ژێرزەمین (مەوزع)

ليست هناك تعليقات

ڕەوشت محمد
-
وەک چۆن ئێستە کە باس دێتە سەر نەخشەى خانوو، تۆ بیرت بۆ هۆڵ و ژوورى میوان و ناندێن و خەوتن دەچێ، ڕۆژگارێک بوو (ژێرزەمین) ـ لە هەورامان پێمان دەوت (مەوزع*) ـ بەشێکى ئاشناى خانووەکانمان بوو، یەک لە تایبەتمەندییە هەرە زۆرباشەکانى خانوو بوو، ئەمە بۆ هەموو ناوچە سنوورییەکانى کوردستان کە دەکەوتنە سنوورى نێوان عێراق و ئێران وابوو، بەتایبەت لە ماوەى شەڕى (ئێران/عێراق)دا، ئەگەر ئێستە بە شۆفاش  تەبرید مەرکەزى و سەقفى مەغریبى و.. هتد. خانوو کامڵ بێت، ئەوا ئەو سەردەمە بە (ژێرزەمین) خانوو دەبوو بە فوول مەواسەفات، لەشەڕى ئێران عێراق-دا (1980 ـ 1988) زۆرێک لە ماڵەکاندا شوێنێک هەبوو (ژێرزەمین)یان پێ دەوت، لە حەوشەى ماڵ یان بەتەنیشت ماڵەکانەوە بە ڕووبەڕى دووبە سێ یان سێ بەسێ، مەترێک دوو مەتر زەویان هەڵدەکەند و سەرەوەیان بە شێلمان و چینکۆ و چیمەنتۆیەکى ئەستوور ئەستوور دادەپۆشى، بەو جۆرە لە گەرەکێکدا چەند ماڵێک (ژێرزەمین)یان هەبوو. خەڵکى لە ترسى تۆپبارانى نێوان ئێران و عێراق، خۆیانیان تێدا حەشارەدا.

بەیانیان  وەختێ خەڵک وەشوێن دەزووى باریکى ژیانى خۆیان دەکەوتن و هەریەکەو دەچوونە سەرکارى خۆیان. کارێک مەرگى پیشان دەداى تا بتوانى لە ژیان بەردەوام بیت، هەمووان دڵیان لەدەستیانابوو خوایە ڕۆژەکە بە هێمى بگوزەرێ، گەرنا دەنگى ناسازى تۆپێک یان هاوەنێک یان ناپاڵمێک دەهات و ئیتر خەڵکەکە تێەگەیشتن ئەوە زەنگى سەرەتایەو دەشێ ئەو رۆژە تا درەنگى ئێوارە تۆپباران و هاوەنباران بەردەوام بێ، دەبوو هەموو بگەڕێنە ماڵەوە و دەستى منداڵەکانیان بگرن و بچنە یەکێک لەژێر زەمینەکانى گەرەک.

لە گوندەکاندا خەڵک شاخ و ئەشکەوتەکانیشیان دەکردە پەناگە، ئێستەش دەیان دیمەنى پچڕپچڕم لەبیرە کە تۆپباران دەستى پێدەکرد بەباوەشى باوکم یان دایکمەوە بەرەو (کونەچەقەڵ) کونێکى بچووک بوو لەژێر شاخەکەوە بەرەو خوارەوە دادەبەزیت و گرمۆڵەت دەکرد تا تۆپەکان خۆشیان دەکردەوە. قۆناغى دواتر کە گوندەکان ڕاگوێزان خەڵک دەستى دایە دروستکردنى (ژێرزەمین).

(مەوزع) شوێنێکى بچوکى دوو سێ مەترى، پڕدەبوو لە منداڵ و کوڕوکاڵ و دایک و باوکانى بەتەمەن، هەریەک بە بڕێک لە ترسەوە هەریەک  بە ترپەى خێرا و ناسازى دڵییەوە، هەریەک بە خەیاڵێکى خراپەوە، خۆى بەژێر زەمینەکەدا دەکرد، ژێر زەمین قانگ دەدرا بەترس و دڵەکوتە و هەناسەى تۆقیو، گریانى منداڵ و ورتەورتى پیاوان و زیکرى ژنان تا شەراى مەرگ دەیبردی. ئێستەش گەر توند چاو بنوقێنم و بچمەوە ناوخۆم گوێم لە دەنگى (یا حافزەلمەحفوز)ى دایکم دەبێ، دەنگى ئایەتەلکورسى یەکێک بە خێرایی و یەکێک بەهێمنى، ئایەتێک لەنێو نۆتەى دەنگێکى ترساو و تۆقیوەوە دەهات و ئارامى و ئارامشى بڵاودەکردەوە، یاغەوس و یاپیرشالیار و یا پیرەغەرەیبە، دەبوونە سەنگى سەبوورى و دەرونى ترساویان بڕێک هێمن دەکریەوە.

*(موضع) لە زمانى عەرەبیدا بەماناى شوێن دێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif