دوێنێ بەغداد چی ڕویدا؟

ليست هناك تعليقات

هاوكار عیزەت
-
لە دوێنێوە هەم لە سۆشیال میدیا هەم لە میدیا حزبییە بەناو پیشەییەکان و لە ئەکاونت و پەیجە بێ دایک و باوکەکان دەبینین و دەخوێنینەوەو گوێشمان لێدەبێت کە هەریەکەو باسی کەموو کوڕییەک دەکات کە لە گۆشە نیگای خۆیەوە لێی دەڕوانێت و خەریکە وامان لێدێت نەفرەت لە کوردبوون بکەین کە هێندە لاوازین و کورد وتەنی هیچمان لە ئومەت ناچێت!

هێندە پۆست و کۆمێنت و و وێنە بڵاو کراوەتەوە لەسەر هەرسێ حاڵەتی(دانەنانی ئاڵای کوردستان و نەبونی وەرگێرەکەی سەرۆکایەتی کۆمار و بە پێوە وەستانەکەی شێخ لاهور و ماکرۆن) خەریکە سەراپای تۆڕەکان دەبێتە ئەوبابەتانە کە لە بنەڕەتدا هەموو ئەم حاڵەتانە شتی ئاسایین و هیچ کێشەیەکیان تیا نییە، بەڵام لێرە بە گیانی حزبی و بە نەفەسی دوژمنکارانە دەڕوانینە یەک بۆیە پێمان وایە کابە کەچ بوە!.

1_ دانەنانی ئاڵای کوردستان لە پشتی نێچیرڤان بارزانییەوە زۆر حالەتێکی ئاساییەو بە پێی پرۆتۆکۆڵ نابێت ئاڵای هیچ هەرێمێک لە نێو دەوڵەتی فیدرالیدا دابنرێت، ئەمە بابەتێکی پرۆتۆکۆلییە نەک سوکایەتی و حساب بۆ نەکردن وەک زۆربەی پەیج و میدیاکان بلاویان کردەوە.

2_ ئامادەنەبوونی وەرگێر لە کۆنگرەکەی سەرۆککۆمار لەگەڵ ماکرۆندا شتێکی زۆر خراپ بوو، نەدەبوو بەهیچ جۆرێک رێگە بدرێت ئەوە ڕوبدات، بەلام کە ڕویداوە دونیا نەروخاوەو چەندین نمونەی لەمجۆرە بونی هەیەو بەردەوامیش دەبێت، بە نمونە هەر دوو ساڵ بەر لە ئێستا نێچیرڤان بارزانی و قوباد تالەبانی چونە فەرەنساو لە کۆنگرەی رۆژنامەوانییاندا دە خولەک بێ وەرگێر بە پێوە وەستان تا ستافی ماکرۆن وەرگێرانەکە چارەسەر بکەن، لە کۆتاییدا هەر نەکراو وەرگێری نێچیرڤان بارزانی(عەلی دۆلەمەری) هەستا بە وەرگێرانەکە. وەک وتمان نەدەبوو ئەو ستافە زۆرەی لە سەرۆکایەتی کۆمارن بهێلن ئەم هەلەیە ڕوبدات، بەلام ئەوەش ناگەیەنێت ئەو هەموو هەڵایەی لەسەر دروست بێت.

3_ دونیایەک پەیج و میدیای سێبەر لە ئێوارەوە خۆیان سەرقال کردوە بە دانانی وێنەی ماکرۆن و شێخ لاهور گوایە هەر بە پێوە دوو قسەیان کردوەو ماکرۆن لاهور شێخ جەنگیی نەبینیوە، حەتمەن ئەو کەسانەی ئەو قسانە دەکەن ئەو ڤیدیۆیەیان بینیوە کە ماکرۆن لە هۆڵێکی گەورەدا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکومی عێراق دانیشتوەو پێش دانیشتنەکە ماکرۆن بە یاوەری سەرۆککۆمار یەکەیەکە دەچێتە لای ئامادەبوان و سلاویان لێدەکات و چەند قسەیەکیان لەگەل دەکات، ئەو وێنەیەش لەم کاتەدا گیراوەو لێرە وەها خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە لە پەراوێزدا سەرۆککۆمار دەستی شێخ لاهوری گرتوەو بردویەتییە لای ماکرۆن کە ئەسلی بابەتەکە ئەوەی ڤیدیۆکەیە نەک ئەو قسەیە.

بەداخەوە خەریکە فەیسبوکەوانەکانی حزب و شەخسەکان هەموو ئاشتەوایییەکی کۆمەڵایەتیمان تێکدەدەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif