وەزیری بەرگریی تورکیا: ماکرۆن خۆی لێبووەتە ناپلیۆن

ليست هناك تعليقات


رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دانوستاندن لەگەڵ یۆنان، لەبارەی کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەسەر سەرچاوە سرووشتییەکانی ناو دەریای سپی ناوەڕاست دەربڕی، لە کاتێکدا وەزیری بەرگریی تورکیا، هێرشی تووندی کردە سەر سەرۆکی فەرەنسا و بە بەنزینکردن بە ئاگردا، تۆمەتباری کرد.

لێدوانی بەرپرسانی تورکیا، لە دوای نوێژی دوێنێ هەینی هات، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە لە چەندین بەرەی جیاوازەوە، کێشەی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا هەیە.

لە شاری ئیستەنبوڵ، ئەردۆغان ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان دەربڕی، تەنانەت ئەگەر لە رێگەی تەلەفۆنیشەوە بێت، بۆ گفتوگۆكردن لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی دەریای ناوەڕاست.

کەناڵی 'جەزیرە' ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکی تورکیا رایگەیاندووە پێویستە یۆنان دەستپێشخەریی پۆزەتیڤ بکات تاوەکو تورکیاش هەمان هەنگاو بنێت، دووپاتیکردەوە کە ئەنقەرە بەهاوتا ئەوروپییەکانی راگەیاندووە، پێویستە چاوپێکەوتن لەگەڵ یۆنانییەکان، بەبێمەرجی پێشوەختە بێت لەلایەن هەردوولاوە.

قسەکانی سەرۆککۆماری تورکیا، پاش ماوەی دوو هەفتە لە ململانێ و کۆکردنەوەی هێزی دەریایی لە دەریای ناوەڕاست، لە نێوان تورکیا و یۆنان هات، لە کاتێکدا کەشتییە نەوتدۆزەرەوەکانی تورکیا و گەڕانیان بەئاوەکانی نزیک دوورگەی کریتی یۆنانیدا، هەڵچوون و تەنگژەیان لەنێوان تورکیا و یۆناندا دروستکرد.

ئەردۆغان هۆشداریدا لەوەی کە تورکیا گەڕانەکانی کەشتیی 'ئۆروچ رەیس'ی راگرتووە، تا دەرگای دیبلۆماسیەت لەگەڵ یۆناندا بکاتەوە، ئاماژەی بەوەدا کە کەشتییەکە، پاش کارەکانی نۆژەنکردنەوە، دەستدەکاتەوە بە گەڕانەکانی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

پێشتر یۆنان و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، داوای راگرتنی کارەکانی کەشتییە تورکییەکەیان کردبوو، لەبەر پێشێلکردنی سنووریی دەریایی یۆنان، هەروەها هەڕەشەی سەپاندنی سزایان بەسەر ئەنقەرەدا کردبوو، ئەگەر کەشتییەکەی لە گەڕان بە دەریادا، رانەوەستێنێت.

کەشتییە تورکییەکەی تایبەت بەگەڕان بەدوای سەرچاوە سرووشتییەکان لە دەریادا، رۆژی یەکشەممەی پێشوو، گەڕایەوە بۆ کەناراوەکانی ئەنتاڵیا لە باشووری تورکیا، ئەمەش وەک تورکیا رایگەیاند، بۆ نۆژەنکردنەوە و پشکنینی رۆتینیی کەشتییەکە. لە کاتێکدا یۆنان کارەکەی بەهەنگاوێکی پۆزەتیڤی سەرەتایی، بۆ ئارامکردنەوەی هەڵچوونەکانی نێوان هەردوو وڵات دانا، بەهۆی ناکۆکی لەسەر مافی سەرچاوە سرووشتییەکان و سەروەریی بەسەر رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

لەلایەکی دیکەوە، مەولوود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا، بانگهێشتکردنی باڵیۆزی یۆنانی لەلایەن ئەنقەرەوە راگەیاند.

چاوشئۆغڵۆ، ئاشکرایکرد بانگهێشتەکە لەپاش بڵاوکردنەوەی مانشێتێکی 'پیس'ی رۆژنامەیەکی یۆنانی بووە، لە دژی سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان.

هەمان کات، تورکیا رایگەیاند کارە توێژینەوەییەکانی کەشتیی 'خەیرەدین باربارۆس' لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، تا 18ی تشرینی یەکەمی داهاتوو، بەردەوام دەبێت.

لەلای خۆیەوە، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا، هێرشی تونودی کردە سەر ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و بە بەنزینکردن بە ئاگردا، تۆمەتباری کرد.

ئاکار کە قسەی بۆ کەناڵی 'چواری بەریتانی' کرد، گوتی تورکیا پشتگیری لە ئاشتی و دانوستاندن دەکات، هەوڵی خۆی لەو بارەیەوە دەدات، دووپاتیکردەوە کە هاوکات بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی لە دەریای ناوەڕاستدا.

ئاکار گوتی "بەڕێز ماکرۆن بەنزین بەئاگردا دەکات، ئەوەش تەنگژەکە درێژ و درێژتر دەکاتەوە". ئاماژەی بەوەدا "ئەوەی خەون دەبینێت ماکرۆنە، ئەو هەوڵدەدات رۆڵی ناپلیۆن بگێڕێت کە بەر لە دوو سەدە ژیاوە، بەڵام ئێمە هەموومان دەبینین کە هێز و قەبارەی ئەو ئێستا لەو ئاستەدا نین، ئەو رۆڵە ببینێت".

وەزیرە تورکییەکە ماکرۆنی بە هەوڵدان بۆ شاردنەوەی کێشەکانی خۆی تۆمەتبارکرد و گوتی "ئەو لە دووریی هەزاران کیلۆمەترەوە دێت و هەوڵدەدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رۆڵی هەبێت، ئەمەش کارێکی تەندروست نییە، ئێمە خۆمان بەرژەوەندی و مافەکانمان دەپارێزین، هەمیشەش گوتومانە کە ئامادەین بۆ دیدار و بەردەوامبوون لەسەر گفتوگۆ لەگەڵ یۆنانی دراوسێماندا".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif