ئابڕووچوونی هاككه‌ر له‌كۆنگرێسی ئه‌مەریكادا

ليست هناك تعليقات

سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌رێگه‌ی فۆكس نیوز-ه‌وه گوێبیستی ناونیشانی كتێبێكی نوێ بووم، له‌ژێر ناوی"رێگریكردنی دادوه‌ریی: چۆن ده‌سته‌نهێنییه‌كانی پشت ده‌سه‌ڵات، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خسته مه‌ترسییه‌وه له‌پیناو دیموكراته‌كاندا" كه‌ باس له‌و به‌ربه‌ستانه‌ده‌كات كه بۆ دادوه‌ریی ئه‌مەریكا دروستده‌كرا له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌مه‌له‌فی گه‌نجێكی پاكسانی، له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی حزبی دیموكراته‌كاندا.

لۆك رۆسیاك نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، په‌یامنێری لێكۆڵینه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووسی دامه‌زراوه‌ی ده‌یلی كالر نیوز، پێشتریش لێكۆڵیاری لیژنه‌ی ئاسایشی ناوخۆ و كاروباری حكومی سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی پیران بووه‌. كتێبه‌كه‌ش هه‌روه‌ك رۆمانێكی سیخوڕی خراوه‌ته‌ڕوو. زیاتر وه‌ك ستۆری رووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌: له‌گه‌رمه‌ی هه‌ڵبژاردنی 2016دا هاووڵاتییه‌كی پاكستانی توانی له‌ژێر فشاردا ده‌ستی بگات به‌مه‌له‌فی ناو كۆمپیوته‌ری تایبه‌تی یه‌ك له‌پێنج ئه‌ندامی كۆنگرێسی سه‌ر به‌دیموكراته‌كان خۆیان كه‌نزیكه‌ی 44 ئه‌ندامی كۆنگرێس ده‌كات.

"عه‌مران ئاوان" داتاكانی له‌تۆڕی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه دزه‌پێكردووه‌و خزمه‌تگوزاریی ئه‌له‌كترۆنی ئه‌ندامانی كۆنگرێسی گواستۆته‌وه بۆ خه‌ڵكانی بیانی.

رۆسیاك-ی نووسه‌ر هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌چاودێری وردی كاری ئه‌و كه‌سه پاكستانییه‌كه‌ی كردووه له كۆنگرێس. له‌گه‌ڵ زنجیره‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ی بازرگانی ته‌مومژاوی له‌ئه‌مەریكا. نووسه‌ر ده‌ڵێت:"سه‌یره‌! سه‌ره‌تای ساڵی 2016 به‌بێده‌نگی، ێڤێت كلارك ئه‌ندامی كۆنگرێس له‌سه‌ر دیموكراته‌كان سه‌رپه‌رشتی كڕینی 75 پارچه‌ی ئه‌له‌كترۆنی كردووه‌كه‌بایی 120 هه‌زار دۆلار بوو له‌كاتێكدا 20 ئه‌ندامی كۆنگرێسی سه‌ر به‌دیموكراته‌كان راپۆرتێكیان پێشكه‌شكرد كه‌به‌شێك له‌پارچه‌كان ونبووه‌و نه‌گه‌یشتووه‌، ئه‌مه له‌كاتێكدا براكه‌ی عه‌مران یه‌كێك بوو له‌فه‌رمانبه‌ره‌كانی كلارك داوای كوژاندنه‌وه‌ی ناوی ئه‌و پارچانه‌ی كردبوو کە له لیسته‌كاندا نییه‌".

عه‌مران ساڵی 1980 له‌پاكسان له‌دایكبووه‌و له‌هه‌رزه‌كاریدا گه‌یشتۆته‌ ئه‌مەریكا. له‌یه‌كێك له‌شارۆچكه‌كانی ویلایه‌تی فێرجینیا-ی نزیك واشنگتۆن نیشته‌جێبووه‌. ساڵی 2004 ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مەریكی وه‌رگرتووه‌. له‌هه‌مان ساڵدا، كارێكی ده‌ستكه‌وتووه وه‌ك پسپۆری ته‌كنۆلۆژیایی زانیارییه‌كان له‌لای رۆبه‌رت وێكسله‌ر كه له‌ساڵی 1997 ه‌وه نوێنه‌ری دیموكراته‌كان بوو له‌كۆنگرێس (ویلایه‌تی فلۆریدا) تا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی به ناچاری له‌ی جون-ی 2010.

عه‌مران هه‌ر له‌رێگه‌ی دیموكراته‌كانه‌وه له‌– 2017، ده‌ستی گه‌یشتووه به‌سه‌رپه‌رشتی ته‌كنۆلۆژیای زانیاری دیموكراته‌كان له‌كۆنگرێس تا ئاستێك مووچه‌ی ساڵانه‌كه‌ی گه‌یشتۆته 165 هه‌زار دۆلار، به‌بێئه‌وه‌ی ئاماده‌یی هه‌بێت له‌كاركردندا. زۆربه‌ی تواناكانی له‌پرۆژه‌ی جیاوازی بازرگانی سه‌رفكردووه له‌ئه‌مەریكا و هاتوچۆكردنی بۆ پاكستان، نووسه‌ر له‌كتێبه‌كه‌یدا هه‌موو ئه‌مانه‌ی وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازی پیشانداوه‌ .

سیخوڕی پاكسان بووه له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران

نووسه‌ر باس له‌وه‌ده‌كات عه‌مران دوای هه‌ژده مانگ له‌لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر خراپ به‌كارهێنانی كه‌لوپه‌ل و كۆمپیوته‌ره‌كانی كۆنگرێس و وه‌هاش لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كرا كه‌سیخوڕی پاكسان بووه له‌لای ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی دیموكراته‌كان، به‌ڵام دواجار وه‌ك نووسه‌ر ده‌ڵێت: "به‌هه‌وڵی دیموكراته‌كان توانرا له‌مانگی ئۆگۆستی 2018 سزاكه‌ی ته‌نیا سێ ساڵ كاركردنی بازرگانی و ئیشوكاری له‌ژێر چاودێریدا بێت، بێ ئه‌وه‌ی رۆژێك زیندانی بكرێت. "

نووسه‌ر ده‌ڵێت: "ئه‌م بڕیاره‌ی دادگا جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نه‌بوو چونكه‌هه‌ندێكجار عه‌مران شانازی به‌په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانییه‌وه‌ ده‌كرد و جاڕی ئه‌وه‌ی ده‌دا كه‌ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یه‌ كه‌سه‌رۆكی ئه‌مریكا بگۆڕێت".

نووسه‌ر باس له‌وه‌ش ده‌كات ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی عه‌مران هه‌روه‌ك هه‌موو ئه‌و پسپۆره بێ ئه‌زموونانه‌ی تری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی دیموكراته‌كان پاره‌یه‌كی زۆریان وه‌رگرتووه‌بۆ كاره‌كانیان.

جگه له‌عه‌مران ئاوان، هه‌ریه‌ك له‌هینا ئه‌لڤی خێزانی عه‌مران و عابد و جه‌مال-ی برای و ناتانیا سۆفیا-ی خێزانی عابد -ی برای عه‌مران و راو عه‌باس-ی هاورێی عه‌مران كه‌هیچ پێشینه‌یه‌كی پسپۆرێتی ئه‌وتۆیان نه‌بووه‌جگه‌له‌راهێنانێكی كه‌م نه‌بێت له‌سه‌ر ته‌كنۆلۆژیایی زانیارییه‌كانIT ، له‌ناو كۆمپانیاكه‌ی عه‌مران-دا كاریانكردووه‌. كه‌هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌بووه‌مه‌سه‌له‌یه‌كی ته‌رحكراو كه‌بۆچی ئه‌مانه دامه‌زرێندراون.

خه‌ریك بوو دیموكراته‌كان بۆیان بچێته سه‌ر

كتێبه‌كه به‌ڵگه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره له‌سه‌ر زۆرێك له‌پلانه‌كانی گه‌نده‌لی گروپه‌كه‌ی عه‌مران ئاوان. رۆسیاك ژماره‌یه‌كی زۆر نمونه‌مان له‌ساخته‌چێتی و ده‌ستبڕین و ره‌شوه‌و كاری سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ی عه‌مران پیشانده‌دات، كه شكستهێنراوه له‌ئاشكراكردنی به‌هۆی ئادابی كاركردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌. ته‌نانه‌ت پارێزه‌ره‌كه‌ی عه‌مران به‌رۆسیاك-ی وتووه كه هیچ بیرۆكه‌یه‌كی نییه ده‌رباره‌ی چۆنێتی كاركردنی كۆمپانیاكه‌ی عه‌مران و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ته‌نفیزییه‌ی پێ نه‌دراوه كه وه‌ڵامی هه‌بێت.

نووسه‌ر پێیوایه‌له‌پێناو پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، له‌بری ئه‌وه‌ی كۆنگرێس و وه‌زاره‌تی داد له‌سه‌رده‌می سه‌رۆكی پێشوو باراك ئۆباما، هه‌ستیان به‌شه‌رمه‌زاری بكردایه‌ له‌به‌رامبه‌ر دزینی ئیمه‌یلی دیموكراته‌كان و به‌تایبه‌تی هیلاری كلینتۆن كه ئابڕوچونێكی بێوێنه‌ بوو كه‌چی وه‌زاره‌تی داد له‌سه‌ر داوای دیموكراته‌كان كه‌وتنه ونكردنی به‌ڵگه‌كان و ته‌خوینكردنی شایه‌تحاڵه‌كان و یاریكردنی به‌به‌ڵگه‌كان. له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ش رویدایه‌وه‌و دیموكراته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی نه‌گونجاو ورده‌كاری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیان شێواند و كه‌وتنه‌پاكانه‌و به‌رگریكردن له‌خێزانه‌كه‌ی عه‌مران. ده‌شڵێت:"خه‌ریك بوو دیموكراته‌كان بۆیان بچێته‌سه‌ر، به‌ڵام به‌هاوكاری ده‌سته‌یه‌ك له‌رۆژنامه‌نووسانی واشنگتۆن كه‌ئاماده‌گیان تێدابوو پارێزگاری له‌سه‌ره‌وه‌ری سیاسی و دادوه‌ری بكه‌ن ئه‌و هه‌وڵه‌یان پوچه‌ڵكرده‌وه‌".

هه‌ڵه‌ی سه‌ركرده‌ی كۆمارییه‌كانی تێدابوو

نووسه‌ر هه‌موو هه‌وڵه‌كه‌ی بۆ ده‌رخستنی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه بووه‌كه‌خه‌ریكبووه په‌رده‌پۆش كرێت. ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی ویستووه‌خۆی پارێزراوی بێت له‌و زه‌لكاوه‌. له‌و نووسراوه‌وه‌ده‌ستپێده‌كات كه‌نانسی پۆلیسی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی پێشوو، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئێستا له‌رێگه‌ی نوسینگه‌كه‌یه‌وه ویستویه‌تی یاریبكات به‌لێكۆلێنه‌وه‌كان. هه‌روه‌ك چۆن نانسی پیلۆسی چاوبه‌ستی له‌وه‌زاره‌تی داد و میدیا و ته‌نانه‌ت سه‌ركرده‌ی كۆمارییه‌كان (نێوت گینگریتچ) كردووه‌كه‌به‌هێزترین كۆنگرێسمانه له‌مێژووی كۆمارییه‌كان كه‌بۆ سێ خول له‌سه‌ر یه‌ك نه‌یهێشت دیموكراتییه‌كان زۆرینه‌بن و پێشه‌كی ئه‌م كتێبه‌ش هه‌ر ئه‌و نووسیویه‌تی.

بۆ زیاتر به‌رچاو روونی خوێنه‌ر، گینگریتچ له‌پێشه‌كه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی:"سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ نووسی، ئابڕووچونی دیموكراسیه‌ت له‌ته‌كنۆلۆژیای زانیارییه‌كان كلیلێكه بۆ زۆر گه‌نده‌ڵی كه ئێمه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌یبینین". له‌درێژه‌ی پێشه‌كییه‌كه‌دا ده‌نوسێت: "ئه‌م كتێبه‌ نیشانی ده‌دات كه‌تره‌مپ تا چه‌ند راست ده‌كات له‌م قسه‌یه‌یدا. له‌هه‌قیقه‌تدا سێ ئابڕووچوون هاوته‌ریب له‌م كتێبه‌دا روونكراوه‌ته‌وه‌.

یه‌كه‌م: كرده‌وه‌سه‌رپێچییه‌وتراوه‌كان له‌نێو ژماره‌یه‌ك له‌دیموكراته‌كانی نێو كۆنگرێس له‌نێو سیستمه‌كه‌دا كه‌ته‌كنۆلۆژیای زانیارییه‌كان هاوكاری عه‌مران ئاوان-ی و هاوكاره‌كانی كردووه‌تا وابكات پاره‌یه‌كی زۆر بدزرێت و كه‌لوپه‌لێكی زۆر بكڕدرێت به‌بێ سوود و دواتریش به‌و په‌ڕی توانایه‌وه‌زانیارییه‌كانی برده‌ده‌ره‌وه‌ی كۆشكی سپی.

دووه‌م: هه‌ڵه‌ی سه‌ركرده‌ی كۆمارییه‌كان كه به پێداگریه‌وه نه‌چوون به‌ره‌و رووی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌وه‌و ئیدانه‌یی ئه‌و ڤایرۆسی ئابرووچوونه‌یان نه‌كرد.

سێیه‌م: هه‌ڵه‌ی میدیا لیبراله‌كان ده‌رباره‌ی روماڵكردنی ئه‌و ئابرووچوونه‌ی كه‌له‌مێژووی كۆنگرێس-دا رووینه‌داوه‌".

داوا له‌ئێف بی ئای كراوه‌نه‌رم بێت

نووسه‌ر ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردووه‌كه‌ژیانی رۆژانه‌ی ماڵه‌وه‌ی عه‌مران هاوشێوه‌ی كاره‌كه‌ی نه‌بووه‌. سۆمێرا سدیق-ی ژنی یه‌كه‌می هه‌میشه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا ژیاوه‌. ته‌نانه‌ت جارێكیان، له‌به‌رده‌رگای ماڵی باوكی سۆمێرا له پاكستان وه‌ستاوه‌و بێ ترس چۆته‌ژووره‌وه دوو فیشه‌كی ناوه‌به باوكییه‌وه و برینداری كردووه و گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئه‌مەریكا. هه‌ربۆیه‌ به‌شی یه‌كه‌می كتێبه‌كه له‌ژێر ناوی "ته‌نیا خوا هاوكاری من ده‌كات" باسی رۆژی 4ی جولای 2018 ده‌كات كاتێك خه‌ڵكی ئه‌مەریكا له‌وپه‌ڕی خۆشی و سه‌رقاڵی ته‌قاندنی یارییه‌ ئاگرینه‌كانن به‌ئاسماندا، به‌ڵام سۆمێرا بێئومێد بووه له‌وه‌ی كه یاسا له‌ئه‌مەریكا بتوانێت هه‌قی بۆ وه‌رگرێته‌وه‌ به‌هۆی ده‌ستڕۆیشتنی عه‌مران-ی مێردییه‌وه‌.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی و له‌لاپه‌ڕه 49 دا باسێكی تری كردووه‌ئه‌ویش له‌گه‌رمه‌ی هه‌ڵبژاردنی 2016دا چوونه‌ته ناو سیستمی ئاسایشی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌، نوسینگه‌ی پشكێنه‌ری گشتی سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاشكرایده‌كات كه توانراوه‌هاكی كۆمپیوته‌ره‌كانی لیژنه‌ی نیشتمانی دیموكراتییه‌كانیش بكرێت، بۆیه‌ نووسه‌ر له‌و كاته‌دا لێكۆڵیاری لیژنه‌ی ئاسایشی ناوخۆ و كاروباری حكومه‌تی سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی پیران بووه‌توانیویه‌تی چاودێری وردی هاككردنه بكات و ناوی عه‌مرانی بینیوه‌ته‌وه‌ له‌ناو سیستمی هاككه‌راكاندا. له‌هه‌مانكاتدا و چه‌ند رۆژێك دواتر به‌شێك له‌ئامێری كۆمپیوته‌ره‌كانی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ونده‌كرێن.

تیرازا گراڤێنستاین پشكێنه‌ری گشتی، جه‌سورانه‌هه‌ست به‌م پێشێلكارییه‌ ده‌كات به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌زمونێكی فراوانی هه‌یه‌ له‌بواری ته‌كنۆلۆژیای زانیارییه‌كان، روخسه‌ت له گه‌وره‌به‌رپرسی دیموكراته‌كان ده‌خوازێت كه‌لێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌واو بكات، به‌ڵام به‌هۆی ده‌ستێوه‌ردانی نانسی پیلۆسی و جیمی فلیت، وا له‌ئێف بی ئای-ی واشنگتن دی سی ئه‌كه‌ن كه‌نه‌رمی بنوێنێت له‌مه‌سه‌له‌كه‌و دواتریش پشتگوێ بخرێت.

نوسه‌ر نوسیویشیه‌تی، دوو مانگ دواتر پۆلیس زانیارییه‌كی ئاڵتوونی چنگكه‌وت. له‌نهۆمی دووه‌می بینای نوسینگه‌ی ریبێرن هاوس كه‌بینایه‌كه‌سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌، جانتایه‌كی دۆزییه‌وه‌ كه لاپتۆپێك -ی ژنه‌كۆنگرێسمانی پێشوو (دێب فاسرمان شۆلتز) له‌گه‌ڵ كۆپی ناسنامه‌ی مۆڵه‌تی رێخورینی ئۆتۆمبێلی عه‌مران و ناسنامه‌یه‌ك ی تێدا بووە كه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ له‌كۆنگرێس كارده‌كات. وێرای ئه‌وه‌ی نامه‌یه‌كی عه‌مران بۆ داواكاری گشتی له‌ویلایه‌تی كۆلۆمبیا و ده‌فته‌رێكی تێبینی.

له‌كاتێكدا شۆلتز پروپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی كردبوو كه‌ئه‌و لاپتۆپه‌كه‌ی لێونبووه‌ و ماوه‌ی شه‌ش‌مانگ زیاتریش بوو كه ده‌ستی پێ له‌كاركێشرابۆوه به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك به‌ڵگه‌نامه له‌ویكیلیكس له‌به‌رژه‌وه‌ندی هیلاری كلینتۆن. به‌ڵام ئه‌م كاره‌عه‌مران بۆ شۆلتز-ی ئه‌نجامدابوو‌.

رۆسیاك ئه‌وه‌روونده‌كاته‌وه كه‌پۆلیسی واشنگتۆن له‌ی فێبریوه‌ری 2017 ده‌ست به‌لێكۆڵینه‌وه‌ده‌كات له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌دوابه‌دوای بانگهێشتی فیل كیكۆ به‌رپرسی ئیداری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه‌رێگری له‌عه‌مران ده‌كات ئیتر په‌یوه‌ندی نه‌بێت به‌تۆڕی كۆمپیوته‌ره‌كانی كۆنگرێسه‌وه ئه‌ویش به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو پێشێلكارییه‌ی كراوه‌له‌سیستمه‌كه‌دا.

سه‌رقاڵی به كرێدانی خانوو-ش بووه‌

نووسه‌ر باس له‌چه‌ندین رووداو به‌سه‌رهات ده‌كات له‌سه‌ر عه‌مران كه‌له‌گه‌ڵ ئه‌م كاره‌ی كۆمپانیای ته‌كنۆلۆژیای زانیارییه‌كان، سه‌رقاڵی كڕینی خانوو و به‌كرێدانی خانوو بووه له‌باكوری فێرجینیا.

هه‌ندێك جار خانووی كڕیوه به‌ناوی كه‌سانی خێزانه‌كه‌یه‌وه تا قیستی مانگانه‌كه‌ی كه‌م بێت. نوسیویه‌تی: "به‌ئاره‌زوو ئه‌و كه‌سانه‌ی تاوانبار كردووه‌كه‌رۆژێك پاره‌ی مانگانه‌یان دواخستووه‌یان غرامه‌ی قورسی كردوون به‌و بیانووه‌ی شوێنه‌كه‌یان تێكداوه‌. هه‌روه‌ها له‌لاپه‌ڕه‌85 و له‌چاپته‌ری هه‌شتدا یه‌كێك له‌و ئابڕووچوونانه‌ی تری كه‌ئاشكرابووه‌، 100هه‌زار دۆلاری له‌بانك قه‌رزكردووه‌له‌ژێر ناوی عه‌لی ئه‌ل-عه‌تار كه‌دكتۆرێكی عیراقی خه‌ڵكی به‌غدایه‌و له‌ویلایه‌تی ماریلاند نیشته‌جێیه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ل-عه‌تار 2 ملیۆن دۆلاری خه‌ڵكی عیراقی بردووه و خۆی گه‌یاندۆته ئه‌مەریكا."

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجی خوێنه‌رانه‌لۆك رۆسیاك ئه‌مه‌یه‌كه‌مین كتێبێتی له‌ژیانیدا و به‌م كتێبه‌ 350 لاپەرەییە، ژیانێكی گه‌شاوه‌ی بۆ خۆی تۆماركرد كه‌توانی ده‌ست به‌رێت بۆ مه‌له‌فێكی هه‌ستیار كه‌ئه‌ویش ئه‌و ناعه‌داله‌تییه‌ی له‌سایه‌ی دیموكراتییه‌كان، له‌كۆنگرێسدا به‌ڕێوه‌چوو.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق