ڕاپۆرت، فەرەنسا وكاریگەری لە سەر سیاسەتی نێودەوڵەتی

ليست هناك تعليقات


ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە بەیرووتی پایتەختی لوبنان و ماوەی دوو رۆژ لە بەیرووت دەمێنێتەوەو دواتریش سەردانی بەغدا دەکات. ئامانجی ماکرۆن لەو سەردانانە تاوتوێکردنی رەوشی سیاسی هەردوو وڵاتە.

ماکرۆن پێش کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە سیاسییەکانی لوبنان، سەردانی خانمە گۆرانیبێژی بەنێوبانگی لوبنانی فەیرووز دەکات و قاوەیەکی لەگەڵ دەخواتەوە، دواتریش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ ماکرۆن لەگەڵ میشێل عۆن سەرۆکی لوبنان کۆدەبێتەوە و بڕیارە قسە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان بکەن، لەگەڵ ئەو پلانەی کە فەرەنسا بۆ دۆخی ئێستای لوبنان ئامادەی کردووە. پلانەکەش تایبەتە بە چاکسازیی سیاسی و ئابووری و هەروەها چاکسازی لە سێکتەرە جیاوازەکانی لوبنان.

پێش گەیشتنی ماکرۆن بە بەیرووت، لوبنانییەکان مستەفا ئەدیب باڵیۆزی پێشووی لوبنانیان لە ئەڵمانیا دەستنیشانکرد بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، زۆربەی لایەنە جیاوازەکانی لوبنان بە حیزبوڵڵاشەوە پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەدیب راگەیاندووە.

ئەدیب کەسێکی سووننی و سەربەخۆیە، سەرکردایەتی قۆناخی داهاتووی سیاسەتی حوکمڕانی لوبنان دەکات.

هەر دوای گەشتەکەی بۆ لوبنان، بڕیاریشە ماکرۆن سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. 

کاریگەریی فەرەنسا لە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان

لە ناپلیۆنی یەکەمەوە تاوەکو جەنەراڵ شارل دیگول، فەرەنسا دەستێکی باڵا و خاوەن هەژموونێکی گاریگەر بووە لە هیندستان، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوەکو ئەفریقیا. لەگەڵ چاکسازی و ئەنجامدانی چاکسازی لە دەستووری فەرەنسا و راگەیاندنی کۆماری پێنجەمەوە فەرەنسا لە ئاستی ئەوروپا و جیهانەوە سیاسەتی کۆلۆنیالیزمی پێشووتری بۆ دیپلۆماسیەتی ئاشتەوایی نێوخۆیی، هەرێمایەتی و جیهانی گۆڕی. ئەم گۆڕانکارییانە پێگەیەکی بەهێزی بە فەرەنسا بەخشی، کە لەگەڵ ئەڵمانیا بەردی بناخەی یەکێتیی ئەوروپا دابنێن. سەرەتا بە ناوچەیەکی بازرگانی و لە سەرەتای سەدەی 21یشدا دراوێکی یەکگرتوو بۆ 19 وڵاتی ئەوروپا و ئێستاش دارێژەڕی پلان و پاکێجەکانی ئابووری و دارایی ئەوروپا بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیانەکانی پەتای کۆڤید ١٩. 

لە نێو ناتۆدا سەرەڕای جیاوازی بۆچوونەکان سەرکردایەتی فەرەنسا پەیوەست بە رۆڵی ئەمریکا بەسەر ئەوروپادا و کاڵبوونی هاوئاهەنگی نێوان ئەندامانی رێکخراوەکە، فەرەنسا یەکێکە لەو 12 وڵاتانەی بە دامەزرێنەرانی ناتۆ هەژمار دەکرێن. دوای 70 ساڵ لە تەمەنی ناتۆ، ئێستا لە 30 وڵات پێکدێت کە فەرەنسا خۆی لەگەڵ زیادکردنی هاوپەیمانەکانی باکووری ئەتلەنتیکی بووە. 

لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان فەرەنسا ئەندامی هەمیشەییە و خاوەن مافی ڤیتۆیە. لەو تاکە ئەنجوومەنە نێودەوڵەتییەی، کە تەواوی جیهان ملکەچی بڕیارەکانی دەبن، فەرەنسا دەیان دۆسێی پرسە سیاسییە ئاڵۆزەکانی خستووەتە نێو کاری کۆبوونەوەکان و رای گشتی جیهانی لەسەر جووڵاندووە. لە هەندێک لەو پرسانەشدا پرۆژە بریاری لە بەرژەوەندی مافخوراواندا دەرچوواندوون. یەکێک لەو بڕیارە ناسراوانە کە فەرەنسا رۆڵی گەورەی تێدا گێراوە، بریاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە 5ی نیسانی ساڵی 1991 دوای راپەڕین و کۆڕەوی باشووری کوردستان دەرچووە و رێگری لە عێراق کرا چیدیکە کیمیاباران و ئەنفالی خەڵکی کوردستان نەکات. 

بە هاتنی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ کۆشکی ئێلیزێ لە 14ی ئایاری 2017 سیمای سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسا بەهێزتر لە پێشووتر دەرکەوت. ماکرۆن بۆ 100 ساڵەی کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم سەرکردە ناکۆکەکانی پێکەوە لە پاریس کۆکردنەوە. لە بەردەم ترەمپ و پوتین، سەرۆکە گەنجەکەی فەرەنسا رەخنەی لە سیاسەتی وڵاتان و مەترسی دوورکەوتنەوەی هێزە گەورەکانی جیهان و سەرهەڵدانی شەڕی ئابووری، سیاسی گرت. 

پەیوەندیی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان

لەدوای گشتپرسی ئەیلوولی 2017ی باشووری کوردستان، فەرەنسا و سەرۆکەکەی رۆڵێکی کاریگەریان گێڕا بۆ رێگریکردن لە بەغدا لە بەکارهێنانی گوشار و هێز لەدژی هەرێمی کوردستان. هەرزوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوەتی ئێلیزێ کرا و ئابڵوقەی دیپلۆماسی لەسەر هەولێر شکاند. 

رۆژی چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە. ئەوەش دوای ئەوەی ماکرۆن بڕیاریداوە سەردانی عێراق بکات. 

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کۆبونەوەکە لەسەر داوای ئیمانوێل ماکرۆن بووە و پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە بەڕێوەدەچێت، "چونکە لەبەر کەمیی کات ماکرۆن ناتوانێ سەردانی ھەولێر بکات و تەنیا چەند کاژێرێکیش لە بەغدا دەمێنێتەوە".

پێشتر ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، جیاواز لە سەردانەکانی پێشووتری سەرکردەکانی فەرەنسا، ئەمجارەیان ماکرۆن پلانی نییە سەردانی هەولێر بکات، بەڵام چاوەڕێدەکات سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بچنە بەغدا بۆ بینینی ماکرۆن.

ماکرۆن تەنیا یەک رۆژ لە عێراق دەمێنێتەوە. بابەتی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی عێراقی پرسی سەروەریی خاکی عێراق دەبێت، کە چاوەڕێ دەکرێت گفتوگۆ لەسەر کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەنێو خاکی عێراق و سنووربەزاندنی سوپای تورکیا بێت کە بەم دواییانە چەند جارێک بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە. 

هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی مێژووییان هەیە و ساڵی رابردوو لە سەرەتاکانی مانگی تەممووز، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئیلیزێ لە فەرەنسا لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن پێشوازیی لێکرا. 

لەکاتی دەستبەکاربوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش، ئیمانوێل ماکرۆن لەرێگەی دۆمینیك ماس، كۆنسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان نامەیەکی پیرۆزبایی گەیاندە نێچیرڤان بارزانی.

لە نامەکەدا ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاندبوو "دەستبەكاربوونتان قۆناخێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ هەموو عێراق كە لە سەروبەندی سەقامگیركردن و ئاشتەواییی كومەڵایەتیدان. دڵنیام ئەزموونی بەڕێزتان لە بەرپرسیاریه‌تییه‌كاندا و هەستی بەڕێزتان بۆ دەوڵەتمەداری، یارمەتیدەر دەبن بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەركە نوێیەتان كە فەرەنسا پشتگیریی تەواوی لێدەكات".

سەرۆکی فەرەنسا جەختیکردووەتەوە، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبێت و گوتبووی "فەرەنسا و كوردستانی عێراق لەڕێگەی پەیوەندیی مێژوویییه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدراون و جەنگی هاوبەشی دژی داعش ئەم پەیوەندییانەی پتەوتر كرد".

هەڵوێستی فەرەنسا بەرامبەر پرسی کورد لە سووریا

لە کاتی دروستبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە ساڵی 2014، فەرەنسا لە چەندین قۆناخی هەستیاردا هەڵوێستی دۆستانەی لە بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان نیشانداوە. لەپاڵ پشتیوانیی سەربازیی و مرۆیی، فەرەنسا هەڵوێستی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ پاراستنی گەلی کورد و یەكڕیزی نێوان پێكهاتە کوردییەکانی سووریا نیشانداوە. 

لە 19ی نیسانی 2019، ئیمانوێل ماکرۆن پێشوازیی لە شاندێکی هەسەدە کرد و جەختی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئەو هێزە کردەوە و بڕیاریشیدا هاوکاریی دارایی پێشکەش بکات. هەر لەو مانگەدا، فەرەنسا دەستپێشخەریی کرد و پێشنیازی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکانی پێشکەشکرد و تاوەکو ئێستاش فەرەنسا شانبەشانی ئەمریکا پشتیوانی دانوستاندنەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان دەکات.

کاتێک کە دۆناڵد ترەمپ لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2018 رایگەیاند هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا دەکێشێتەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئەمریکای لە بڕیارەکەی پاشگەزکردەوە. هەروەها کاتێک کە ترەمپ ساڵی 2019 جارێکی دیکە بڕیاریدا سەربازەکانی لە سووریا بکێشێتەوە، سەرۆکی فەرەنسا دوو جار پەیوەندیی پێوەکردبوو و داوای لێکردبوو کە هێزەکانی نەکێشێتەوە. لەو بارەیەوە جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە پەرتووکەکەیدا نووسیویەتی "ماکرۆن بە ترەمپی گوت: سەرنجی تورکیا لەسەر لێدانی کوردەکانە. تورکیا ئامادەیە سازش لەگەڵ داعش بکات."

هەروەها دوای کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ماکرۆن پەیوەندی بە ڤیلادمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا کردبوو بۆ ئەوەی رێکارێک بۆ پاراستنی کورد لە سووریا دابنرێت.

28ی تشرینی دووەمی 2019، ماکرۆن بە تووندی رەخنەی لە هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان گرت و گوتی "ئێمە دەبینین کە هێرشێکی دوژمنکارانە لەلایەن هاوپەیمانێکمان لە ناتۆدا ئەنجامدەدرێت کە بەرژەوەندییەکانمان دەخاتە مەترسییەوە".

رۆژی 23ی تشرینی یەکەمی 2019 فەرەنسا پێشوازیی لە محەممەد حەمید کرد، ئەو منداڵەی بەهۆی چەکە فسفۆڕییەکانی تورکیاوە بریندارببوو و ئەرکی چارەسەرکردنی گرتە ئەستۆ. 
لە ساڵی 2014ـەوە، فەرەنسا 45 ملیۆن دۆلاری وەکو هاوکاری بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تەرخانکردووە. ژمارەی سەربازانی فەرەنسا لە رۆژئاوای کوردستان 250 سەرباز بوو، ئێستاش ١٢٠ سەربازی فەرەنسی لە رومێلان و کێڵگە نەوتییەکانی ئەلعومەر و کۆنیکۆ هەن.

لە رومێلان تیمێکی پزیشکیی فەرەنسی هاوکاری پزیشکی و دەروونی پێشكەشدەکات و لە کێڵگەی نەوتیی ئەلعومەریش، هێزەکانی فەرەنسا مەشق و راهێنان بە هێزەکانی هەسەدە دەکەن. 

فەرەنسا بە درێژایی شەڕی نێوخۆی سووریا، هەڵوێستێکی ئەرێنی لە بەرامبەر پرسی کورد لەو وڵاتە هەبووە. پاریس جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت مافی کورد لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی سووریادا مسۆگەربکرێن


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif