ئەمریکا هەموو سزا نێودەوڵەتییەکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە

ليست هناك تعليقات

 



ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو سزا نێودەوڵەتییەکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە و هۆشداری دەداتە نەتەوە یەکگرتووەکان لەوەی لە جێبەجێکردنی سزاکاندا شکست بهێنێت.

لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، حکومەتی ئەمریکا بڕیاری داوە پرۆسەی سناپباک چالاک بکاتەوە، تایبەت بە گەڕاندنەوەی سەرجەم سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەسەر نەتەوە یەکگرتووەکانە کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو سزایانە بکات.

ئیدارەی ترەمپ هەمیشە پێیوایە "گەورەترین هەڕەشە لەسەر ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆماری ئیسلامیی ئێرانە".

لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، "ئەمریکا ئەم بڕیارە یەکلاییکەرەوەی داوە، چونکە سەرباری شکستی ئێران لە جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی لە ئاست رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییش شکستی هێنا لە درێژکردنەوەی بڕیاری قەدەخەی فرۆشتنی چەک بە ئێران کە نەتەوە یەکگرتووەکان 13 ساڵە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندوویەتی".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێیوایە، کەمتەرخەمیی ئەنجوومەنی ئاسایش رێگەی بۆ ئێران خۆش کرد لە رۆژی 18ی مانگی 10ی ئەمساڵەوە هەموو جۆرە چەکێک بکڕێت، بەڵام بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەمریکا ئەو بەرپرسیارێتییەی هەڵگرت کە رێگە لە روودانی ئەو کارە بگرێت.

لە راگەێندراوەکەدا هاتووە، "لەسەر بنەمای مافەکانمان و بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ژمارە 2231، ئەمریکا پرۆسەی سناپباک تایبەت بە گەڕاندنەوەی سەرجەم سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا چالاککردەوە کە پێشتر بە گوێرەی رێکککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 هەڵگیرابوون، لەوانەش قەدەخەی فرۆشتنی چەک بە ئێران. بەو جۆرەش جیهان ئارامتر دەبێت".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەڵێت، ئەگەر شکست بهێنن لە جێبەجێکردنی سزاکان، ئەوا ئەمریکا ئامادەیە دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت تاوەکو جێبەجێنەکردنی سزاکان دەرهاوێشتەیان لێنەکەوێتەوە و ئەمریکاش دڵنیاببێتەوە کە چیدی ئێران سوود لە هەڵگرتنی سزاکانی سەری وەرنەگرێت.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif