عوسمان گوڵپی، لە لێدوانێکی میدیاییدا بۆ وشە ڕایگەیاند: لەو وادەیەدا ناوماڵی كورد زۆر خراپ بوو، هێزەكان تەبا نەبوون و گرژییەكان لە هێڵی گەرمدا بوون، وڵاتانیش مرۆڤانە و دیموكراسییانە مامەڵەیان نەكرد و لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان پشتیان كردە کورد، بۆیە دەرئەنجامی ڕیفراندۆم خوازراو نەبوو
ئەمڕۆ سێشەم 15ی ئەیلوول، عوسمان گوڵپی چاودێری سیاسی لە سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند: كورد و دەوڵەت و مافی سەربەخۆیی شتێكی سروشتی و ئاساییە و ئەوە مافێك نییە كەس بە كوردی دابێت، بەڵكو ئەوە بوونی كوردە وەك نەتەوە وایكردووە چۆن عەرەب و فارس و تورك و ئینگلیز مافی دەوڵەت و سەربەخۆیی هەیە، ئاواش كورد ئەو مافەی هەیبێت.
زیاتر روونی دەکاتەوە، لەڕاستیدا دەبوو نەتەوەكانی تر بایی ئەوە تێگەشتوو بوونایە كە دەوڵەت و سەربەخۆیی پێویستی بە ریفراندۆم نییە، چونكە ستەم و زوڵمی زلهێزان و وڵاتانی ناوچەكە وایكردووە كورد بیهەوێ بەم رێگایانە بگاتە سەربەخۆیی، دەوڵەت و نەتەوەكانی تر مرۆڤانە لەگەڵ كورد مامەڵەیان بكردایە، نە پێویستی بە شۆڕش دەكرد و نە ڕیفراندۆم.
"ڕیفراندۆم دوو لایەنی هەیە، یەكەم: بوونی خودی ڕیفراندۆمەكە مافێكی ئاسایی و سەرەتایی كوردە و نە عەیبەیە و نە شەرمە، هەر دەبێت ڕۆژێك بێت نەتەوە و دەوڵەتانی تر ئەو ڕاستییە قبوڵ بكەن كە كورد نەتەوەیەكی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بەدەوڵەتبوون كەمترین قەرەبووی ئەو نەتەوە غەدر لێكراوەیە" عوسمان گوڵپی وای گوت.
لە بارەی لایەنی دووەمیشەوە ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵی، لایەنی دووەم كاتی ڕیفراندۆم بوو كە بەداخەوە بەهۆی ئەوەی لەو وادەیەدا ناوماڵی كورد زۆر خراپ بوو، هێزەكان تەبا نەبوون و گرژییەكان لە هێڵی گەرمدا بوون، وڵاتانیش مرۆڤانە و دیموكراسییانە مامەڵەیان نەكرد و لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان پشتیان كردە کورد، بۆیە دەرئەنجامی ڕیفراندۆم خوازراو نەبوو، كێشە ناوخۆییەكان، ڕیفراندۆمی لە پرسێکی نەتەوەییەوە كردە پرسێکی حزبی كە ئەمە زۆر هەڵەیە هەركەسێك بەرژەوەندی نەتەوەیی تێكەڵ بكات و لە ڕقی حزبێكدا ببێتە بەشێك لە دژایەتیكردنی خەونێكی نەتەوەیی.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق