گەڕاندنەوەی ئەرشیفەكانی بەعس لە ئەمریكاوە بۆ عیراق

ليست هناك تعليقات


 بورهان شێخ ڕەوف
-
لە 31 ئابی 2020دا، حكومەتی بەغدا 48 تۆن دۆكیۆمێنت و ئەرشیفی حزبی بەعس و حكومەتی عیراقی لە حكومەتی ئەمریكا وەرگرتەوە، كە بەگوێرەی رێكەوتنێكی پێشووتری نێوان واشنتۆن و بەغدا، ئیمزاكرابوو.

ئەوەی روونە، لە دوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە، هێزەكانی سوپای ئەمریكا دەستیانگرت بەسەر زیاتر لە پێنج ملیۆن لاپەڕە لە دۆكیۆمێنت و نامەی نێردراو و وەڵام لە نێوان سەركردایەتیی هەرێمی عیراقی حزبی بەعسی فەرمانڕەوا لە (1968-2003) و دامودەزگاكانی دەوڵەتی عیراق، كە پەیوەندییان بە كاروباری كارگێڕی و ئەو راپۆرتانەوە هەیە، كە ئەندامەكانی حزبی بەعس لەسەر هاووڵاتیان و دراوسێ و خزم و كەسوكاری خۆیان نووسیویانە ‌و تۆمەتباریان دەكەن بەوەی كە رەخنەیان لە سەدام حسێن سەرۆكی رژێمی پێشوو گرتووە، یان لەسەر سەربازەكانی سوپای عیراق، كە تۆمەتباریان دەكەن بە خیانەت، كاتێك بەدیلگیراون لە جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عیراق و ئێراندا و زۆر بابەتی تریش.

هەرچەندە حكومەتی عیراق دوای وەرگرتنەوەی ئەو دۆكیۆمێنتانە، كە ئەرشیفی سەركردایەتیی حزبی بەعسە، یەكسەر لە شوێنێكی نهێنی هەڵیگرتن ‌و نیازیشیان نییە ئێستا ناوەڕۆكی ئەو دۆكیۆمێنتانە بۆ خەڵكی عیراق ئاشكرابكەن یان بیانخانەڕوو، تاكو خاوەن پەیوەندی و توێژەران و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەی مێژوویی، كەڵكی لێوەربگرن، ئیتر لەبەرئەوە بێت، كە رووداوەكان كاتێكی زۆریان بەسەردا تێنەپەڕیوە، هێشتا، یان بەشێكی زۆر لەو كارەكتەرانە لەوەیە تائێستا لە ژیاندا مابن و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بخاتە مەترسییەوە.

گرنگی ئەو ئەرشیفە
لەكاتی سەردانەكەی ئەم دواییەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ ئەمریكا ‌و دوای ئەو پێشوازییە گەرمەی لێی كرا، بەشی سێیەمی ئەرشیفی عیراقی رادەستكرا، كە پێشتر ئاماژەم پێدا. بەشەكانی تر پێشتر وەرگیرابوون و لەلایەن عیراقەوە. بەشی یەكەم دۆسێی حكومەت و هەواڵگریی بوو، بەشی دووەم دۆسێی كورد بوو، دۆسێی سێیەم و كۆتاییش ئەم دۆسێیە بوو، كە كازمی وەریگرتەوە ‌و گرنگترینی دۆسێ و بابەتە هەستیارەكان بوو، لەبەرئەوەی تەواوی كۆنووسی كۆبوونەوە ناوخۆییە تایبەتەكانی سەركردایەتیی هەرێمایەتیی حزبی بەعسی لەخۆگرتووە، جگە لە ناوی سەركردەكانی حزب و ئەو نووسراو و موراسەلاتانەی لە نێوان سەركردایەتیی حزبی بەعس و دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی ئەمن و هەواڵگریی؛ لەوكاتەدا كراوە، جگە لەو پرۆسەی چاودێری و سانسۆرەی كە حزبی ناوبراو بەرامبەر بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی عیراق بە هەموو پێكهاتەكانییەوە كردوویەتی، كە ئێستا بەشێكی زۆری ئەوانە فەرمانڕەوای عیراقن، هەروەها ناوی هەموو ئەو كەسانەشی تێدایە كە دامودەزگاكانی بەعس بەكاریهێناون بۆ سیخوڕی و سانسۆری سەر گەلی عیراق، بۆیە ئێستا بەشێكی زۆری عیراقییەكان خوازیارن ئەو دۆسێیانە ببینن، بۆئەوەی چارەنووسی كەسوكارە بێسەروشوێنەكانیان بزانن، جگە لە چارەنووسی كوێتییەكان، كە لەكاتی داگیركردنی كوێتدا لە ساڵی 1990دا، شوێنبزر كران.

كازمی و ئەرشیفەكە
بەوپێیەی مستەفا كازمی لە دامەزراوەی زاكیرەی عیراق كاریكردووە، كە لە ساڵی 2003 لە ئەمریكا دامەزراوە بۆ دۆكیۆمێنتكردنی سەردەمی فەرمانڕەوای بەعس، زۆربەی هەرەزۆری ئەو دۆسێیانەی بینیوەو سوودی لێوەرگرتوون، بەتایبەتی لەوكاتەی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عیراق بوو، پێش ئەوەی ببێت بە سەرۆك وەزیران، هەرچەندە وا راگەیەنرا كە رادەستكردنەوەی ئەو دۆكیۆمێنتانە لەكاتی سەردانەكەی كازمی بۆ واشنتۆن پەیوەندیی بە هۆكاری تەكنیكییەوە هەبووە نەك سیاسی، لەبەرئەوەی لایەنی ئەمریكی لێكتێگەیشتنی پێشتری لەگەڵ لایەنی عیراقی هەبووە سەبارەت بەم دۆسێیانە، بەڵام لە عیراق، بە پێچەوانەی لێدوانەكانی ئەمریكا خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، کە هەندێک لایەن كاریان بۆ دامودەزگا جاسوسی و داپڵۆسێنەرەكانی رژێمی بەعس كردووە.

لە كۆتاییدا، ماڵپەڕ و ناوەندەكانی نزیك لە بەعس، لە گرنگیی ئەم دۆكیۆمێنتانە كەمدەكەنەوەو دەبێژن:
ئێمە حزبی فەرمانڕەوا بووین و بە ئاشكرا كارمانكردووە، نەك كاری نهێنی، ئەوە ئەرشیفی دەوڵەت و حكومەتە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق