رێککەوتنی ئیسرائیل و بەحرەین؛ فەلەستین تووڕەیە و سعودیە بێدەنگە

ليست هناك تعليقات

دیمەنی سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە کە بەرەو واشنتن بەڕێدەکەوێت، ئەو بۆ رێوڕەسمێک دەچێت، کە بە گوتەی خۆی رۆژێکی مێژووییە؛ ئەویش رێوڕەسمی واژۆکردنی دەستپێکردنی پەیوەندیی ئاسایی وڵاتەکەیەتی لەگەڵ ئیمارات و بەحرەیندا.

ئیمارات و بەحرەین لەپاڵ میسر و ئوردوندا دەبنە چوار وڵاتی عەرەبی کە پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت. لە رێوڕەسمی واژۆکردنەکەدا، جگە لە بنیامین نەتەنیاهوو، هەریەکە لە عەبدوللەتیف بن راشید، وەزیری دەرەوەی بەحرەین و عەبدوڵڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە کۆشکی سپی ئامادە دەبن. 

لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا ئیسرائیل لەگەڵ دوو وڵاتی عەرەبی رێککەوتنی واژۆکرد. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "رۆژی هەینی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لەگەڵ سەرۆک ترەمپ و سەرکردەیەکی دیکەی عەرەبی هەبوو، ئەمجارەیان لەگەڵ شا حەمەدی بەحرەین قسەم کرد، گفتوگۆیەکی گەرموگوڕبوو، ئێمە پەیوەندییەکی ئاشتییانەمان بونیادنا. ئێمە ئێستا دوو رێککەوتنی ئاشتی مێژووییمان هەیە کە لەماوەی یەک مانگدا لەگەڵ دوو وڵاتی عەرەبی پێیگەیشتووین". 

رێککەوتنەکە کاردانەوەی لێکەوتەوە، فەلەستنییەکان تووڕەن وەک چۆن دژی رێککەوتنی ئیسرائیل و ئیمارات توڕەیی خۆیان دەربڕی، بە هەمان شێوە دژایەتی رێککەوتنی بەحرەین و ئیسرائیل دەکەن. بەشێکی فەلەستینییەکان پۆستەری سەرکردەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و بەحرەین دەسووتێنن. بزووتنەوەی حەماس و هەندێک گرووپی دیکەی فەلەستینی دەڵێن، ئیمارات و بەحرەین هاوکارن بۆئەوەی وەک خۆیان دەڵێن داگیرکردنی فەلەستین درێژەی هەبێت. 

حازم قاسم، گوتەبێژی حەماس ئاماژە بەوە دەکات، پەیوەندیکردنی بەحرەین بە ئیماراتەوە واتە "پشتیوانیکردن لە داگیرکەر". ئەوان بەو کارە بەشدارن لە جێبەجێکردنی گرێبەستی سەدە بۆ پێشێلکردنی مافی فەلەستینییەکان. "ئەم جۆرە رێککەوتنانە زیانی گەورە بە پرسی فەلەستینی دەگەیێنن".

سەرۆکوەزیرانی فەلەستین، رۆژێک پێش ئەو رێوڕەسمە گوتی، چاو بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمکاری عەرەبی دەخشێننەوە.

موحەممەد ئشتییە، سەرۆکوەزیرانی فەلەستین رایگەیاند، "ئێمە شاهێدی رۆژێکی رەش دەبین لە مێژووی نیشتمانیی عەرەبی و شکستی کۆمکاری عەرەبی، کە چیدیکە کۆمکار نییە بەڵکو دابەشکەرە، رۆژێکی دیکە بۆ رۆژژمێری ئازارەکانی فەلەستینییەکان و تۆماری شکستەکانی عەرەب زیاد دەکات.

بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی پێشوازی لە هەردوو رێککەوتنەکە دەکەن، سعودیەش کە بۆچوونی بەهەند وەردەگیرێت، هێشتا بێدەنگە. باس لەوەش دەکرێت ئێستا ئەمریکا کار لەسەر رازیکردنی هەندێک وڵاتی دیکە دەکات بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی هاوشێوە.

هەڵوێستی وڵاتان

سعودیە بێدەنگە و پێشوازی لە هەر هەوڵێکی ئاشتی دەکات 

سعودیە یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هەڵوێستی لەو بارەوە بە هەند وەردەگیرێت، چونکە بە پێشەنگی وڵاتانی عەرەبیی سوننە دادەنرێت.

رۆژی 19ـی ئاب، فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود، وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، هەر هەوڵێک بە ئەرێنی دەزانن کە لە ناوچەکەدا ئاشتی بەرەوپێش بەرێت و هەڕەشەی لکاندنی کەناری رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە رابگرێت.

فەلەستین سەرکۆنەی هەردوو رێککەوتنەکە دەکات، دەڵیت، بەحرەین و ئیمارات لە داگیرکاری بەشدارن

سەرۆکوزیرانی فەلەستین دەڵێت، رێککەوتنەکانی ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل نیشانیدەدات کۆمکاری عەرەبی دەستەوەستانە و لەجیاتی کۆکردنەوەی وڵاتانی عەرەبی دابەشیان دەکات.

بزووتنەوەی حەماسیش پێیوایە ئیمارات و بەحرەین بەم رێککەوتنە بەشدارن لە داگیرکردنی خاکی فەلەستین و زیانی گەورە لە پرسی فەلەستینی دەدەن.

میسر: هەنگاوێکی گرنگە

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر دەڵێت، ئەوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ دەستپێکردنی پەیوەندییەکی دیپلۆماسی و دەشتوانێت سەقامگیر و ئاشتی لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست بهێنێتە ئاراوە. 

کۆمکاری عەرەبی لەگەڵ ئاساییکردنەوەیە

لە کۆبوونەوەی ئەمجارەی کۆمکاری عەرەبیدا، وڵاتانی ئەندام پشتگیری خۆیان بۆ دەستپێشخەریی ئاشتیی عەرەبی ساڵی 2002 دووبارە کردەوە، کە تێیدا پێشنیازی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی کراوە، بەو مەرجەی ئیسرائیل بە تەواوەتی لە هەموو ئەو ناوچانە بکشێتەوە کە وڵاتانی عەرەبی و بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە "ناوچەی داگیرکراو" یان دەزانن، لەوانەش کەناری رۆژئاوا، بەرزاییەکانی جۆلان.

عومان پشتیوانی لە هەردوو رێککەوتنەکە دەکات 

حکومەتی عومان بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە دەشێت لە داهاتوویەکی نزیکدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێبکات. حکومەتی عومان بە ئاشکرا پشتگیری لە رێککەوتنی ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل کردووە. دەشڵێت، ئەمە رێگەیەکی ستراتیژیی نوێیە

عێراق بێلایەنی هەڵبژاردووە 

حکومەتی عێراق رایگەیاندووە دەست لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی دیکە وەرنادات، بەڵام جەختی لەوەش کردووەتەوە کە یاسای ئەو وڵاتە رێگە بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل نادات.

ئێران دژی هەردوو رێککەوتنەکەیە: ئیمارات لە پشتەوە چەقۆی لە فەلەستین دا و بەحرەین هاوبەشی تاوانە 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیلی بە "چەقۆیەکی مەترسیدار" لە پشتی فەلەستینییەکان و موسڵمانان ناوبردووە. ئێران دەڵێت، ئەوە خیانەتێکە و بیرناچێتەوە. 

سەبارەت بە رێککەوتنی بەحرەین و ئیسرائیلیش، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، بەحرەین بەو کارە بووەتە هاوبەشی تاوانێک کە ئیسرائیل دژی فەلەستین و جیهانی ئیسلامی ئەنجامیدەدات

تورکیا بە تووندی سەرکۆنەی دەکات

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئیدانەی رێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیلی کرد، بە هەمان شێوەی ئیدانەی رێککەوتنەکەی 11ـی ئەیلوولیشی کردووە و دەڵێت، ئەم هەنگاوەی بەحرەین هانی ئیسرائیل دەدات بەردەوام بێت لە هەوڵە "ناشەرعییەکانی" دژ بە خەڵکی فەلەستین.

ئوردن: هەنگاوێکی پێویستە

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن دەڵێت، بەحرەین هەنگاوێکی پێویستی ناوە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی لە ناوچەکەدا. ئاماژە بەوەشدەکات، پێویستە لە هەمانکاتدا ئیسرائیل کۆتایی بە داگیرکردنی خاکی فەلەستین بهێنیت. 

ئەوروپا پشتیوانی لە رێککەوتنەکان دەکات

وڵاتانی ئەوروپی بە شێوەیەکی گشتی پشتگیریی هەردوو رێککەوتنەکە دەکەن، بەڵام هەندێکیان وەک بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا داوای راگرتنی پرۆسەی لکاندنی کەناری رۆژئاوا بە خاکی ئیسرائیلەوە دەکەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif