ئێوه‌ش یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆتان بنووسن!

ليست هناك تعليقات


د. فاتیح سەنگاوی
-
به‌شێكی دیاری ڕابه‌رانی شۆڕش و كوردایه‌تی یاده‌وه‌رییه‌كانی شاخیان پڕه‌ له‌ خوێن و خیانه‌ت، وه‌نه‌بێت یاده‌وه‌ری شاریان پاك و خوێن بێت! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌كرداری درێژه‌یاندا به‌و یاده‌وه‌رییانه‌ی دژ به‌نه‌یاره‌ هاوسه‌نگه‌ره‌كانیان هه‌یانبوو‌، له‌هه‌مان كاتدا گواستیانه‌وه‌‌ بۆ دژایه‌تیكردنی ئه‌وانه‌شی ڕۆژێك چه‌ك و چه‌قۆیه‌كییشیان هه‌ڵنه‌گرتبوو، چه‌كی ده‌ستیان پێنووس و وشه‌ی زاریان لۆژیك و خێر و خزمه‌ت بوو، به‌ڵام چونكه‌ به‌یار و هاوبیریان نه‌ده‌زانین، ناونووسیان كردبوون له‌ڕیزی‌ دوژمن و نه‌یاره‌كانتیاندا!!

ئێوه‌ ڕؤژێك شه‌ڕتان به‌ڕیش و سه‌رپۆش ده‌فرۆشت و ڕۆژێك به‌خێر و خزمه‌ته‌كانمان، ڕۆژێك سه‌ربه‌سعودییه‌ و وه‌هابی بووین، ڕۆژێك ئێرانی و ئیخوانی! شه‌وێك له‌سه‌ر پێشنوێژییه‌ك ده‌گیراین و ڕۆژێك به‌ناوی پارتییه‌وه‌ ده‌براین و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، كه‌ موعجیزه‌ ئاسا دامه‌زراین، كێچ كه‌وته‌ كۆڵتان چۆن دامه‌زراین و کێ دایمەزراندییان؟! له‌ڕۆژنامه‌ی ڕؤژنامه‌نووسه‌وه‌ له‌سه‌رمان نووسرا‌، له‌ كۆمیته‌ و ئاسایش و مه‌ڵبه‌نده‌وه‌ بانگكراین!! هەموو ئەو قوربانی و ماڵوێرانیەی پێشتر هەمانبوو هیچ دادێکی نەداین! هه‌ندێ جاریش شه‌وانییش له‌ ترسی هه‌ڵدانی قومبه‌له‌یه‌ك له‌ماڵیشه‌وه‌ به‌ ئیسراحه‌ت نه‌ده‌خه‌وتین!

ئیتر وازبێنین له‌وه‌ی ده‌یان كه‌س ده‌گیران و سووكایه‌تیان پێ ده‌كرا و ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌دران، له‌هه‌ردوو ده‌ڤه‌ر به‌سه‌وز و زه‌رده‌وه‌... كه‌ سه‌دان و بگره‌ هه‌زاران یاده‌وه‌ری ترش و تاڵ و به‌ئازار هه‌یه‌ خاوه‌نه‌كانیان یان له‌ ترسا یان له‌ برسا یان له‌كه‌مته‌رخه‌می و ناهۆشیاری و نه‌زانیدا ناینووسنه‌وه‌... هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌لایه‌ن نه‌وشیروانی و مه‌لابه‌ختیاری و با‌رزانی وتاڵه‌بانیی و فیسارییه‌وه‌ جێ به‌جێ ده‌كرا گه‌رچی هه‌ندێ یاده‌وه‌رییان كز و لاوازه‌ و له‌بیری ده‌كه‌ن...

ده‌رسی ئامۆژگارییه‌كانی مزگه‌وت داخران، ته‌نانه‌ت له‌ماڵیشه‌وه‌ به‌ناوی نه‌بوونی مۆڵه‌تی ئه‌وقافه‌وه‌ ڕێگه‌تان له‌ ده‌رسی ئیمان و ئیسلام و ئه‌خلاق ده‌گرت؟! ده‌زانن چه‌ندین كوڕو كچی باش و ده‌ست پاكی ئه‌م وڵاته‌ به‌رهه‌می ئه‌و ده‌رس و وانانه‌ن بوون ئێوه‌ نه‌تانهێشتن؟! ده‌زانن چه‌نده‌ها كچ و كوڕی پاك و ده‌ست به‌ده‌ستنوێژو دڵسۆز و په‌پووله‌ ئاساتان تووشی ترس و تۆقان و ڕاچەنین و هێدمه‌ و سه‌دمه‌ كرد! كه‌چی دوواتر ده‌رگای زۆر ناشیرینیتان به‌ڕووی گه‌نجانی ئه‌م وڵاته‌دا كرده‌وه‌، هه‌ر له‌ تلیاك و قوماره‌وه‌ تاوه‌كو حه‌رامخۆری و شه‌ڕواڵپیسی و داوێن ته‌ڕی و له‌شفرۆشی و خۆفرۆشی و كۆیله‌یه‌تی!! ئیتر وازبهێنین له‌ شه‌ڕی سیاسی و گرتنی جۆراوجۆرو باره‌گا سووتان و ئازاردانی جۆراوجۆر كه‌ ئه‌مه‌یان به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ بوو!

من باسی بزاڤێكی ئاشتیخوازی خاوه‌ن لۆژیك و قه‌ڵه‌م ده‌كه‌م، خۆ ئه‌گه‌ر بچینه‌ باسی ئه‌وانه‌ی وه‌ك خۆتان هێزو چه‌كیان هه‌بوو، شه‌ڕوپێكدادانتان له‌نێواندا‌بوو، ئه‌وا تراژیدیایه‌ك له‌ یاده‌وه‌ری هه‌یه‌، دونیایه‌ك له‌سو‌كایه‌تی به‌ مرۆڤ و خوێن و كه‌رامه‌ت له‌ ئارادایه‌!! ئه‌وانه‌ش پێویسته‌ بنووسرێنه‌وه‌، تكایه‌ بیاننووسنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بڵاویشی ناكه‌نه‌وه‌! چیرۆك و به‌سه‌رهاتگەلێکی زۆری جه‌رگبڕ له‌ ئارادایه‌ به‌تایبه‌ت به‌ناوی تیرۆر و ئیرهابه‌وه‌ له‌ته‌واوی كوردستاندا(كه‌ هه‌ندێكیان تاوه‌كو ئێسته‌ش برینه‌كه‌ی به‌سۆیه‌) به‌ڵام ‌خاوه‌نه‌كانیان له‌ترسی ژیان و گیانیان جورئه‌تی باسكردن و گێڕانەوەیان نییه‌ و ده‌ترسن تۆماری بكه‌ن و بیاننووسنه‌وه‌! ئەگەر ڕۆژێک ئەمانە بارگەیان پێچرایەوە چیرۆک و بەسەرهاتی وەها دەبیستن هەست بەشەرمەزاری دەکەن! بەسەرهاتێک کە دڵڕەقترین دوژمن هەر ئەوەیکردووە!!

جا ئه‌گه‌ریاده‌وه‌رییه‌كان ببرێته‌ ئاسته‌گشتییه‌كه‌وه‌، قسه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و قۆرخكاری و سته‌می جۆراوجۆری ئه‌مانه‌ و مه‌ترسیان بكرێت له‌سه‌ر چارەنووس و سه‌ربه‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك، پێویستی به‌ده‌یان به‌رگه‌، چۆن بازاڕیان به‌شێوازی جۆراوجۆر قۆرخكردووه‌ و هه‌ندێجار تا ئاستی دەستوەردان لەکاری له‌فه‌فرۆشێكیش ڕۆیشتوون! چۆن وڵاتیان به‌ناوی كۆمپانیا و بازرگانی و سه‌رمایه‌گوزاری و خزمه‌ته‌وه‌ به‌تاڵان بردووه‌؟! چۆن ده‌ستیان وه‌رداوه‌ته‌ كه‌سابه‌ت و بژێوی و گوزه‌رانی خه‌ڵك و کار و پیشە و پرۆژه‌كانیان و به‌ناڕه‌وا خۆیان کردووەته‌ شه‌ریكیان؟! كوڕوكاڵیان نه‌ماوه‌ به‌ش و پشكی گه‌وره‌یان نه‌بردبێت و بەردەوام نەبن، ته‌نانه‌ت پرۆژه‌و ڕێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كانیشیان به‌ناڕه‌وا و له‌سه‌ر حسابی داهات و سه‌روه‌ت و سامان و خاكی ئه‌م وڵاته‌ گه‌وره‌ و زه‌به‌لاح كردووه‌! له‌هه‌موو سوودێكی ئه‌م وڵاته‌ و خێروبێره‌كانیدا خۆیان كردووه‌ته‌ شه‌ریكه‌ به‌ش و پشكدار ، ئیتر وازبهێنن له‌ دزی و گه‌نده‌ڵی و تاڵانی و ده‌ستبه‌سه‌راگرتن و بردن به‌ناوی یاسا و ڕێسا و هتده‌وه‌... تا ئیستیغلالی پێگه‌ و پۆست بۆ كاری نائه‌خلاقی و دژ به‌ شه‌رع و مرۆڤ و كه‌رامه‌ت و به‌ها و داب و نه‌ریتی كوردانه‌.... تكایه‌ تۆماریكه‌ن ئه‌گه‌ر ئێسته‌ش ده‌رفه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی نییه‌ ڕۆژێك دێت بڵاوببێته‌وه‌... دڵنیام له‌كوردستاندا له‌ زاخۆوه‌ بۆ خانه‌قین كه‌م ماڵ و بنه‌ماڵه‌ و كه‌م كه‌س و خاوەن کار هه‌یه‌ یاده‌وه‌ری تاڵی له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا نه‌بێت و چزیان نه‌نابێت به‌جه‌رگییه‌وه‌ و دڵیان پڕنه‌كردبێت له‌ترس و‌خه‌م و په‌ژاره‌ و چاویان پڕنه‌كردبێت له‌ فرمێسك و نه‌بوبێتنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر ژیان و گیانیان به‌شێوازی جۆراوجۆر... ده‌ی تۆماریكه‌ن! بۆ ئه‌وه‌ی مێژووی دوواتریشیان به‌نیشتیمان په‌روه‌ری نه‌فرۆشنه‌وه‌!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق