پانتۆڵه‌كه‌ی هه‌رێم مەکەن به‌شۆرت

ليست هناك تعليقات

جیهانگیر گوڵپی
-
ئه‌ڵێن ڕۆژێك سه‌ر له‌به‌یانیه‌كه‌ی كورێكی گه‌نج پانتۆڵێك ده‌كڕێت، پانتۆڵه‌كه‌ 5سم درێژتره‌ له‌ پێوانه‌ی خۆی‌. 

كوڕه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵ و پانتۆڵه‌كه‌ی به‌ده‌سه‌تەوە‌یه‌، له‌ باخچه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌ خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌ی ده‌بینێت و داوای لێ ده‌كات‌ 5سم لە پانتۆڵەکە‌ی كورت بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و پێی ده‌ڵێت كه‌ ئێستا خه‌ریكی رێكخستنی باخچه‌كه‌یه‌و ناتوانێت كاره‌كه‌ی بۆبكات.

كوڕه‌كه‌ ئه‌چێته‌ ژوره‌وه‌ له‌ چێشتخانه‌كه‌ دایكی ده‌بینێت و هه‌مان داوای لێ ده‌كات به‌ڵام ئه‌ویش پێی ده‌ڵێت كه‌ناتوانێت كاره‌كه‌ی بۆ بكات چونكه‌ خه‌ریكی ئاماده‌كردنی خواردنه‌.

كوڕه‌كه‌ ده‌چێته‌ لای خوشكه‌ بچوكه‌كه‌ی و هه‌مان داوای لێ ده‌كات به‌ڵام ئه‌ویش پێی ده‌ڵێت ئێستا خه‌ریكی ئوتوكردنی جله‌كانی باوكیه‌تی و ناتوانێت كاره‌كه‌ی بۆ بكات.

ناچار دەچێت له‌لای به‌رگدرویه‌ك 5سم كورتی ده‌كاته‌وه‌، ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ ماڵ و پانتۆڵه‌كه‌ به‌قه‌دكراوی دەخاتە‌ ناو كانتۆری جله‌كانی و، پاشان ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌.

پاش كه‌مێك خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌ كاری ڕێكخستنی باخچه‌ ته‌واو ده‌كات و ده‌چێت 5سم له‌ پانتۆڵی براكه‌ی كورت ده‌كاته‌وه‌ و له‌جێی خۆی دای ده‌نێته‌وه‌.

دایكیشی له‌ پاشا ته‌واوبونی كاره‌كه‌ی، ده‌چێت‌ 5سم لێ کورت دەکاتەوە، پاشان پانتۆڵه‌كه‌ ده‌خاته‌وه‌ شوێنی خۆی.

پاش كه‌مێكیتر خوشکە‌ بچوكه‌كه‌یش ‌ ده‌چێت 5 سم ی لێ‌ كورت دەکاتەوەو، ده‌یخاته‌وه‌ شوێنی خۆی.

پاش نیوه‌ڕۆ كوڕه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵ، لای ئێواره‌ ده‌یه‌وێت پانتۆڵه‌ نوێیه‌كه‌ی له‌به‌ر بكات و بچێت بۆ به‌شداری ئاهه‌نگێك، كاتێك ده‌بینێت پانتۆڵه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ كورت كراوه‌ته‌وه‌ بوه‌ به‌ شۆرت. ئەمەیش لەبەر ئەوەی ھیچ ھەماھەنگیەک نەبوو لە نێوان ئەو چوار کەسە. 

چەند ساڵێکە بەئێستایشەوە شاندی هه‌رێم به‌جیاو به‌رده‌وام له‌ به‌غدان بۆ ڕێككه‌وتن، په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وام و كۆبونه‌وه‌و نێرده‌ی ناوبه‌ناویش هه‌ن، نوێنه‌رانی كورد له‌ په‌رله‌مانی عیراق و حكومه‌ت له‌وێن، پارته‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێم له‌به‌غدا بونیان هه‌یه‌و له‌ په‌یوه‌ندیی جۆراوجۆردان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و هێزه‌ عیراقیه‌كان، له‌ڕابوردودا زۆرترین گله‌یی له‌باره‌ی نه‌بونی هه‌مئاهه‌نگیه‌وه‌ هه‌بوو، ئیستا سه‌رۆك وه‌زیرانی عيراقيش هاتوه‌ بۆ هه‌رێم و به‌جیاو پێكه‌وه‌و به‌تاك و به‌كۆ لە ھەر شارو شارۆچکەیەک و لەھەر دامەزراوەو مەقەڕو بارەگایەک كۆبونه‌وه‌ ده‌كات، هه‌رچه‌ند سه‌ردانه‌كه‌ زیاتر له‌ نمایش و بانگه‌شه‌و مانۆڕ ده‌چێت به‌ڵام هه‌رجۆرێك بێت به‌های خۆی هه‌یه‌و ده‌كرێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پرسە سیاسی و دۆسیه ‌هه‌ڵواسروه‌كان هه‌بێت.

كاتێك مرۆڤ سه‌رنجی ئه‌و دۆخه‌ ده‌دات هه‌ست به‌ نه‌بونی هه‌مئاهه‌نگیه‌كی زۆر ده‌كات هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ مه‌سه‌له‌ی پانتۆڵه‌كه‌دا هه‌بوو.

له‌ پێشدا ناكۆكی و نه‌بونی هه‌مئاهه‌نگی پانتۆڵه‌كه‌ی هه‌رێمی زۆر كورت كردوه‌ته‌وه‌، هێوادارم له‌مه‌ زیاتر كورتی نه‌كه‌نه‌وه‌ ده‌نا ده‌بێته‌ شۆرتێکی نەشیاو.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق