ئاسمانی كالیفۆرنیا پرته‌قاڵی دەبێت‌

ليست هناك تعليقات

بەیانی 9ی ئه‌یلوول، له‌ زه‌نگی نامه‌ی هاورێیه‌كم به‌ ئاگا هاتم كه‌ له‌كالیفۆرنیاوه‌ بۆی ناردبووم. ئه‌و له‌ نهۆمی 12یه‌می ئه‌پارتمانێك له‌ شاری ئۆكلاند- ویلایه‌تی كالیفۆرنیا دەژیت. دوا دوو سه‌عات له‌ خه‌و هه‌ستان، سه‌عات 8:30ی ته‌واو بوو له‌ كالیفۆرنیا، هێشتا چاوه‌ڕێی خۆرهه‌ڵاتنی ئه‌كرد. له‌كاتێكدا ئه‌و هه‌میشه‌ له‌ سه‌عات 6ی به‌یانییه‌وه‌ چاوی به‌خۆر هه‌ڵدێت، له‌و ساته‌دا ده‌یویست له‌گه‌ڵ دوو هاورێی له‌ به‌ری خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ برۆن بۆ سه‌ر كار، به‌ڵام ئه‌م به‌یانییه‌ی مانگی ئه‌یلوول خۆرهه‌ڵنه‌هات، به‌ڵكو ته‌واوی ئاسمانی كالیفۆرنیا پرته‌قاڵییه‌كی تۆخ هه‌ڵگه‌ڕا. 

كاتێك چه‌ند وێنه‌ و گرته‌یه‌كی ڤیدیۆی سه‌ر پردی سان فرانسیسكۆ-ی بۆ ناردم، دیمه‌نه‌كه‌م به‌لاوه‌ ترسناك بوو، راسته‌وخۆ ته‌له‌فۆنم بۆ كرد. ئه‌و گوتی: "ماوه‌ی چوار ساڵه‌ چاومان به‌ زۆر دیارده‌ی ناوازه‌ی كه‌شوهه‌وا كه‌وتووه‌ كه‌ نیشانه‌ی تێكچوونی كه‌شوهه‌وان، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌مه‌م نه‌دیوه‌".

گوتیشی: هه‌رگیز باوه‌ڕناكه‌م ئینسان بتوانێت رابێت له‌گه‌ڵ دۆخێكی سروشتی نوێ كه‌ جیاواز بێت له‌گه‌ڵ پێشوو كه‌ به‌هۆی گڕگرتنی گه‌ڕێكی تری دارستانه‌كانی ویلایه‌تی ئۆریگۆن له‌ باكوور و كالیفۆرنیا له‌ باشوور-ه‌وه‌ رویداوه‌".

دووكه‌ڵی ئه‌م ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و كوژاندنه‌وه‌ی قورس بووه‌، یه‌كپارچه‌ ئاسمانی كالیفۆرنیای پرته‌قاڵی كردووه‌.

به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رۆژی 6ی ئه‌یلوول بڵاومكرده‌وه‌ كه‌ سبه‌ی له‌ كۆلارۆدۆ به‌فر ده‌بارێت و دواتر ده‌بێته‌وه‌ به‌ هاوین. به‌فره‌كه‌ی كۆلارۆدۆ له‌ پرته‌قاڵی بوونه‌كه‌ی كالیفۆرنیا سه‌رسوڕهێنه‌رتره‌. له‌و لاوه‌ ئه‌گه‌ر به‌یانی 9ی ئه‌یلوول، له‌سه‌ربانی ماڵه‌كانی ویلایه‌تی مینیسۆتا و نۆرس داكۆتا-ت بڕوانیایه‌، یه‌كپارچه‌ سپی بوو. ته‌واوی سه‌ربانه‌كان زوقم بوو. پله‌ی گه‌رمی چوو بووه‌ سفر پله‌ی سیلیزی.

ئه‌م تێكچوونی كه‌شوهه‌وایه‌ وه‌ك چۆن ئینسانه‌كانی تووشی سه‌رسوڕمان كردووه‌، ئه‌وا هه‌ر ئه‌وانیش له‌ تێكچوونه‌كه‌ی به‌رپرسن.

ئه‌گه‌ر ئێستا له‌ كالیفۆرنیا بیت، هه‌موو هۆش و بیركردنه‌وه‌ت لای هه‌وایه‌كی پاكه‌ كه‌ رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر كالیفۆرنیاییه‌كان شانازییان به‌ هه‌وا پاكوبێگه‌رده‌كه‌ی ویلایه‌ته‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌كرد. به‌ڵام 9ی ئه‌یلوول نه‌ك توانای ئه‌وه‌یان نه‌بوو بوێرن په‌نجه‌ره‌كان بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو جۆری ئه‌و ماسكه‌ی چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ترسی كۆرۆنا ڤایرۆس به‌ستبویان، گۆڕییان به‌ كوالێتییه‌كی باشتر. هاورێكه‌م گوتی: "ئه‌گه‌ر له‌ رۆژانی پێشوو ماسكی ئاساییمان ببه‌ستایه‌، ئه‌مڕۆ ماسكی N-95 مان به‌ستووه‌، بۆیه‌ له‌مڕۆوه‌ به‌و ماسكه‌ ئاشنا بووین". 

به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی یو ئێس توده‌ی زیاتر له‌ 40 ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ویلایه‌ته‌كانی ئۆریگۆن و كالیفۆرنیا رویانداوه‌ ئه‌ویش له‌ئاكامی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی بۆ سه‌روو 130 فه‌هره‌نهایتی (55 پله‌ی سیلیزی). و وشكبوونی هه‌وای ناوچه‌كه‌ به‌جۆرێك ئاگركه‌وتنه‌وه‌ ئاسانه‌.

به‌پێی رای كه‌شناسی هه‌وای ناوچه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی 23 رۆژ پاكنابێته‌وه‌. به‌هۆی هه‌ڵكردنی بایه‌كی به‌هێزه‌وه‌ وایكردووه‌ كه‌ دووكه‌ڵی ئاگره‌كه‌ رووه‌و ناوچه‌ نیشته‌جێبووه‌كانی كالیفۆرنیا بڕوات، ته‌نانه‌ت رێره‌وی دووكه‌ڵه‌كه‌ گه‌یشتووەته‌ ویلایه‌تی نیو مه‌كسیكۆ، وێرای ئه‌وه‌ی 2 ملیۆن و 200 هه‌زار هێكتار داستان سوتاوه‌ كه‌ به‌ دووه‌مین ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ مێژووی ئه‌مه‌ریكا ئه‌ژمارده‌كرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif