ئەمریكا سەرچاوەی دارایی حیزبوڵڵا وشک دەکات

ليست هناك تعليقات

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی سێشەممەی رابردوو، سزای بەسەر دوو وەزیری پێشووی لوبناندا سەپاند. ئەو دوو وەزیرە هەریەکە لە عەلی حەسەن خەلیل، وەزیری دارایی پێشووی وڵاتەکە و یوسف فنیانۆس، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی لوبنان بوون.

سزاکانی ئەمریکا لە ناوەندە سیاسییەکانی دونیادا، بە هەوڵێکی دیکەی واشنتن دادەنرێن بۆ بەرتەسککردنەوەی باڵادەستیی حیزبوڵڵا بەسەر دامەزراوە دەوڵەتییەکانی لوبناندا.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە بڵاوکراوەیەکدا هۆکارەکانی سزاکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "هەردوو وەزیرەکە، هاوکاریی حیزبوڵڵایان کردووە و لە دۆسێیەکانی گەندەڵییەوە گلاون". چونکە فنیانۆس "لە رێگەی پۆستەکەیەوە وەک وەزیری ئاوەدانکردنەوە، سووربووە لەسەر رێکخستنی گرێبەستی کارکردن لەنێوان حکومەتی لوبنان و کۆمپانیاکانی سەر بە حیزبوڵڵادا، هەروەها چەندین گرێبەستی حکومیی بەبەهای ملیۆنان دۆلار بۆ حیزبەکە رەخساندووە و بەڵگەنامە فەرمییە هەستیارەکانی حکومەتی لەبارەی دادگای تیرۆرکردنی رەفیق حەریری، سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنان، خستووەتە بەردەم ئەو حیزبە".

هەرچی وەزیری دارایی لوبنانە، بڵاوکراوە ئەمریکییەکە دەڵێ: "خەلیل ئاسانکاری بۆ حیزبوڵڵا کردووە لەپێناو قازانجکردندا، کاریکردووە بۆ حەواڵەکردنی پارەکانی حیزبەکە تاوەکو خۆی لە سزاکان بپارێزێت. هەروەها رۆڵی هەبووە لە لیخۆشبوونی حیزبوڵڵا، لە پارەی داهاتە ئەلیکترۆنییەکان و ساڵی 2019 ئەو بڕیارانەی واژوو نەکردووە کە داوای لە حیزبەکە دەکرد، قەرزەکانی سەری بداتەوە".

ئەمریکا، حیزبوڵڵای لە لیستی تیرۆری خۆیدا داناوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ یاسایەک بۆ سزادانی کەسایەتییە سیاسییەکان دەرناکات تاوەکو تێوەگلانی راستەوخۆی بە حیزبوڵڵاوە بەشێوەیەکی روون دەرنەخات. هەر سزایەکی وڵاتەکە لەسەر ئەو سزادراوانە، فەرمانە لەسەر وەزارەتەکانی بەرگری، دەرەوە، داد و خەزێنە بۆ جێبەجێکردن. ئەو سزا نوێیەی سەر دوو وەزیرە لوبنانییەکە، پشت بە یاساکانی قەڵاچۆکردنی تیرۆر دەبەستێت کە ناوی 'پاتریۆت ئاکت'ە، دوای رووداوەکانی 11ی سێپتێمبەری 2001 دەرچووە.

سێبەرەکەی نەبی بڕی

لە لوبناندا پێشبینی دەرچوونی سزاکانی ئەمریکا بەسەر هەندێک کەسایەتییدا دەکرا، بەڵام بوونی ناوی فنیانۆس و حەسەن خەلیل، وەک دوو ئامانجی سزاکان، بەدوور دەزانرا.

سەرەتاکانی کاری سیاسی عەلی حەسەن خەلیل لە ریزەکانی بزووتنەوەی ئەمەلدابوو کە نەبی بڕی، سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی دەکات. ئەو زوو متمانەی بڕی بەدەستهێنا و بووە پیاوی یەکەمی لە هەموو دۆسێ ئاڵۆزەکاندا، بووە ئەو سێبەرەی کە لێی جیانەدەبووەوە.

هەرچی خەلیلە کە وەزیری تەندروستی بووە لە حکومەتی نەجیب میقاتی لە ساڵی 2011دا لە پاش خستنی حکومەتی سەعد حەریری. لە ساڵی 2014ەوە بووە وەزیری دارایی و لە پۆستەکەیدا مایەوە، تاوەکو دەستلەکارکێشانەوەی دوا حکومەتی وڵات لە ئەنجامی راپەڕینی 17ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ.

خەلیل باکگراوندێکی یاسایی هەیە و دەرچووی کۆلێژی مافەکانە و چەند ساڵێک پارێزەر بووە.

لە ساڵی 2014ەوە، وەزارەتی دارایی دراوەتە شیعەکانی لوبنان، بۆیە نەبی بڕی، ئەرکەکەی بە یاریدەدەرە دڵسۆزەکەی بەخشی کە حەسەن خەلیلە. حەسەن بەتەنیا جێگەی متمانەی سەرۆکەکەی نییە، بەڵکو متمانەی حیزبوڵڵاشی بەدەستهێناوە و بووەتە متمانەپێکراوترینی ناو دارودەستەکەی سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان.

نزیکەکانی بڕی ئەو زانیارییانە لەبارەی متمانەداریی حەسەن لای بڕی دووپاتدەکەنەوە، هەردوو کەسایەتییە شیعییەکە سووربوون لەسەر هێشتنەوەی پۆستی وەزارەتی دارایی لەدەستی حەسەندا، ئێستاش پاش دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی پێشوو و پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە وڵاتدا، حەسەن بە وەزیری سێبەر دادەنرێت.

کەسە ئاگادارەکانی ناو وەزارەت، بەپێی ماڵپەری 'ئەلحورە'یان گوتووە، حەسەن لە سەردەمی وەزیرایەتی غازی وزنە لە وەزارەتی دارایی لە حکومەتی حەسان دیابدا، خاوەنی دوا بڕیار و قسەی یەکلاکەرەوەی ناو وەزارەتەکە بووە.

لە هەموو ئەمانە گرنگتر ئەوەیە کە حەسەن، رۆڵێکی کاریگەری لە ئەفریقیادا هەیە، بەتایبەت لە بابەتی پەیوەندی بە بزنسمانەکانەوە کە بەسەر چەندین وڵاتدا دابەشبوون و تۆڕێکی گەورەی بەرژەوەندییەکانی بزووتنەوەی ئەمەل بەڕێوەدەبەن، کە ئەرکی پارەدارکردنی بزووتنەوەکەیە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە کە هۆکارەکانی سزادانی حەسەن خەلیل و دانانی لە لیستی تیرۆردا، لەبەرئەوەیە کە "لە هەردوو پۆستی پێشوویدا وەک وەزیری دارایی و وەزیری تەندروستی، ئەو یەکێک بوو لەو بەرپرسانەی حیزبوڵڵا سوودی دارایی زۆری لێکردن، ئەو لەلایەن حیزبوڵڵاوە پشتگیریدەکرا، لە کاتێکدا ئەو حیزبە لەوە دەترسا هاوپەیمانییە سیاسییەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی ئەمەلدا لاواز ببێت".

وەزارەتە ئەمریکییەکە زیاتر دەڵێ: "ئەو جیا لەوەش، پارەی لە دامەزراوە لوبنانییەکانەوە بۆ حیزبوڵڵا دەگواستەوە، لەپێناو پاراستنی ئەو دامەزراوانە لە سزاکانی ئەمریکا. پۆستەکەشی وەک وەزیری دارایی بەکاردەهێنا بۆ سووککردنی کاریگەرییەکانی سزاکانی ئەمریکا، لەسەر حیزبەکە و دەسەڵاتی خۆی بەکاردەهێنا بۆ لێخۆشبوونی ئەندامانی حیزبوڵڵا، لە دانی هەر باجێک کە دەکەوتە سەر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیان. هەروەها بەشێکی ئەو پارەیەی دەدرا تایبەتکرابوو بۆ پارەدارکردنی حیزبوڵڵا".

دەستەدرێژەکەی فرەنجیە

هەرچی فنیانۆسە، کە باکگراوندێکی یاسایی هەیە، لە کەسە هەرە نزیکەکانی وەزیری پێشوو و سەرۆکی رەوتی مەرەدە، سلێمان فرەنجییە. فرەنجیە هاوپەیمانی حیزبوڵڵایە و پەیوەندی پتەوی لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریادا هەیە.

فنیانۆس لە رەوتەکەی فرەنجیەدا پلە بە پلە سەرکەوت، تا گەیشتە بازنە تەسکەکەی چواردەوری سەرۆکی رەوتەکە و بووە متمانەپێکراوترین کەسی فرەنجییە. ئەو متمانەپێکراوترینی ناو ئەو کەسانە بوو کە ئەو دۆسێ تایبەت و هەستیارانەی رادەستدەکرا، کە فرەنجییە پێیوابوو ستراتیژین بۆ خۆی و رەوتەکەی.

فنیانۆس بەرپرس بوو لە پەیوەندییەکانی رەوتەکە لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزەکانی 8ی ئادار (حیزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانی)، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە ئاسایشی و دادوەرییەکانی لوبناندا هەبوو. ئەوانەی لە نزیکەوە دەیناسن دەڵێن، زۆر نزیکبووە لە جان قەهوەچی، فەرماندەی پێشووی سوپای لوبنان، لەگەڵ ئەوەشدا دۆسێی پەیوەندییەکانی نیوان فرەنجیە و حیزبوڵڵا و رەوتەکەی ئیدارەداوە لە چەند ساڵی رابردوودا و تائێستاش.

بەرپرسەکانی حیزبوڵڵا متمانەی زۆریان پێیەتی و وەک هاوڕێ و هاوپەیمانێک لێیدەڕوانن. ئەو سندووقی رەشی نهێنییەکانی فرەنجییە، پەیامبەری پەیامەکانی فرەنجییە بۆ گەڕەکی حریک، واتە شوێنی نیشتەجێبوونی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا.

لەوەش زیاتر، فنیانۆس لەو کاتەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە بووە لە 2016 تاوەکو 2019، خزمەتی زۆری حیزبوڵڵای کردووە لە پرۆژە داراییەکاندا، کە رۆڵیان هەبووە لە پارەدارکردنی حیزبەکەدا، کارێک کە ئەمریکا بە 'فێڵکردن' لە سزا سەپێنراوەکانی سەر حیزبوڵڵای دادەنێت.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا دەڵێ "حیزبوڵڵا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ وەزیرەکانی حکومەت، لە نێویاندا فنیانۆس بەکارهێناوە بۆ راکێشانی پارە لە بودجەی گشتیی حکومەت، هەروەها دەستەبەرکردنی بردنەوەی پرۆسەکانی کەمکردنەوەی تایبەت بەجێبەجێکردنی پرۆژەکان، لەلایەن کۆمپانیاکانی سەر بە حیزبوڵڵاوە، کە بەهایان ملیۆنان دۆلار بووە. حیزبوڵڵا سەدان هەزار دۆلاری داوەتە فنیانۆس لە بەرامبەر خزمەتەکانیدا. ئەو هەروەها هاوکاری حیزبوڵڵا بووە، بۆ دەستگەیشتن بە بەڵگەنامە داوەرییە هەستیارەکانی تایبەت بە دادگای لوبنان. ئەو میانگیری نێوان حیزبەکە و هاوپەیمانەکانی بووە لە لوبناندا".

سزاکان چیدەگەیەنن؟

ئەوە یەکەمجارە ئەندامانی بازنە تەسکەکەی چواردەوری بڕی و فرەنجییە، سزا دەدرێن. لە ماوەی رابردوودا ئەو دەنگۆیانە زیادبوون، کە باس لە سەپاندنی سزای ئیدارەی ئەمریکا دەکرا بەسەر بەرپرسە لوبنانییە هاوکارەکانی حیزبوڵڵا.

رۆژنامەی 'وۆل ستریت جۆرناڵ'ی ئەمریکی، بەر لە نزیکەی مانگێک لەزاری سەرچاوە سیاسییە فەرمییەکانەوە ئاشکرایکرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی بۆ سەپاندنی سزای 'قەڵاچۆکردنی گەندەڵی' بەسەر کەسایەتییە سیاسییەکان و بزنسمانانی لوبنانیدا ئامادە دەکات، ئەمەش لەمیانی هەوڵی ئەو حکومەتەدا بۆ 'لاوازکردنی هەژموونی ئەمریکا لە لوبناندا'.

رۆژنامەکە ئەوکات سزاکانی بەستبووەوە بە تەقینەوەکانی بەندەرەکەی بەیرووت لە 4ی ئابدا. چونکە وەک رۆژنامەکە نووسیبووی، تەقینەوەکە بووەتە هۆکاری 'خێراتریکردنی جوڵەکانی واشنتن لەپێناو دانانی ناوی ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی و سەربازی هاوپەیمانی حیزبوڵڵا لە نێو لیستی رەشدا'، ئەو لە زاری بەرپرسانی گواستەوە 'ئەمریکا پێیوایە کە ئێستا هەلەکە لەبارە بۆ دابڕینی حیزبوڵڵا لە هاوپەیمانەکانی'.

تۆنی بەدران، توێژەری پەیمانگای بەرگری لە دیموکراتیەت، لەبارەی سزاکانەوە قسەی بۆ 'ئەلحورە' کردووە و دەڵێ: "باسکردن لە سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسەکاندا، نوێ نییە و دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر، ئەمڕۆ لە چوارچێوەیەکی رووندا دێت، کە بریتییە لە خنکاندنی هەموو ئەوەی لە چواردەوری حیزبوڵڵایە، ئەمەش تەنیا ئەوانە ناگرێتەوە کە لەگەڵ حیزبەکەدان، بەڵکو هاوپەیمانە راستەوخۆکانی دەگرێتەوە".

ئەوەی جێگەی سەرنجە بەلای بەدرانەوە "سزادانی کەسی یەکەمی پاڵ بڕییە، کە مانای جیاوازینەکردنە لە نێوان تۆڕی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل لە ئەفریقیا، لەبەرئەوەی ئەو دوو تۆڕە یەکتربڕن لە سپیکردنەوەی پارە، بەقازانجی هەردوو لایەنەکە و ئەوە یەکەمجارە ئەو پەیوەندییە راستەوخۆیە، لە نێوان ئەو دوو تۆڕەدا ئاشکرا دەکرێت".

تەماشاکردنی باڵەکانی حیزبوڵڵا وەک یەکەیەکی یەکگرتوو

هێشتا روانینێکی هاوبەش بۆ حیزبوڵڵا، لە نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیدا نییە، لە کاتێکدا ئەوروپییەکان پێیانوایە باڵی سەربازیی ئەو حیزبە، لە باڵی سیاسی جیاوازە و پێویستی بە مامەڵەی جیاواز هەیە لە نێوان ئەو دوو باڵەدا، ئەمریکا سوورە لەسەر تەماشاکردنی باڵەکانی حیزبوڵڵا بەیەک چاو و جیاوازینەکردن لە نێوان باڵی سەربازی و سیاسی حیزبەکەدا.

حوسێن عەبدولحوسێن، رۆژنامەڤان و شرۆڤەکاری سیاسی، سزاکان دەخاتە ناو چوارچێوەی دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە "حیزبوڵڵا لای ئەمریکییەکان رێکخراوێکی تیرۆریستییە. ئەمریکا جیاکاری ناکات لە نێوان باڵی سەربازی و باڵی سیاسی حیزبەکەدا، لە کاتێکدا ئەوروپییەکان لە باسی حیزبوڵڵادا، جیاکاری لە نێوان ئەو دوو باڵەدا دەکەن".

لە سەردانی ماوەی رابردووی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسادا بۆ بەیرووت، دەستپێشخەرییەکەی ئەو لای هەندێک بەچاوپۆشی لە حیزبوڵڵا دانرا، بەڵام عەبدولحوسێن پێیوایە "سزاکان پەیامێکی روونە کە جیاکاری نییە لە نێوان هەردوو باڵەکەی حیزبەکەدا و مامەڵەکردن لەگەڵ حیزبوڵڵادا، هاوکاریکردنی تیرۆرە و ئەوەش پەیامێکە بۆ هەموو لایەنە سیاسییە ناوخۆییەکان کە ناوەڕۆکەکەی دەڵێ: ئەگەر ئێوە کێشەی حیزبوڵڵا چارەسەر ناکەن، فەرموون ئەوە سزاکانی ئێمە".

ماکرۆن لە بەیرووت گوتی: "حیزبوڵڵا بەشێکە لە سیستمی سیاسیی لوبنان" قسەیەک کە ئەمریکییەکان بەدڵیان نییە و دەیانەوێ ئەو حیزبە لەسەر نەخشەی سیاسیی لوبنان بسڕنەوە.

عەبدولحوسێن زیاتر دەڵێ: "ئەمجارە سزاکان رەهەندی دیکەیان هەیە، ئەویش بەرپرسیارکردنی هەر هاریکارێکی حیزبەکەیە، لەگەڵ بەرچاوخستنیان بۆ سزاکان، وەک ئەوەی بەسەر حەسەن خەلیل و فنیانۆسدا هات". ئەو ئاماژە بەوەشدەدات "پێشتر حکومەت پارێزراو بوو لە سزاکان، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و قسەکردن لەسەر گەندەڵی تەنیا بۆ جوانکردنی بڕیارەکانە، بەڵام بنەمای سزاکان روونە، ئەویش بریتییە لە سزادانی هاوکارەکانی حیزبوڵڵا".

سەرۆکی فەرەنسا بەر لەسەردانی بەیرووت، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا ئەنجامدا و چوارچێوەی گشتی دەستپێشخەرییەکەی فەرەنسای بۆ لوبنان خستە روو. ئەوکات سەرچاوە سیاسییە باڵاکان وایاندانا کە "هەنگاوەکەی ماکرۆن بەنێودەوڵەتیکردنی دەستپێشخەرییەکە بووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئەمریکییەکان بەتەواوی لە قسە و کردارەکانی سەرۆکی فەرەنسا رازین".

رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز' ئاشکرایکردووە کە بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانیی خۆیان لە چاوپێکەوتنی سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ هەندێک بەرپرسی لوبنانیدا دەربڕیووە، لە نێویاندا نوێنەرانی حیزبوڵڵا.

بەدران دەڵێ: "لە کۆتاییدا ئەمریکا دەوڵەتێکی گەورەیە، بەو شێوەیە بیر ناکاتەوە کە هەندێک لە لوبنانییەکان تێیدەڕوانن، بەڵام مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆخەکەدا لەو سۆنگەیەوە سەرچاوە دەگرێت، کە حیزبوڵڵا لوبنانی کردووەتە سەنتەری کردەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و مامەڵەکردن لەگەڵیدا، لە چوارچێوەی رادەی دەستتێوەردان و تێکهەڵچوونی شەڕە گەورەکەیدایە لەگەڵ ئێران".

ئەو بەرپرسە مەسیحییەی ناوی لە لیستەکەدا نەبوو

لەماوەی پێشوودا هەندێک زانیاری باسیان لە هەبوونی ناوی جوبران باسیل، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی ئازاد دەکرد لە لیستی سزاکانی ئەمریکادا، بەڵام ئەوە رووینەدا، عەبدولحوسێن دەڵێ "باسیل توانی خۆی بپارێزێت و لە سزاکان قوتاری ببێت، چونکە ئەمریکییەکان دەستیان نەیگەیشتێ".

باسیل خۆی وەک دابینکەری رووپۆشی مەسیحییەکان بۆ حیزبوڵڵا پێشاندەدات (پێشتر میشال عۆن، مامی باسیل و سەرۆکی وڵات)، هەمان کاریدەکرد. هەر لەبەر ئەوە نەبوونی لە لیستی سزاکاندا، پێگەی ئەو و پەیوەندییەکانی لەگەڵ حیزبەکەدا بەهێز دەکات، بەڵام بەدران گاڵتەی بەو بۆچوونە دێت و دەڵێت "حیزبوڵڵا گوێ بەوە نادات ئاخۆ باسیل سزا دەدرێ یان نا، ئەمە قسەیەکی نالۆژیکییە، عەقڵیەتی جیاکردنەوەی هاوپەیمانەکانی حیزبوڵڵا بەو شێوەیە عەقڵیەتێکی شکستخواردووە و پێموانییە ئەمریکییەکان کاری بەو شێوەیەیان بەسەردا تێبپەڕێت".

چاودێرانی دۆسێی سزاکان دەڵێن: "ئەوەی روودەدات، گوشار دروستکردنی زیاترە لەسەر حیزبوڵڵا و هەموو ئەوانەی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن یان هاوکارین، لەپێناو لاوازکردنیان و کەمکردنەوەی هەژموونی حیزبەکەیە بەسەر بڕیارەکانی لوبنانەوە و لێدانی ئەو رەگانەی، کە درێژبوونەتەوە بۆ هەموو ناوچەیەک و گەیشتوونەتە ئەمریکاش".

داڤید شینکر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدا کە دووپاتیکردەوە، بەرپرسانی دیکەش سزا دەدرێن، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەبوونی ناوی باسیلەوە لە سزاکانی داهاتوودا، هیچی نەدرکاند.

بەدران پێیوایە جیاکاری لە نێوان باڵی سیاسی و باڵی سەربازیی حیزبوڵڵادا نەماوە. سزاکان هەنگاوی یەکەمن بە ئاراستەی ئەو سزایانەی بەپێی یاسای ماگنیتسکی دەسەپێنرێن. "سزادانی فنیانۆس رێگەخۆشدەکات بۆ سزادانی هەمووان، لە نێویاندا جیهاد عەرەب، کەسی نزیکی سەعد حەریری، ئێستا ئیدی هێڵە سوورەکان نەماون".

یاسای ماگنیتسکی، ئەمریکا سەرپشکدەکات لە سەپاندنی سزا بەسەر هەموو پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ لە هەموو جیهاندا، ئەمەش لە رێگەی سڕکردنی پشکەکانیان و قەدەخەکردنی گەشتکردنیان بۆ ئەمریکا، ئەمە جیا لەوەی سزاکان چەندین لایەن و بابەتی دیکەش دەگرێتەوە.

دوورخستنەوە لە دەسەڵات

رۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ' لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی گواستەوە کە "سزاکان هەوڵی ئەمریکایە بۆ ئەوەی رێگری بکات لەوەی جارێکی دیکە ئەو دوو وەزیرە بەشداری لە دەسەڵاتدا بکەن".

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئەمریکا ئاشکرایانکردووە کە سزادانی بەرپرسە لوبنانییەکان، هێشتا گەڕی دیکەی ماوە کە چەندین بەرپرسی دیکەی وڵاتەکە دەگرێتەوە.

ئاژانسی 'بلومبێرگ' لە راپۆرتێکدا دەڵێ لوبنان رووبەڕووی خراپترین تەنگژەی دارایی دەبێتەوە لە مێژوویدا، ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و خراپ ئیدارەدانی دارایی وڵات.

داڤید شینکر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، گوتویەتی سزاکان پەیامێکە بۆ هەمووان، ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە کە ئێستا "کاتی هاتنی جۆرێکی جیاوازە لە سیاسەت لە لوبناندا". ئەو دووپاتیکردووەتەوە کە: "واشنتن بەردەوام دەبێت لە گوشار خستنە سەر حیزبوڵڵا و ئەوانەش کە 'لایەنی گەندەڵن' لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا".

شینکر زیاتر رایگەیاند: "ئەمە هۆشدارییە بۆ هەموو ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ حیزبوڵڵادا دەکەن، یان ئەوانەی رێگە بەبوونی حیزبەکە دەدەن، هەروەها ئەو سەرکردە سیاسییانەی لوبنانیش، کە بایەخدان بەداواکاری خەڵک لەبەرچاو ناگرن و دژایەتی گەندەڵی ناکەن".

ستیڤن منوچین، وەزیری خەزانەی ئەمریکا ئاشکرایکردووە کە لە ساڵی 2017ەوە تائێستا، 90 کەسایەتیی نزیک لە حیزبوڵڵا، لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە ناو لیستی سزاکانەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif