پارتی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی یاسای هەڵبژاردن لە بەغدایە

ليست هناك تعليقات

لایەنە سیاسییەکان ناکۆکن و ھێشتا ئاسۆی گەیشتنە رێککەوتن لەسەر تێپەڕاندنی یاسای ھەڵبژاردنەکان نادیارە. شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدان و دەیانەوێت بڵێن لەگەڵ فرەبازنەییدا نین لە ھەڵبژاردندا، پێشنیازی پارتی وایە کە عێراق بکرێتە یەک بازنەی ھەڵبژاردن، یانیش ھەر پارێزگایەک بازنەیەکی ھەڵبژاردن بێت، بۆچوونێک کە زۆرینەی لایەنە کوردستانییەکان ھەیانە.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "ئەگەر رێککەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و کوتلەکان نەکرێت، دەنگی لەسەر نادرێت، کەواتە تێناپەڕێت، بۆیە لە ھەوڵی ئەوەداین لەگەڵ لایەنەکان کۆبوونەوەکان چڕبکەینەوە، بۆئەوەی رێککەوتنی پێشوەختەی لەسەر بکرێت لەسەر میکانیزمی بازنەکان، ئەوکات بێتە نێو پەرلەمان پێش رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان ئەو پرسە نایەتە نێو ھۆڵی پەرلەمان".

لایەنە سیاسییەکان بەسەر چەند ئاراستەیەک دابەشبوون، فرە بازنەیی یان پارێزگا بچووکەکان یەک بازنە و پارێزگا گەورەکان چەند بازنەیەک، یانیش ھەر پارێزگایەک بازنەیەکی ھەڵبژاردن بێت، ئەو بۆچوونانە کە ھێشتا لەسەر یەکێکیان رێکنەکەوتوون، سائیروونی موقتەدا سەدر ھەڕەشەی ئەوە دەکات، جگە لە فرە بازنەیی رێگە بە تێپەڕاندنی ھیچ میکانیزمێکی دیکە نادەن.

محەممەد خزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "سائیروون تێڕوانینێکی دوورتری ھەیە لە پرسی بازنەی ھەڵبژاردنەکان، ئێمە دەڵێین، بۆ ھەر پەرلەمانتارێک بازنەیەک ھەبێت، واتە لەسەر ئاستی عێراق بکرێتە 237 بازنەی ھەڵبژاردن، لەسەر رۆشنایی ئەو بازنانە کورسییەکانی پەرلەمان دیاریدەکرێت بۆ ھەر پارێزگایەک".

پەرلەمانی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2019دا، یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسندکرد، تەنیا یەک بڕگەی هێشتەوە بەپێی رێککەوتنی فراکسیۆنەکان دەنگی لەسەر بدرێت، ئەویش بڕگەی دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنە، کە بڕیارە لە ئاستی پارێزگاوە بچووکبکرێنەوە، بەڵام ناکۆکییەکان رێگرە لە تێپەڕاندنی، ئاراستەیەکیش ھەیە کە پرسەکە بخرێتە دەنگدانەوە و دەنگی پەرلەمانتاران یەکلایی بکاتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif