ژیانى سەحابەو میزاجى داعى

ليست هناك تعليقات

عومەر ڕەشید
.
من نازانم بۆ دەبێت داعیەک هەستێت و باسى ژیانى سەحابەکانى فەخرى کائیناتمان بۆ بکەن؟

تا ئێستاش تێنەگەیشتووم، سودى چیە من بزانم سەحابە لەبرسا بەردى لەسەر سکى بەستووە؟

بەمنچى حەزرەتى عەسمانى کوڕى عەففان هەزار ڕەحمەتى لێبێت، بارى هەزار وشترى بەخشیوەو بیرى (رومە)ى کڕیوەو ئاوى بەخۆڕایی بەخەڵکیداوە؟

باشە بۆ دەبێت لەدەمى داعیەکەوە بیبیستم یان بیستبێتم کە مونافەسەى ماڵبەخشین لەنێوان حەزرەتى ئەبوبەکرو عومەردا هەبووە هەزاران ڕەحمەتیان لێبێت؟ یەکیان هەموو ماڵەکەى بەخشیوەو ئەویتریان نیوەى.

کاکە من بۆ بزانم هاوەڵ هەبووە باخە خورماکەى بەخشیوەتە هەژاران؟

من نامەوێ ببیستم، دەمەوێ ببینم، دەمەوێ سیرەتى ئەو سەحابانە بەچاوى سەر ببینم، نەک تەنها بیبیستم، بەسە لوشکە لوشک بەس بڵێ سەحابە و تابعین سێوەکەى لە دەمى مناڵەکەى دەرهێنایەوە، مەیڵێ ئەوەنەت وت بووە حیکایەت، با ئیتر بیبینم.

بەس بڵێ سەحابە هەرچیان هەبووە لەپێناو دینى خوا بەخشیویانە، ئەگەر ڕاست دەکەیت تۆش هەرچیت هەیە بیبەخشە، سەیارەکەت بەرەو بیفرۆشە، باخەکەت بفرۆشە ماڵەکەت بفرۆشە، با هیچت نەمێنێ، ئەگەر ئەمەت کرد ئیتر باسى سەحابەشم بۆ نەکەیت ئەزانم وەک سەحابەکانى پێغەمبەر دەژیت (سەلامى خواى لەسەر).

ڕۆڵە تۆ کاتێک ڕاخەرت نەبوو ڕایخەیت و هێندە دەستوپێ سپیش بوویت کاسپییەکت بۆ نەئەکرا خۆت لێکردبووین بە بیلال و ئەبوهوڕەیرەو ئەسحابى سوفە، ئێستاش کە بازەکە بەسەرتەوە نیشتۆتەوەو ئەو قۆناغەت تێپەڕاندووە نابینم کردەوەکەت تەسدیقى قسەکانى پێشوت بکات، هەژارى دەردە دەبێت بنەبڕبکرێت ئەمە حەقیقەتە، بەڵام تۆ جۆرێک باست دەکرد هەموومان حەزمان ئەکرد لەبرسا بمرین بۆئەوەى وەک هاوەڵانبین.

قەناعەتم وایە کەمترین داعیەکانى سەردەمى هەژارى لەم فەرمایشتە تێگەیشتوون کە دایکە عایشەمان هەزار ڕەحمەتى لێبێت لەوەسفى سەیدو سەروەرماندا دەفەرموێت: قورئانێکى زیندوو بوو بەسەر زەویدا دەڕۆى، ئەمە یەعنى ئەوەی لەقورئاندا وەک نووسراو هەبوو، وەک کردەوە لە حەیاتى ئەوا هەمووى هەبوو، ڕوونتر بڵێم نە پەیامى قورئان و نەفەرمایشتەکانى خۆى تەنها ئاراستەى خەڵکى نەکردووە، بەڵکو لەپێش هەموویاندا خۆى گرتووەتەوە، تەنانەت هەندێک پەرستش هەبووە لەبەر قورسییەکەى تەنها بۆ ئەو زاتە بوو، بۆ کەسى تر لە ئوممەتەکەى نەبووە.

ئەگەر ئەتەوێ داعییەکى خواناس و سادق بیت، هەرچیت بۆ ناکرێ مەیڵێ، ئەوەندە باسى سەحابە بکە کە خۆشت ئەتوانى بیکەیت، ئەگەر ماڵبەخشینى خەلیفەکان کارێکى مەزنە تۆش بیکە، ئێ تۆ نافەرمووى کە ئەبوبەکر هەموو ماڵەکەى هێنا، پێغەمبەر هەزار سەڵاواتى لەسەر، فەرمووى چیت بۆ ماڵ و منداڵت بەجێهێشتووە؟ ئەویش فەرمووى خواو پێغەمبەر، ئێ تۆش وابکە، ئەگەر ناشتوانى وابکەیت ئیتر بۆ کێى باس ئەکەى؟ خۆ ئەو خەڵکە ڕەشەوڵاخ نین خۆت بە ئاخر مۆدێلی سەیارەوە باسى ماڵبەخشیین بکەیت و چاوەڕێى عەرەبانچییەک بیت عەرەبانەکەى بفرۆشێت.

وەرە من و تۆش باببین بەبەشەر، ئیتر گوێ نەگرین سەیربکەین، بزانین چەند هاوشێوەى سەحابە ئەبینین.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif