چۆن بە کوپێک قاوە تورکیای لە عێراق دەرکرد؟‌

ليست هناك تعليقات


نوری سەعید مێژوویەکی جیاواز و کەموێنەی هەیە لە عێراقدا، کە رەنگە لە مێژووی گەلاندا تەنها کەس بێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا ١٤ جار پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرتبێت، ساڵی ١٩٣٠ بۆ یەکەم جار کابینەکەی دروستکرد، لە قۆناغی دەسەڵاتداری ئەودا عێراق رووبەڕووی چەندین گێرەو کێشە بووەوە، پەیوەندی لەگەڵ بەریتانیاش کە سەرپەرشتی کارووباری عێراقی دەکرد، چەندین جار کەوتە تەنگەژەوە. 

هەڕەشەی تورکیا

سەرەتای پەنجاکان، تورکیا بە ئاشکرا دەیویست دەستوەردان بکات لە کارووباری موسڵ بۆ ئەوەش هێزی جوڵاندبوو بەرەوە شارەکە، کە تورکیا تا ئێستاش ویلایەتی موسڵ بە بەشێک لە خۆی دەزانێت، نوری سەعید ئەو کات سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو دەیزانی مەترسییەکە جددیەو ئەوەش دەزانێت کە هێزی عێراق توانای رووبەڕووبوونەوەی تورکەکانی نییە.


کاتێک نوری سەعید هەڕەشەکانی گوێ لێبوو، ئەمیش لە بەرامبەردا هەڕەشەی نەکرد، هاوکات داوای هاوکاری لە کەس نەکرد، بەڵکو بە لێهاتوویی خۆی رێگەیەکی سیاسی بەکارهێنا، بۆ راگرتنی تورکەکان و لەوەشدا سەرکەوتوو بووە توانی تورکیا بوەستینێت و ئەو فایلەش دابخات.

بەرەو ئیتالیا

نوری سەعید داوای لە ستافەکەی کردووە، بە خێرایی فڕۆکەی بۆ ئامادە بکەن و مۆعیدی دیداری سەرۆکی ئیتالیای بۆ وەربگرن تا سەردانی بکات.

سەرۆک وەزیران سەردانێکی خێراو کورتی بۆ ئیتالیا ئەنجامدا و کوپێک قاوەی لەگەڵ سەرۆکی ئیتالیا خواردەوەو گەڕایەوە عێراق، بێ ئەوەی هیچ قسەو لێدوانێکی لەسەر ناوەرۆکی سەردانەکە هەبێت، بەڵکو بێدەنگی هەڵبژارد.

بەریتانییەکان بە وردی چاودێری ئەم سەردانەیان دەکرد، ئەو کاتە ململانێیەک لە ژێر پەردەوە لە نێوان ئیتالیا و بەریتانیا هەبوو هەردوولا لە رکابەریدا بوون، بەریتانیا لە هەر دەستوەردانێکی ئیتالیا دەترسا لە عێراق.

لە هەمان کات پەیوەندی عێراق و بەریتانیاش لە بەرزی و نزمی بەردەوامدا بوو لە ماوەی پادشایەتیدا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی مەلیک فەیسەڵ و دواتریش مەلیک غازی دەیانویست عێراق لە چنگی ئینگلیز دەربهێنن، بەریتانیاش خواستی ئەوەی هەبوو کارتی هەڕەشەی تورکەکان هەمیشە وەک فشار لەسەر عێراق بەکاربهێنێت. تا مەترسییەکی هەمیشەیی لەسەر عێراق هەبێت بۆ ئەوەی بیر لەوە نەکەنەوە بێ بەریتانیاو بە تەنها خۆیان کارووباری خۆیان بەڕێوەبەرن، بەڵام نوری سەعید زیرەکانە سیحری بەسەر ساحیردا شکانەوە، کارتی هاوشێوەی بەکارهێناو هاوکێشەکە پێچەوانە بووەوە، ئەمجارە بەریتانییەکان جددی بوون لە رێگری لە هەر دەستوەردانێک.

نوری سەعید کە گەڕایەوە خێرا بە ریتانییەکان خۆیان گەیاندە کۆشک و پێیان گوت، بۆچی چووی بۆ ئیتالیا؟

نوری سەعید گوتی، نەخشەو رێککەوتنی تایبەتی بە موسڵم بیست لای ئیتالییەکان، رۆشتم بۆ داوای هاوکاریی لە پێناو رێگری لە دەستوەردانی تورکیا.

بەریتانییەکان دەڵێن، نەخشە و رێککەوتنەکان هەمووی لای ئێمەیە، واز لە ئیتالییەکان بهێنە ئێمە کاری تورکەکان لە ئەستۆ دەگرین. بەم جۆرە نوری سەعید سەرکەوتوو دەبێت لە دوورخستنەوەی مەترسی تورکەکان، بەریتانییەکان دەهێنێتە سەرخەت تا رێگری بکەن لە تورکیا ئەو کارتەشی لە دەستی بەریتانییەکان سوتاند کە هەڕەشەکانی تورکیا وەک کارت لەسەر عێراق بەکاربهێنن، لە کۆتاییدا عێراق لەگەڵ بەریتانییەکان گەیشتە رێککەوتنی باش و هەنگاو بە هەنگاو سەربەخۆیی زیاتری وەرگرت.

مێژوو دوای ٧٠ ساڵ

دوای ٧٠ ساڵ ئێستا بە هەمان شێوە عێراق چاوی لە وڵاتێکە مەترسییەکانی تورکیای لێ دووربخاتەوە، ئەمریکا کە ئێستا رۆڵی بەریتانیای جاران دەبێنێت جدی نییە لە کۆتایی هێنان بە هێرش و سنوربەزاندنەکانی تورکیا بۆ سەر عێراق، لەبری ئیتالیاش ئەمجارە فەرەنسا ئەو رۆڵە دەبینیت بەڵام پاریس بە مەیدانی خۆی هاتووەتە پێشەوەو یەکێک لە ئامانجەکانی دوایین سەردانی ماکرۆن بۆ بەغدا کۆتایی هێنان بوو بە دەستوەردانی تورکیا.

تورکیا ئێستا هێزی سەربازیی گەورەی لەناو خاکی عێراقەو ئامادە نییە گوێ بۆ نیگەرانی و داواکاری بەرپرسانی عێراق بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەردوام هێرش دەکاتە سەر ناوچە جیاوازەکان و خەڵکانی مەدەنی دەبنە قوربانی، جگە لەوەش تورکیا بەربەستی گەورەیە لە بەردەم پرۆسەی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا.

ئایا ئەمجارەش وڵاتێکی ئەوروپی وەک ٧٠ ساڵ پێش ئێستا دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی مەترسی تورکەکان؟ یاخود بارو دۆخەکە گۆڕاوەو بەرژەوەندییە گەورەکان لەگەڵ ئەنقەرە وادەکات ئەمریکا بەم زوانە چاوی نەکاتەوەو گڵۆپی سەوزی واشنتن بۆ پێشێلکارییەکانی تورکیا بەردەوام بێت؟
پەیسەرپرێس


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif