د.دیلمان، پزیشکی دادوەری: زۆر جار هەڕەشەمان لێ دەکەن

ليست هناك تعليقات


پزیشکی دادوەری یەک لە هەستیارترین پیشەکانی دنیایە و زۆربەی بڕیارەکانی دادگە بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکانی تاوان پشت بە راپۆرتی پزیشکی دادوەری دەبەستێت، بە گوتەی د. دلیمان 11 ساڵە لە کوردستان ئەو پیشەیە بە شێوەی ئەکادیمی هەیە و لەو چاوپێکەوتنەدا تیشک دەخاتە سەر ئەو حاڵەتانەی پزیشکی دادوەر لەکاتی نووسینی راپۆرتێک بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسێکی تاوان رووبەڕووی دەبێتەوە.

زۆرجار رێگری لە کارەکانمان دەکرێت و هەڕەشەمان لێ دەکەن


د. دلیمان ئازاد پزیشکی دادوەری لە هەولێر بۆ وشە باس لەو زانستە دەکژات و دەڵی، پزیشکی دادوەری زانستێکە کاری پزیشکی بە دادگاوە دەبەستێتەوە بۆ یەکلایکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان.


زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەو کەیسانەی دێنە پزیشکی دادوەری، هەمووی کێشەی گەورەن، ئەو زانستە لە وڵاتان زۆر گرینگی پێ دەدرێت، تەنانەت پزیشکانی ئەو بوارەیش زۆر شتیان بۆ جێبەجێ دەکرێت، لەعێراق زۆر لەمێژە پزیشکی دادوەری هەیە، لەکوردستانیش بە هەمان شێوە، بەڵام ماوەی 11 ساڵە ئەو بەشە بە شێوەی ئاکادیمی هەیە و پسپۆڕ لەو بوارەدا پەروەردە دەکات.


"ئەوەی گرینگە پزیشک لەم بەشە لێپرسراوە، لەسەر هەر حاڵەتێک کە دەیبینێت و بڕیاری لەسەر دەدات، ئەو بڕیارە چارەنووس سازە و زۆر شت دەگرێتە خۆی و لەدادگا سەدا سەد پشتی پێ دەبەسترێت" د. دلیمان وای گوت.
تۆمەتی ئەوەمان لێ دەدرێت ڕاپۆرتەکان دەگۆڕین یان بەشی جەستە دەفرۆشین


ئەو خانمە پزیشکە روونی دەکاتەوە، پزیشکی دادوەری لە دادگا بانگ دەکرێت بۆ شایەتیدان لەسەر هەر حاڵەتێک، کارەکەی ئێمە جگە لە یەکلاکردنەوەی کەیسی مردوو بە هەموو جۆرەکانییەوە، بەشی زیندووشی هەیە کە تایبەتە بە دەستدرێژی سێکسی و پەردەی کچێنی و تەمەنی بەندیخانەکان.


لەبارەی ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم پزیشکێکی دادوەری لە کوردستان دەڵی، ئاستەنگی زۆرمان بۆ دێتە پێش، چونکە لێپرسراو دەبین بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکان و زۆرجار رێگری لە کارەکانمان دەکرێت یان هەڕەشەمان لێ دەکەن کە گوایە ئێمە ڕاپۆرتەکان دەگۆڕین یان بەشی جەستە دەفرۆشین.


وەک روونی دەکاتەوە، هۆشیاری کۆمەڵگە بۆ پزیشکی دادوەری لە کوردستان و عێراق کەمە، ئەو حاڵەتانەی دێتە بەردەستمان سەرجەمیان لە لایەنی فەرمییەوە دەنێردرێن و هەموو کەس بۆی نییە داوای پشکنین لە پزیشکی دادوەری بکات.


د. دیلمان ئازاد لەدایکبووی ساڵی 1984ە لە هەولێر، لە سەرەتاییەوە هەموو قۆناغەکانی خوێندنی بە پلەی نایاب تەواو کردووە، لەکۆلێژی پزیشکی وەرگیراوە و وەک خۆی دەڵێ، زۆر حەزی لەبواری دادگا بووە، هەر ئەوە هۆکار بووە بەشی پزیشکی دادوەری هەڵبژێرێت.


لە بەشی پزیشکی دادوەری کێشەی زۆر گەورەی بینیوە لەسەر پەردەی کچێنی، وەک خۆی دەڵێ، زۆربەی کێشەکانیش لەبەر نەبوونی پسپۆڕی لەم بەشە بووە و ئەوەیش وای کردووە بڕیار بدات نامەی ماستەرەکەی لەسەر پەردەی کچێنی و دەستدرێژی سێکسی ئامادە بکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif