ئیسرائیل و ئیمارات پەیوەندییەكانیان پتەو دەكەن

ليست هناك تعليقات


دره‌نگانی شه‌وی دووشه‌ممه‌ ماڵپه‌ری كۆشكی سپی به‌یاننامه‌یه‌كی سێ قۆڵی نێوان، ئه‌مەریكا، ئیسرائیل و ئیماراتی بڵاوكرده‌وه‌. باس لە كاریگەرییەكانی رێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات دەكات.

له‌و به‌یاننامه‌دا هاتووه‌: "رۆژێك پاش سه‌ردانە مێژووییه‌كه‌، كه‌ فڕۆكه‌یه‌كی نه‌فه‌رهه‌ڵگری ئیسرائیلی چووه‌ ئیمارات، لەمەودوا هاوكارییەكان پەرەیان پێدەدرێت. ئه‌م هاوكاریانه‌،‌ بواره‌كانی وه‌به‌رهێنان، بازرگانی، گەشتی ئاسمانی، تەندروستی، پیشه‌ی فڕۆكه‌وانی، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌و كاروباری دپلۆماتی له‌ خۆ ده‌گرێت، ئه‌مه‌ش به‌رهه‌می دانوستاندنی نێوان ھەردوو وڵاته‌ لەپێناو گەشەسەندنی ئابووری ناوچەكە".

هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی دیكه‌ به‌یاننامه‌كه‌ی كۆشكی سپی ئاماژە بەوەكراوە: "ئه‌مەریكا و ئیمارات داوا له‌ رێبه‌رانی فه‌له‌ستینی ده‌كه‌ن كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئاشتی، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیسرائیل گفتوگۆ دەست پێبكەن".

لە 13/8/2020، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمه‌ریکا، ئاشكرای كرد،‌ محەمەد بن زاید شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات رێككه‌وتوون.

به‌یاننامه‌ سێ قۆڵییه‌كه‌ له‌ كاتێكدایه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌، بۆ یه‌كه‌مین جار، فڕۆكه‌یه‌كی نه‌فه‌رهه‌ڵگری ئیسرائیلی به‌ دروشمی"فڕینی ئاشتی" به‌ ئاسمانی عه‌ره‌بستانی سعودیادا گه‌یشته‌‌ ئیمارات.

جارێد کوشنەر، راوێژکاری سەرۆک تره‌مپ، لە لێدوانێکدا لە فڕۆکەخانەی ئەبوزەبی رایگەیاند، ئەو ئاشتییەی کە سەرکردەکانی ئیسرائیل و ئیماراتی کۆكردووەته‌وه‌، خواست و ئارەزووی گەلانی ئەو دوو وڵاتەیه‌.

كۆشنه‌ر هه‌روه‌ها گوتی: "ئێران مه‌زنترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌."

گەشته‌ ئاسمانیه‌كه‌ی نێوان ته‌ل ئه‌ڤیڤ و ئه‌بوزه‌بی 3 کاتژمێر و 13 خولەکی خایاندوە. "فرینی ئاشتی" بە زمانەکانی عیبری، عەرەبی و ئینگلیزی له‌سه‌ر فڕۆكه‌كه نووسرابوو.

تاكوو ئێستا، میسرو شانشینی ئوردن، دوو وڵاتی عه‌ره‌بی بوون به‌ شێوه‌ی ئاشكرا‌ پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ ئیسرائیل دا هه‌بوو.

كوشنەر راوێژكاری سه‌رۆكی ئه‌مەریكا پێشتر باسی له‌وه‌ كردبوو "رێكه‌وتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل ده‌سكه‌وتێكی دیرۆكیه‌، له‌ پێناوی ئاشتیدایه ‌و ئاكامه‌كه‌ی ده‌بێته‌ بوژانه‌وه‌ی ئابووری، خولقاندنی ده‌رفه‌تی كار، سه‌قامگیری ئاسایش و ئایین دێنێته‌ ئاراوه‌‌. هه‌روه‌ها ئامانج له‌م هه‌وڵانەی ئه‌مەریكا‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ تاكوو‌ رێگری بكرێت له‌ فراوانخوازی هەژموونی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا. ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل و په‌ره‌پێدان به‌ كەرتی ئابووری ئه‌و وڵاتانه‌ له‌گه‌ڵ ئەمه‌ریکا و ئیسرائیل.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق