رووحانی: ئیمارات و بەحرێن بەرپرسیاری هەموو ئەنجامە خراپەکان دەبن

ليست هناك تعليقات


کاردانەوەکانی دوای رێککەوتنی ئیمارات و بەحرێن لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامن. سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، هەردوو وڵاتی ئیمارات و بەحرێن هەوڵدەدەن ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بنکەی سەربازی درووستبکات. لە دوێنێشەوە شەڕەمووشەک لەنێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووەتەوە.

رۆژی سێشەممە 15-9-2020 لە کۆشکی سپی ئەمریکا بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ، هەرسێ وڵاتی ئیسرائیل، ئیمارات و بەحرێن رێککەوتنی ئاشتییان واژۆکرد، بە واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ میسر 1979 و ئوردن 1994، ئیسرائیل لەگەڵ 4 وڵاتی عەرەبی پەیوەندی دروستکرد.

لە یەکەمین کاردانەوەیدا لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرێن. حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند: بە واژۆکردنی رێککەوتنەکە، ئیمارات و بەحرێن هەوڵدەدەن رێگەیەک بە ئیسرائیل بدەن بنکەی سەربازی لە ناوچەکەدا دروستبکەن.

رووحانی هۆشداریدایە ئەو دوو وڵاتە و گوتی: "دەبێت بەرپرسیاری هەموو ئەنجامە خراپەکان بن". رووحانی دەشڵێت: "بونیادنانی پەیوەندییەکانی ئیمارات و بەحرێن لەگەڵ ئیسرائیل پێشێلکردنی ئاسایشی ناوچەیی و بڕیارە نێودەوڵەتییەکانە، بەلامانەوە نامۆیە کەسێك کە باس لە عەرەبچێتی دەکات، دەستی بۆ ئیسرائیل درێژ دەکات کە رۆژانە عەرەبە فەلەستینییەکان دەکوژێت".

رۆژی سێشەممە لەکاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکەی نێوان ئیسرائیل، بەحرێن و ئیمارات، لە کەرتی غەززەوە دوو موشەک رەوانەی ئیسرائیل کران و دوو کەس بریندار بوون، سوپای ئیسرائیلیش بە مووشەک وەڵامی دایەوە.

ماگین دەیڤید ئادۆم، خزمەتگوزاری خێرای ئیسرائیل بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، دوو کەس بە شووشەی شکاو بریندار بوون.

بزووتنەوەی حەماس لەساڵی 2007ەوە حوکمی غەززە دەکات و چەند گرووپێکی سەربازی دیکەی فەلەستینیش لە غەززە هەن، بەڵام ئیسرائیل بۆ هەموو هێرشەکان حەماس تاوانبار دەکات. 

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی ئەو هێرشە مووشەکییانەی کە لە کەرتی غەززەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژراون گوتی "ئامانج لێیان پەکخستنی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداوە".

نەتەنیاهوو لە راگەێندراوێكیدا کە لە ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، رایگەیاند: ئەوان دەیانەوێت بەربەست لەبەردەم ئاشتی دابنێن، بەڵام ناتوانن ئەو کارە بکەن. گوتیشی: "هەر کەسێک کە بیەوێت ئازارمان پێبگەێنێت لێیدەدەین و دەستی ئاشتیشمان بۆ هەموو کەسێك کە ئاشتی بوێت، درێژ دەکەین".


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif