وڵاتی ژنە کوژراوەکان‌

ليست هناك تعليقات



ھەموو سپێدەیەکی عێراق پڕە لە ھەواڵی ئەو ژنانەی بەدەستی یەکێک لە کەس و کارەکانیان کوژراون، ئەو ژنانەی دەیان و سەدان رێکخراو بەناویانەوە کراونەتەوە. وڵاتێکە سەدان رێکخراو بانگەشەی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان دەکەن، بەڵام ژمارەی ژنانی کوژراو بەردەوام روو لە ھەڵکشانە، ئەو رۆژەی کۆنفرانسێک بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان دەبەسترێت، چەندین ژن دەکوژرێن و لە ژیان بێبەش دەکرێن.

مەرگی بەردەوام
ئەو کاتەی لە بەغدا «کۆنگرەی ئیسلامیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان» بەسترا و سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق ئامادەی بوون، کارمەندێکی پۆلیس لە پارێزگای دیوانیە تەقە لە ھاوسەر و کچێکی خۆی دەکات.

ھەموو رۆژێک لە عێراقدا لانی کەم چەند ژنێک دەبنە قوربانی توندوتیژی و دەکوژرێن، لە کاتی بەستنی ھەر کۆبوونەوە و کۆنفرانسێکدا بۆ ژنان، لە ھەمان کاتدا ھەواڵی كوژرانی چەند ژنێک بڵاودەبێتەوە، بۆیە ھیوایەکی کەم بەوە ھەیە رێکخراوەکان بتوانن قوربانییەکانی توندوتیژی کەمبکەنەوە.

ژمارەکان بەرزەدەبنەوە
کۆنگرەکەی دوانزەیەمی بەغدا، ھاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکانی توندوتیژی دژی ژنان. بەپێی راپۆرتی تەندروستی خێزانیی عێراقیی، لە ھەر پێنج ژنێکی عێراقیی ژنێکیان رووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی دەبنەوە.

بەپێی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراقیش، ٣٦٪‏ی ئە وژنانەی ھاوسەرگیرییان کردووە باس لەوە دەکەن لەلایەن ھاوسەرەکانیانەوە رووبەڕووی ئازاردانی دەروونی بوونەتەوە، ٢٣٪‏یان رووبەڕووی توندوتیژی وشەیی، ٦٪‏ رووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و ٩٪‏ش رووبەڕووی توندوتیژی سێکسیی بوونەتووە.

رەخنەکان
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەلایەن لێکۆڵەرانیشەوە رەخنە لە سەرۆکایەتییەکانی عێراق و رێکخراوەکان دەگیرێت بەوەی کە ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن لە پاراستنی ژنان، پێچەوانەی ئەوەیە کە لە واقیعدا دژی ژنان روودەدات.

پەرلەمانتار زافر عانی دەلێت، "لێدوانی بەرپرس و سەرۆکەکان لە کۆنگرەکەی بەغدا لەبارەی ژنان گەورە و کاریگەرن، دێن و باس لە کەرامەتی ژنانی عێراق و پێویستی پاراستنیان دەکەن، ئاماژە بە ھەڵگرتنی ستەم دەکەن لەسەر ژنان، ئەمانە جوانن، بەڵام سەرۆکایەتییەکان ناتوانن تاکە یەک ئاوارە بگەڕێنەوە ماڵەكانی خۆیان، ئەمەش تەنھا لەبەرئەوەی میلیشیاکان رێگرن."

میلیشیا و بەرگری لە ژنان
بەشێک لە رەخنەگران رەخنەکانیان ئاڕاستەی بەشدار و رێکخەرانی کۆنگرەکەی بەغدا کردووە، بەتایبەت عەمار حەکیم رابەری بەرەی حیکمەی نیشتمانیی و لێدوانەکانی لە کۆنگرەکەدا. کۆنگرەکە لەلایەن رێکخراوی نیودەوڵەتی حیکمەوە رێکخراوە.

حەکیم سەرۆکی بەرەی حیکمەیە و رابەری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراقی بووە، کە بە دایکی رێکخراوی بەدر دادەنرێت، کە پێکھێنەرێکی سەرەکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییە.

رەخنەکان لەوەوە دێن کە بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی رێکخراوەکان، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی چەندین تاوانیان ئەنجامداوە، وەک وێرانکردنی ماڵان، رفاندنی دانیشتوان، کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر کەپۆی ئاوارەکان کە بەشێکنلەم قوربانیانە ژنانن.

دەستگیرنەکردنی تۆمەتباران
بەشێکی دیاری ژنان لەلایەن کەسانی دیارەوە دەکوژرێن و کەسیش ناتوانێت دەستگیریان بکات، ھێزە ئەمنییەکان بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە ئەو تۆمەتبارانە دەستگیر ناکەن کە سەر بە حەشدی شەعبین، لەوانەش تۆمەتبارانی سوعاد عەلی، روھام یەعقوب و چەندین کچ و ژنی دیکە.

چالاکوانان کوژرانی ژنە دیار و ناودارەکانیان لەبیرناچێت، رەشا حەسەن، رەفیف یاسری، تارە فارس ئەو ژنانە بوون کوژران و نەبوونە ھۆی راگرتنی خوێنی دەیان ژنی کوژراوی دوای خۆیان. دوای کوژرانی ئەم ژنانە، بۆ ماوەی چەند رۆژێک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ دەبن لە ناڕەزایەتیی و دوای چەند رۆژێک لەبیردەچنەوە.


لە خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ساڵی رابردووش چەندین چالاکوان رفێندران، کە یەکێک لەوانە سەبا مەھداوی ژنە چالاکوان بوو، دوای ئەویش کوشتن و رفاندنی ژنان بەردەوامیی ھەیە.

بێیاسایی
مستەفا کازمی لە وتارەکەیدا نەیشاردەوە کە یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامیی توندوتیژی دژی ژنان نەبوون و یان لاوازیی یاسایەکە بۆ پاراستنی ژنان، کازمی وتی"کاتێک باسی توندوتیژی دژی ژنان دەکەین، وەک بەرپرس و پیاوان ھەست بە شەرم دەکەین."

ئەمەش بەتایبەت کە پڕۆژە یاسای رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانیی لە پەرلەمانی عێراق پەک خراوە و کاری لەسەر ناکرێت، لەکاتێکدا ئەم پڕۆژە یاسایە ماوەیەکە پێشکەش کراوە، ئەمە یەکێکە لە ھۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی، چونکە تاوانباران دڵنیان کەس رێگرییان لێناکات و سزا نادرێن.

سوتان
یەکێک لە رێگاکانی خۆکوشتن و تەنانەت کوشتنی ژنان بریتییە لە سوتان و سوتاندن، بەشێکی بەرچاو لە ژنانی عێراق لەکاتی گەیشتنە دوا قۆناغی کێشەکانیان خۆیان دەسوتێنن، بەشێکیشیان لەلایەن ھاوسەرەکانیانەوە دوسوتێنرێن.

لە نیسانی ئەمساڵ ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوەوە، لە ڤیدیۆکەدا ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵ دەردەکەوێت کە لە نەخۆشخانەیە و سوتاوە، ئەمە نموونەی ئەو سەدان ژنەیە ساڵانە لە عێراقدا خۆیان دەسوتێنن.

دایکی ژنەکە بە ھیومان رایتس وۆچی وتووە، ھاوسەری کچەکەی کارمەندێکی پۆلیسە، تەلەفۆنی بۆ کردووە و وتویەتی کچەکەت بە سوکی سوتاوە و لە نەخۆشخانەیە، بەڵام کچەکەی پێش مردن بە سوتانەکە پێی وتووە، ھاوسەرەکەی زۆری لێداوە، ئەویش بۆ وەستاندنی لە لێدان بەنزینی بە خۆیدا کردووە تاکو ھاوسەرەکەی دەست لە لێدانی ھەڵبگرێت، دواتر ئاگری لە خۆی بەرداوە.

نەبوونی یاسای ورد
یاسای عێراقی توندوتیژی جەستەیی وەک تاوان داناوە، بەڵام بە روون و راشکاویی ئاماژەی بە توندوتیژی خێزانیی نەداوە، نەک ھەر ئەوە بەڵکو ماددەی ٤١ رێگەی بە ھاوسەر (پیاو) داوە کە "تەئدیبی ھاوسەرەکەی" بکات.

نەبوونی سزای قورسیش بۆ ئەو کەسانەی توندوتیژی دژی ژنان دەنوێنن یەکێکە لە ھۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان، لە قانونی عێراقیدا سزای سوک دانراوە بۆ ئەم کەسانە. تەنانەت بۆ کوشتنی ژنان کاتێک لە دەرەوەی پڕۆسەی ھاوسەریی پەیوەندیی سێکسیی دەبەستن.
پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif