سندوقە ڕەشەكەی بەعس

ليست هناك تعليقات


لە دەروێشی سەدامەوە بۆ ھەڵگەڕانەوەو هەوڵی کودەتا، لە ڕاوچی جاسوسانەوە بۆ ئیعدامکردن بەتاوانی جاسوسی. دواتر چۆن خۆیشی بووە قوربانی و سەدام بۆچی لەناوی برد؟

فازڵ بەڕاک، ئەو ناوەی لەبیرەوەری عێراقییەکاندا وەک پیاوێکی ترسێنەر باسی لێوەدەکرێ. لە ھاوڵاتیەکی ئاساییەوە گەیشتە بەرزترین پلەی ئەمنی، بڕواپێکراوی سەدام و ئەحمەد حەسەن بەکر بوو ھەروەھا جێبەجێکاری ژمارەیەکی زۆر تاوانەکانیان بوو. ئەندامی قیادەی قوتری حزبی بەعس و راوێژکاری سیاسی سەدام، بەڕێوەبەری ئەمنی عام و موخابەراتی عێراق بوو، زۆرتر لەوەی خۆی بە سەرۆکی دەزگایەکی سەرکوتکەری دابنێ، خۆی بە مێژوونوس و زانا دائەنا.

سەددام تا سەر ئێسقان رقی لە شیوعییەکان بوو، بەتایبەت دوای تێکچوونی "بەرەی نیشتمانی – جەبھەی وەتەنی) لە ١٩٧٩، ئەوەبوو لە رێگەی فازیل بەراک بەڕێوەبەری گشتی ئەمن زۆر لە کادیرانی حیزبی شیوعی و حیزبی دەعوە پاکتاوکران. باسکردن لە تاوانەکانی ئەم جەللادەی بەعس لە ژمارە نایەت، فازڵ بەڕاک دەستێکی باڵای لە دوورخستنەوەی فەیلییە کوردەکاندا ھەبوو. کۆچپێکردن و بەزۆر دەرکردنیان لە بەغداو شارەکانی عێراق بەرەو ئێران. ھەروەھا فازڵ بەڕاک و بەرزان تکریتی سەرپەرشتی ئەنفالی بارزانییەکانیان دەکرد. سەرەڕای ئەو ھەموو کارەشی شەفاعەتیان بۆی نەکرد و کاتێ ھەڵوێستێکی بەدڵی سەدام نەبوو ئیعدامکرا. 

کورتەیەک لە ژیانی
دکتۆر فازڵ لەساڵی ١٩٤١ لە تکریت لەدایک بوو، خەڵکی گوندی (عۆجە) ھەمان گوندی سەدام بوو، دەرچووی کولیەی عەسکەری و، ئەندامی حیزبی بەعس بوو. کەسایەتییەکی داخراو بوو، زیرەک لەکاری ئەمنی و ھەواڵگری، تۆڵەسێن بوو، بەتایبەت دژی ئەوانەی ناڕازی بوون لە حوکمی سەدام. وەکو زۆرینەی بەعسییەکان دەروێشێکی سەرسەختی رژێمەکەی سەدام بوو، بۆ دەمکوتکردنی نەیارەکانی ھەموو رێگایەکی گرتەبەر. 
لە پاداشتی رۆڵی لە ئاشکراکردنی موئامەرە و پوچەڵکردنەوەی پیلانی کۆمەڵێک ئەفسەر بۆ ئینقلاب لەدژی سەدام و بەکر، پلەکەی بەرز دەکرێتەوە بۆ روتبەی عەمید و دادەمەزرێت لە بەشی سەربازی سەفارەتی عێراق لە مۆسکۆ، جگە لەوەش ئەرکی بەڕێوەبردنی ڕێکخستنەکانی حیزبی بەعسی پێ دەسپێردرێت. لەوماوەیە شارەزا دەبێت لەچۆنیەتی کارکردنی دەزگا ئەمنیەکانی یەکێتی سۆڤیەت کە دەگەڕێتەوە عێراق سوود لەو ئەزموونە دەبینێت.
ئەوکاتەی لە مۆسکۆ بووە باسێکی دەربارەی جوڵانەوەکەی ١٩٤١ی ڕەشید عالی عالی گەیلانی نوسیوە و پێشکەشی کردووە بە یەکێک لە زانکۆکانی مۆسکۆ. لە سەر ئەم باسە پلەی (دکتۆرا)ی وەرگرتبوو. ئەم باسەی، دوای دەستکاری کردنی، بە عەرەبی لە عێراق بڵاوکراوەتەوە.
چەند کتێبێکیشی نوسیوە دەربارەی: (تھدید الامن القومی) ، (المدارس الیھودیە و الایرانیە فی العراق) ، (البارزانی بین الاسطورە و الواقع). ئەو شەش بەرگەش کە لە سەر مێژووی حیزبی شیوعی عێراقی دەرچووە، ئەڵێن ھەر ئەم نوسیونی.
کتێبەکانی نرخی زانستییان کەمە، بەڵام ھەندێ بەڵگەی بەکەڵکیان تێدایە کە لە ئەرشیفەکانی ئەمن دەری ھێناون. نوسینەکانی ڕەگەزپەرستییان پێوە دیارە، بە زۆری بۆ ڕازیکردنی سەدام نوسراون.

فازڵ بەڕاک ساڵی ١٩٧٦ گەڕایەوە بەغدا و کرایە بەڕێوەبەری ئەمنی عامە کە فەرمان لە وەزارەتی ناوخۆوە وەردەگرێت، ئەوکات عیزەت دوری وەزیری بوو. بەڕاک سەرلەنوێ بناغەو ھەیکەلی ئەو دەزگایە دادەرێژێتەوە و گۆڕانکاری گەورەی تێدا دەکات، دەیکاتە بەھێزترین دەزگای ئەمنی. شەو و ڕۆژ کار دەکات دەستدەکات بەگرتن و زیندانیکردنی نەیارانی دەسەڵات و تەعزیبدانیان. 

لە ساڵی ١٩٨٤ فازیل بەڕاک لە زۆربەی دانیشتنەکانی مفاوەزاتی بەعس – یەکێتی بەشداربوو. فازیل لە توندەکان بوو، حەزی بە ڕێککەوتن نەئەکرد، ھەمیشە باسەکانی بەرەو ئەوە ئەبرد لەیەکتر دوور بکەونەوە. خۆی وا دەرئەخست ھەرچی ئەو بیڵێ نواندنەوەی بیروڕاکانی سەدامە.

ھەڵوێستی لەسەر داگیرکردنی کوێت:
بەڕاک یەکێک بوو لەو کەسانەی ھەر لەسەرەتاوە ناڕەزا بوو لەداگیرکردنی کوێت، دوای دەستپێکردنی ھێرشەکەش بەپێویستی دەزانی چیتر ئەو ھێرشە رابگیرێت و سوپای عێراقی لەکوێت بکشێتەوە. ئەم ھەڵوێستەشی بەدڵی سەدام نەبوو، دەورووبەرەکەی و کەسانی نزیکی سەدام بۆ مەرامی سیاسی خۆیان و تەسفیەی حیسابی کۆنیان لەگەڵ بەڕاک، چوونە بن کڵێشەی سەدامەوە بۆ لێدان لە متمانەی بەڕاک لەلای سەدام.
دوای داکیرگردنی کوێت لە ١٩٩٠ لیژنەیەک پێکھێنرا بە فەرمانی سەرۆک کۆمار، لیژنەکە سەرۆکەکەی فازڵ بەڕاک بوو، بۆ پێشکەشکردنی ڕاوبۆچوونیان بە سەدام لەبارەی کێشەی داگیرکردنی کوێتەوە، بەڵام راپۆرتی لیژنەکە بەدڵی سەدام نەبوو کەداوای کردبوو پێویستە لەکوێت بکشێینەوە. لەئەنجامدا لیژنەکە دوورخرانەوە. بەڕاکیش ساڵی ١٩٩١ خانەنشینکرا.
کاتێ ھێرشی (گەردەلوولی بیابان) دەستی پێکرد، سەرەتای ساڵی ١٩٩١ بەڕاک ھەوڵیدا بەرەو کوردستان بڕوات و لەوێ نیشتەجێ بێت، بەڵام کارەکەی سەرینەگرت.
سەدام حوسین لە بەرپرسی دەزگای موخابەرات دوری خستەوە و کردیە ڕاوێژکاری سیاسی خۆی، بەڵام لەراستیدا پۆستێکی شکڵی بوو، ئەگەرنا سەدام ھەموو بڕیارەکان خۆی تاکڕەوانە دەیدا و پێویستی بەراوێژکاری کەس نەبوو، ئەم دوورخستنەوەیە سەرەتای کۆتایی فازڵ بەڕاک بوو، ئەو کەسەی سندوقی ڕەشی نھێنییەکانی سەدام بوو، دەیان و سەدان کەسی بە فەرمانی سەدام کوشتبوو، بۆیە پێویستە ئەویش ئەو نھێنیانە ببباتە ژێر گڵەوە، سەرئەنجام ساڵی ١٩٩٣ سەدام ئەمیشی کوشت، بۆ ئەوەی بە یەکجاری بێدەنگی بکات و نھێنیەکانیشی لەگەڵ بنێژێ.

کەسێکی وەک فازڵ بەڕاک، بەو پێیەی ماوەی چەندین ساڵ سەرۆکی دەزگای موخابەرات بوو کە ھەستیارترین و بەھێزترین دەزگای ئەمنی بوو ئاگاداری زۆر نھێنی بوو، پەیوەندی باشی لەگەڵ سەرکردەکانی عەرەب ھەبوو، بە تایبەت موعەمەر قەزافی و یاسر عەرەفات، ھەر ئەو بو توانی قەزافی لەبەرەی ئێران دوربخاتەوە کە چەندین ساڵ لیبیا یارمەتی ئێرانی دەدا، سەرپەرشتی رێکخراوی موجاهیدینی خەلق ی دەکرد، ئەو ئیدارەی چەندین مەلەفی ئیقلمیی دەدا کە ھەندێکیان ئاشکرا و بەشێکیشیان تائێستاش بەنھێنی ماوەتەوە، یەکێ لەوانە دانیشتنێکی نھێنی لەنێوان بەڕاک و رۆبەرت گەیتس وەزیری بەرگری ئەوکاتەی ئەمریکا لە مەدرید، ئەمریکییەکان بەڵێنی ئەوەیان بە عێراق دابوو، ئەگەربێتو عێراق لە شۆڕشی ئیسلامی ئێران بدات کوەیت یان پێ ببەخشن.
بەڵام بەڕاک بۆچونی وابو کە پێویستە لە جەنگ دوربکەوینەوە و لەجیاتی ئەوە رێکەتنامەیەکی ئاشتی مۆر بکەین، بەڵام سەدام گوێی لێ نەگرت و بڕیاری جەنگی دا.

سەدامیش بیویستایە ھەرکەسێک لەناوبەرێ ئەوا تۆمەتی "خیانەت و جاسوسی" دەدایەپاڵ. بەتایبەت سەدام بانگی فازڵ بەراک دەکات و رەخنەی ئەوەی لێدەگرێت کە بەشداری نەکردووە لەسەرکوتکردنی راپەرینی شیعەکان دژی سەدام و خۆی لێ دزیوەتەوە. ھەروەھا یەکێ لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کرا ئەوەبو پەیوەندی لەگەڵ دەزگای موخابەراتی روسی ھەیە و نھێنییەکانی دەوڵەتی ئاشکرا کردووە. بەڵام ھەندێک ھۆکاری ئیعدامکردنی دەگەڕێننەوە بۆ خراپی پەیوەندی لەگەڵ براکەی سەدام بەرزان تکریتی و کاتی ئەوە ھاتبوو تەسفیەی حیسابی خۆیانی لەگەڵ بکەن.

"بەچاوی بەستراوەوە زۆریان لێکرد وەکو گوێدرێژ بزەڕێت! "
بەڵام دوای ئەوەی ھەستی بە دیکتاتۆریەتی سەدام و بەکر کرد کەھەموو شتێک لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا دەکەن ھەوڵیدا رابردووی رەشی لەگەڵ سەدام و بەکردا کەدژی گەلی عێراق تۆماریکردووە بسڕێتەوە. پلانی کودەتایەکی کێشا بەڵام نەیزانی لەلایەن نزیکترین کەسیەوە چاودێریکراوە. کاتێکیش تاوانەکەی لەسەر سەلما دەستگیرکرا، ئازارو ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی درا و سوکایەتی زۆریان پێکرد، ئینجا بردیانەوە بۆ تکریت. 
لەوێ بەچاوی بەستراوەوە زۆریان لێکرد لە بەردەم کوڕەکەی و باوکی و کەسوکار و عەشیرەتەکەیدا وەکو گوێدرێژ بزەڕێت.! ئینجا دوای ئەوە یەکسەر چاویان کردەوە، ئەویش دەستی کرد بەگریان، پاشان گوللە بارانکرا. دوای ئەوەی تەرمەکەیان ڕادەستی خێزانەکەی کردەوە، ھەڕەشەی ئەوەیان لێکرد دەبێ بەنھێنی بینێژن و بەھیچ شێوەیەکیش نابێ تازیە و مەراسیمی پرسەی بۆ دابنێن.
نەوشیروان مستەفا لەبارەیەوە دەڵێت: "دکتۆر فازیل بەڕاک، ڕەنگە دوای سەدام و عەلی حەسەن مەجید، گەورەترین جەللادی مێژووی عێراق بێت، لە سەردەمی ئەمدا بە ھەزاران کەس لە ئەندام و لایەنگرانی ھەموو حزب و جوڵانەوە سیاسییەکان لە زیندانەکانی (ئەمن)دا بە ئەشکەنجە کوژران، یا ھەڵواسران".

سەرچاوە:
الحقائق المغيبة في إعدام رئيس جهاز المخابرات الأسبق فاضل البراك
فاضل البراك .. صندوق اسرار صدام .. قتــل الالاف ثم أعـــدم
پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن: نەوشیروان مستەفا ئەمین


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif