سەڵاح كوێخا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان خانەنشین کرا، یەکێتی جەلال نووری، قایمقامی کفری بەوەكالەت لە شوێنی دانا، ئەوە لەکاتێکدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە بۆ ئاڵوگۆڕی چەند پۆستێک، کە یەکێک لەوانە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانە و گۆڕان بە مافی خۆی دەزانێت.
سەڵاح كوێخا 9 ساڵە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانە و ئەمڕۆ لە ریورەسمێکدا خانەنشین کراو پۆستەكەی رادەستی قایمقامی كفری کرد. کوێخا رایگەیاند "ئاسوودەم بەوەی لەماوەی نۆ ساڵی كاركردنم خزمەتێكی زۆری ئیدارەكەم كردووە، كاتێك ئەو پۆستەم وەرگرت تەنیا سێ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی لەم سنوورە هەبوون، ئێستا 11 بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەن و هەمووشیان زۆر چالاكانە كاری خۆیان دەكەن".
جەلال نووری، قایمقامی كفری كە دەبێتە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە رووداوی راگەیاندوە، بەهۆی كۆبوونەوەیەكەوە لە وەزارەتی ناوخۆ ئەمڕۆ وەك سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەستبەكار نابێت، بۆیە دەستبەكاربوونەكەی دەكەوێتە رۆژی چوارشەممە.
لە ساڵی 2006ـەوە گەرمیان ئیدارەی سەربەخۆی هەیە و نزیكەی 350 هەزار دانیشتووی هەیە، سەڵاح كوێخا لە ساڵی 2011ـەوە سەرپەشتیاری ئیدارەكەیە و بودجەی ئیدارەكە 12.77٪ـی بودجەی پارێزگای سلێمانییە. جەلال نووری لە پشكی یەكێتی پۆستی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە وەكالەت وەردەگرێت، ئەو پێشتر بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵ قایمقامی كەلار بووە و ماوەی پێنج ساڵیشە قایمقامی كفرییە .
بزووتنەوەی گۆڕان لەو ئاڵوگۆرە نێوخۆییەی یەکێتی نیگەرانە و دەڵێن دەبوو ئاڵوگۆڕەکە لەنێوان یەکێتی و گۆڕان بووایە.
نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی مەکۆی کفری ئەو حیزبە بە رووداوی گوتوە "ئەو پۆستە بەرکەوتە و مافی گۆڕانە، بەڵام یەکێتی ئامادەنییە بیدات".
سەرەتای مانگی تەممووز بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە و بڕیاری پێکهێنانی دوو لیژنە درا، لیژنەی کارکردن بۆ لامەرکەزیی سلێمانی و لیژنەی ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکێتی و گۆڕان نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی سنووری ئیدارەی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە. ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان دەڵێت "ئەو کۆبوونەوانەی تاوەکو ئێستا کراون هەموویان بێ ئەنجام بوون".
سەرباری ئاڵوگۆڕی چەند پۆستێک لەماوەی رابڕدوودا، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ ژمارەیەک پۆستی لای یەکێتییە کە لەدوای رێککەوتنەکەی ساڵی 2014ی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێییەوە یەکێتی رادەستی نەکردوون، دەبێت ئەو پۆستانەش پڕبکاتەوە یاخود لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نوێدا چارەنووسیان یەکلایی بکرێتەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق