جێگری رووحانی: ئێران ناتوانێت یەک دڵۆپ لە نەوتەکەی بفرۆشێت

ليست هناك تعليقات

محەمەد باقر نوبەخت، جێگری سەرۆکی ئێران و سەرۆکی رێکخراوی بودجە و پلان، داخی خۆی لەوە پێشاندا کە "ئێران ناتوانێت تەنانەت یەک دڵۆپیش لە نەوتەکەی بفرۆشێت".

لە لێدوانێکی سەرنجڕاکێشدا، کە ئاژانسی 'ئێرنا'ی فەرمی گواستوویەتییەوە، نوبەخت لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە پارێزگای هەمەدان، گوتویەتی "هەمووان و بەتایبەت رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، دەزانن کە ساڵێکی زۆر زەحمەتمان لەبەردەمدایە".

ئەو روونیکردووەتەوە کە قورسترین سزاکانی ئەمریکا، بریتییە لە نەوت بەرامبەر خۆراک، بەڵام ئاشکرایکردووە ئەو سیستمە "رێگەمان نادات ئێستا تەنانەت یەک دڵۆپیش لە نەوت بفرۆشین، بۆ ئەوەی خۆراک و دەرمانی پێ بکڕین".

نوبەخت زیاتر روونیکردووەتەوە کە ئێران ئەگەر نەوتەکەشی بفرۆشێت، ناتوانێت مامەڵەی کڕین بکات و ئەو پارەیەش وەربگرێتەوە کە بەهۆی فرۆشتنی نەوتەکەوە دەستیدەکەوێت.

دوای رێککەوتنی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2015 لەبارەی پرۆگرامە ناوەکییەکەی، سزاکانی سەر ئێران هەندێکیان هەڵگیران، بەڵام ساڵی 2018 بەبیانووی پابەندنەبوونی ئێران بە بنەماکانی رێککەوتنەکە، ئەمریکا پاشەکشەی لە رێککەوتنەکە راگەیاند و ئابڵوقەی قورسی ئابووری بەسەریدا سەپاندەوە.

لە ئایاری ساڵی رابردوودا، واشنتن رێگەدانی 'بواردە'ی لەسەر فرۆشی نەوتی ئێران هەڵگرت، دواتر هەڕەشەی سەپاندنی سزای قورسی بەسەر هەموو ئەوانەدا کرد، کە نەوتی ئێران دەکڕنەوە.

لە بەرامبەردا وەک ماڵپەری 'رادیۆ فەردا' ئاشکرایکردووە، داتاکانی کۆمپانیای هەواڵگریی زانیارییە نێودەوڵەتییەکان (Kpler) ئاشکرایکردووە، ئێران هێشتا بەهەندێک رێگەی سنووردار و بەهۆکاری نهێنی، بڕێک لە نەوتەکەی دەفرۆشێت.

تاوەکو ئێستا روون نییە ئێران چۆن دەتوانێ بەو رێگە نهێنیییانە نەوتەکەی بفرۆشێت

ئاژانسە دەنگوباسە ئێرانییەکە دەڵێت، نەوبەخت ئاماژەی بە قسەیەکی خامەنەیی کردووە، کە تێیدا دەڵێ ساڵی 2020 "بەردەبازی گەورە لە بەرهەمهێنانی ناوخۆییدا" بەخۆوە دەبینێت، ئەو گوتبووی "ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی دەگۆڕین، گەرچی سزاشمان لەسەر بێت".

قسەکانی نەوبەخت، پێچەوانەی راستییەکانی ئابووری ئێرانە کە سێیەم ساڵی لەسەریەکە، لە رووی گەشەوە، لە پاشەکشەدایە.

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دەڵێت، ئەمساڵ رێژەی بەرهەمی ناوخۆیی بەبەراورد بە ساڵی رابردوو، دادەبەزێت، رێژەی دابەزینەکەش دەگاتە لە 8%.

داتاکانی سەنتەری سەرژمێریی ئێران، ئاشکرایکردووە، بەرهەمی ناوخۆیی لە وڵاتەکەدا، لە چارەکی دووەمی ساڵی 2020، بەڕێژەی 3.5 دابەزیووە، بەبەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی پێشتر.

بەهای زیادکراو بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و گازی ئێران لە نیوەی دووەمی 2019، بەڕێژەی 35% دابەزی و ساڵی 2020، ئەو ژمارانەی بەرهەمهێنان جارێکی دیکە بەنزیکەی 15% دابەزین.

هەروەها کەرتە جیاوازەکانی دیکەی ئابووری ئێران، لە نێویاندا کەرتی خزمەتگوزارییەکان بەرێژەی 50% دابەزیوون. 

ژمارەکانی رێکخراوی ئۆپیک، دەڵێ بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە دوای سەپاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا لە 2018، بەکۆی 50%دابەزیووە و گەیشتووەتە سەر 1.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

'رادیۆ فەردا' لە 2ی ئابدا ئاشکرایکرد کە، ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، گەیشتووەتە 287 هەزار بەرمیلی رۆژانە.

بەر لە سپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، هەناردەی نەوتی ئێران 2.5 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بوو، واتە نزیکەی نۆ هێندەی بەرهەمی ئێستا.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif