بوونەوەی تیرۆر دراون بە هێزەكانی پێشمەرگە، بۆ ئەمە كازمی راشكاوانە داوا لە بەرپرسانی هەرێم دەكات كە زانیاری و لیستی ئەو چەكانەی رادەستبكرێت و پێشتریش بەرپرسانی ئەمنی عێراق ئەوەیان نەشاردووەتەوە كە چەند جارێك داوای لیستی چەكەكانی هاوپەیمانیانیان لە هەرێم كردووە بەڵام زانیارییان دەستنەكەوتووە.

دۆسێی هەڵبژاردن
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس یەكێكی دیكە لە ئامانجە هەرە سەرەكییەكانی سەردانی مستەفا كازمی بۆ هەرێمی كوردستان دۆسێی هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراقە كە بڕیارە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەش چەند ئامانجێكی هەیە.

یەكەم: رازیكردنی كورد بە دروستنەكردنی لەمپەڕ بۆ هەڵبژاردنەكە
دووەم: رێككەوتن لەگەڵ كورد و گفتوگۆ لەبارەی داواكانی كورد لەبارەی شێوازی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن.


ئەوەش لەكاتێكدایە كە هەنوكە لە عێراق پرۆسەی هەڵبژاردن نەیاری لە یار زیاترە و بەرەیەكی فراوانی شیعە دژی كازمی یەكیان گرتووە كە شكت بە پرۆسەكە بهێنن، هەربۆیە مستەفا كازمی دەیەوێت لە رێگەی كورد و بەشێك لە سوننەكانەوە باڵانسەكە بگۆڕێت و پرۆسەكە ئەنجام بدات كە بە یەكێك لە تەحەددا گەورەكانی بەردەمی دادەنرێت.

خاڵە سنورییەكان
هەر بەپێی زانیارییەكان مستەفا كازمی بێ‌ هیوا بووە لەوەی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی ئیدارەدانی هاوبەشی خاڵە سنورییەكان ئەنجام بدات بەهۆی رەهەندی گەورەی سیاسی ئەو دۆسێیە، هەربۆیە دەیەوێت لەم سەردانەیدا رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات و ئەو رێككەوتنە سیاسییە ببێتە نەواتی رێككەوتنی هەولێر و بەغداد لەبارەی خاڵە سنورییەكان و لەو سۆنگەیەشەوە دەیەوێت كە بە هەمووان بڵێت یەكێك لە هەستیارترین دۆسێیەكانی لەگەڵ كورد چارەكردووە كە دۆسێی خاڵە سنورییەكان بووە، بە نەیار و ركابەرەكانیشی بڵێت ئەوەی كە ئەوان بە درێژایی پتر لە 15 ساڵی رابردوو نەیانتوانی هیچ هەنگاوێكی بۆ بنێن لەبارەی دۆسێی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان ئەو توانیویەتی بە سەركەوتوویی باز لەسەر شانی خۆی بنیشێنێتەوە.
ڕاپۆرتی پەیسەر پرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق