پارتی و یه‌كێتی پرسی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

ليست هناك تعليقات


پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، پرسی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق تاوتوێ دەكەن، دەیانەوێت كۆدەنگییەكی كوردستانییانە لەسەر یاسای ھەڵبژاردن و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەگەڵ سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان هەبێت، تاوەکو یەكدەنگ و یەكھەڵوێست بن.

پارتی و یەکێتی سەرەتای ئەم ھەفتەیە لەسەر ئاستی مەکتەبی ھەڵبژاردن کۆبوونەوە، بڕیارە کۆتایی ھەفتەی داھاتووش جارێکی دیکە لەسەر ھەمان پرس کۆببنەوە، دەیانەوێ کۆدەنگی تەواو لەسەر یاسای ھەڵبژاردن و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، نەک تەنھا لە نێوان دوو حیزب، بەڵکو سەرجەم حیزبە کوردستانییەکان دروست بکەن.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دەڵێ: "دەبێت لەگەڵ هەموو ئەو لایەنە (کوردستانییانەی) کورسییان لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە، یەکهەڵوێست بین، چونکە مەترسی لەسەر هەموومانە و (هەڵبژاردنی پێشوەختە) لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێک نییە، لەپێش هەمووشیانەوە، ئەو لایەنانەی کورسییەکانیان کەمن".

پەرلەمانی عێراق، سەرەتای ھەفتەی داھاتوو دەست بە دانیشتنەکانی دەکاتەوە، بەرنامەی سەرەکیی دەسپێکی دانیشتنەکانیشی دەنگدان دەبێت بە یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکان، بەڵام تێپەڕاندنی ئەم پرۆژەیاسایە ئاسان نابێت، چونکە بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان، رازینین بەم یاسایە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.

تاوەکو ئێستا، بەشێکی زۆری لایەنە سیاسیەکانی عێراق بە حیزبە کوردستانییەکانیشەوە دڵنیانین ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەو کاتەی دیاریکراوە ئەنجامدەدرێت یان نا، چونکە یاسایەک بۆ ئەو ھەڵبژاردنە دەرنەکراوە، تاوەکو یاسایەکیش نەبێت کۆمیسیۆن ناتوانێت دەست بە کارەکانی بکات، کە بە لایەنی کەمەوە پێویستی بە شەشە مانگ ئامادەکاری ھەیە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق