پەرلەمانتارێكی عێراق: هەوڵی گۆڕینی هەندێك یاسای پەیوەست بە پشكی كوردستان لە بودجە دەدرێت

ليست هناك تعليقات


ئەمڕۆ گەڕێكی دیكەی دانوستاندن لەنێوان شاندی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەبارەی جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی بۆ سێ ساڵی داهاتوو دەستپێدەكاتەوە، ئەندامێكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەوڵی گۆڕینی هەندێك بڕگە و یاساكانی پەیوەست بە پشكی هەرێمی كوردستان دەدرێت.

دانا محمەممەد جەزا، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق بەشداری لە بووڵتەنی نیوڕۆژ لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان کرد، رایگەیاند، تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە لە عێراقێك كە پڕە لە ململانێی سیاسی و كێشەی ئابووری "هێندە ئاسان نییە"، بەتایبەتی لەو رەوشەی ئێستا و دوای خۆپێشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو کە عێراق بەقۆناخێكی نوێ تێدەپەڕێ‌ و كێشەی گەورە كەوتووەتە ناوماڵی شیعە، ئەوەش كاریگەریی لەسەر سەرجەم جومگەكانی دەوڵەتداری عێراق كردووە.

دانا محەممەد جەزا پێیوایە "ئەمەی ئێستا لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە هەیە، هەنگاوی یەكەمە بۆ ئامادەكردنی رەشنووس، دواجار دێتە پەرلەمان و دەبێتە یاسا، لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت، لە خوێندنەوەی دووەمیش پرۆژە و پێشنیازی دیكەی دێتە پێش و هەوڵدەدرێت گۆڕانكاری لە پرۆژەكەدا بكرێت، تاوەكو دەگاتە قۆناخی سێیەم كە دەنگی لەسەر دەدرێت".

بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوە، "هەندێك لایەنی سیاسی شیعە هەوڵدەدەن هەندێك بڕگە و یاسا لە پرۆژە یاسای بودجە بگۆڕن، بەتایبەتی ئەو بڕگانەی پەیوەستن بە پشكی هەرێمی كوردستان كە لە مادەكانی 10 و 11 دیاریكراوە".

لیژنەی دارایی: پەرلەمان کۆتایی ئەم مانگە لەسەر بودجەی 2020 کۆدەبێتەوە

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، پێشبینی دەکەین پەرلەمانی عێراق کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2020 بۆ تاوتوێکردن و پەسندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2020 کۆببێتەوە.

دکتۆر ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "راستە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوێنێ پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2020ـی پەسندکرد، بەڵام هێشتا چاوەڕوانین رەوانەی پەرلەمانی بکات، دواتر سەرۆکایەتیی پەرلەمان پرۆژەیاساکە رەوانەی لیژنەی دارایی دەکات و لیژنەکە بەهۆی زۆر دواکەوتنی پرۆژە یاساکە پەلە دەکات و لە ماوەی هەفتەیەک بۆ 10 رۆژ پرۆژەیاساکە تاوتوێ دەکات".

دکتۆر ئەحمەد سەفار راشیگەیاند: "ئەگەر پێویست بکات میوانداریی وەزیری دارایی عێراقیش دەکەین بۆ تاوتوێکردنی تێبینییەکانمان لەسەر پرۆژەیاساکە، دواتر راپۆرتی خۆمان لەسەر بودجەی 2020 ئامادە دەکەین و دەیدەینە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، دواتر سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆبوونەوەی تایبەت بە تاوتوێکردن و پەسندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی 2020 دیاری دەکات".

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوێنێ، لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "بۆ رێکخستنی پرۆسەی خەرجکردن و دابینکردنی خەرجی پێویست بۆ سێ مانگی ساڵی دارایی، هاوکات لە روانگەی پابەندبوونی حکومەت بە بڕیاری پەرلەمان، ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی 2020ـی پەسندکرد".

بەپێی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020ـی عێراق و پێش پەسندکردنی لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، قەبارەی خەمڵێندراوی ئەو بودجەیە 148 تریلیۆن دینارە، تێکڕای داهاتی پێشبینیکراوی 67 تریلیۆن دینارە و پێشبینی دەکرێ 81 تریلیۆن دینار کورتبهێنێ، هاوکات پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاساکە بە 12.67% دیاریکراوە، کە دەکاتە 12 تریلیۆن و 621 ملیار دینار، بەڵام بۆ ناردنی ئەو بڕە پارە، مەرجە هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەژێر رکێفی حکومەتی فیدراڵ هەناردە بکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif