بیرەوەریەکان هەرباسى ماسییەکانەو دەریاکەش ونە!

ليست هناك تعليقات

كمال ڕەوف

-
زۆربەى کات لەنووسینەوەى بیرەوەرییەکانى بەرپرسانى شۆرشى شاخ حەلقەیەکى ون بوو هەیە لەبیرئەکرێت و وەک پێویست هەقى خۆى پێنادرێت. هەرچەندە زۆربەى بیرەوەرییەکان بەزادەى پاشخانى سیاسى و دیدى فکرى کەسەکان زاخاودراون و خۆ بەدورگرتنى تێدایە لەوتنى هەندێک راستى، هەر بۆیە ئەوەى لەدووتوێى چەند بیرەوەریەک دەیخوێنیتەوە رەنگە زۆربەى راست بێت و هەریەکە لەدیوى خۆیەوە باسى ئەو وێنەیە بکات کە لێوەى دیاربووە، بەڵام ئەوەى زیاتر جێگەى سەرنجە ئەو حەلقە ون بووە گرنگەیە کە هەموو دیوەکانى لەهەموانەوە دیاربوون بەڵام ئیستا کەس خاوەندارێتى لێناکات و لەنووسینەوەى بیرەوەریەکاندا گرنگى ئەوتۆى پێنادرێت.

ئەوحەلقەیەى باس ناکرێت، بەشدارى راستەوخۆى خەڵکى گوندەکانە، ماندوو بوون و شەونخونى ئەو کەسانەیە کە ئەوسا شۆرش وەک دەریا ناوى دەبردن و پێشمەرگەش وەک ماسى ناودەریاکە، کەچى ئێستا هەرباسى ماسییەکان دەکرێت و دەریاکە خەریکە لەچاوان ون دەکرێت..

هەقى خۆیەتى لەنوسینەوەى بیرەوەریەکان باس لەوە بکرێت، چۆن پێشمەرگە و شۆرش ببونە ئەرک و شەریکى سفرەى نیوەخاڵى ئەو گوند نشینانەى کە خۆیان بەسکێک تێرو بەدەسک برسى بوون، ئاخر کەم نەبوو ئەوکاتانەى لەوەخت و ناوەخت پێشمەرگە لەدەرگەى ماڵەکانى دەدان و دەبوونە میوانیان و لەگەڵ ئەوان نانیان دەخواردو هەر بە کەلوپەلى ئەوان دەنووستن و زۆربەى کاتیش ماڵەکانیان دەبووە شوێنى حەوانەوە و ژوورە باش و گەرمەکانیان دەخستە خزمەتى ئەوان و لەمنداڵەکانى خۆیانیان حەرام دەکردن.

لەبیرەوەریەکاندا حەقە باسى ئەوە بکرێت گوندنشینەکانى نزیکى شەقامەکان و بنکە سەربازییەکان، چۆن بەبێ چەک دەنێردران لەپێش پێشمەرگەکانەوە بە رۆحى خۆیان رێگاکانیان دەپشکنى نەبا بۆسەى دوژمنى تێدابێت ئەوسا پێشمەرگە پیادەپەریوە. ناکرێت باسى ئەوە نەکرێت ئەرکى خزمەتکردنى شۆرش و پێشمەرگە فەرز کرابوو بەسەر گوند نشینەکانەوەو ئەوانیش بەدڵسۆزانە جێبەجێیان دەکرد و خۆیان و خاوخێزانیان لەژێر ئیتاعەتى شۆرشدابوون کە چى لەجیاتى سوپاس و ستایش، لەهەندێک شوێن مانگانە پارەیان لەخاوەن تراکتۆر و وڵاخدارەکان وەردەگرت، لەکاتێکدا پێشمەرگە زۆربەى کات شەریکى داهات و ژیانیان بووەو تراکتۆر و وڵاخەکانى ئەوانیشى بۆ پێداویستى گواستنەوەى خۆیان بەکارهێناوە.

دەکرێت باس لەوە بکرێت، بەدرێژایى ساڵانى خەباتى شاخ بۆ هەزارەها جار، لەناوەختدا پێشمەرگە رووى لەو خێزانانە کردوەو سەربارى شەکت و ماندووبوونى خۆیان، دەبوو بەرووى خۆشەوە پێشوازى لە پێشمەرگە بکەن و ئەو ئافرەتانەى بەرۆژ شەکەتى کارى قورسى خۆیان بوون، دەبوو ئامادەش بن هەرکات پێشمەرگە رویان تێکردن وەک خانەخوێى لەناوەختدا خواردنیان بۆ ئامادەبکەن، میوانداریان بکەن، ماڵەکانیان بکەنە بنکە بۆ داڵدەکانى بریندارو تەنانەت کەسوو کارى پێشمەرگەش لەلاى خۆیان بحەوێننەوە و دڵنەوایان بدەنەوە.

دەکرێت باسى ئەوە بکرێت، چۆن لە شەوە ساردو مەترسیدارەکان، خەڵکى گوندەکان دەکرانە تەتەرو نامەو پەیامیان پێدەگوێزرایەوە، لەشەوە تاریکەکاندا دەکرانە رێبەرو دەخرانە پێش قافڵەى پێشمەرگە تا رێگایان لێ ون نەبێت، بۆیە ئەرکى گەورەو گرانى شۆرش بەشێکى زۆرى بەسەر شانى ئەوانەوە بوو، قوربانیان دەداو، چەک و تەقەمەنیان لەماڵەکانى خۆیاندا دەشاردەوە لەلایەن رژێمەوە گوشاریان لەسەردادەنراو بەهۆى شۆرشەوە لەخزمەتگوزارى بێبەش دەکران و گوندەکان زۆربەى کات دەبوونە شوێنى بەرەو رووبوونەوەى پێشمەرگەو سوپاو جاش و ئەوان پشتویانى لۆجستیکى بەردەوامى شەرە قورسەکان بوون و باخ و رەزیان دەسوتێنراو بۆردومانى گوندەکانیان دەکرا.

بەراستى ناکرێت بیرەوەرییەکان تەنها باسى ماسییەکان بێت و دەریاکە لەبیر بکرێت، چونکە دڵنیام ئەوانیش بەشێک لەراستییەکانیان لایەو بەباسکردنى ئەوان رەنگە چیرۆکە بەتەواوەتى لەتابلۆکەدا دەرکەوێت، بەڵام بەداخەوە دەمێکە دەریاکە لەبیرکراوە و بەردى گەورە گەورەى تێفرێدراوە، بەپێچەوانەى ئەو پەندە کوردیە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە کە دەڵێت، (کانیەک ئاوت لێخواردەوە بەردى تێفرێ مەدە).


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif