ئابووریی جیهان تاوەکو ماوەیەکی درێژ ناگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی

ليست هناك تعليقات


بەگوێرەی پێشبینییەکی رەشبینانەی دۆچە بانکی ئەڵمانیا، باشبوونەوەی رەوشی ئابووریی جیهان تاوەکو دەگەڕێتەوە سەردەمی پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاتێکی زۆری دەوێت بەشێوەیەک لەوانەیە کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئابووری پێبنێتە ساڵانی 2022 و 2023. 

کریستیان سێوینگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دۆچە بانک رایگەیاند، گەڕانەوەی سەردەمی پێش کۆرۆنا سەختە و کاتی دەوێت، باشبوونەوەکە پێناچێت نە ئەمساڵ بێت نە ساڵی داهاتووش.

ئەو گوتانەی کریستیان سێوینگ لە کاتی بەڕێوەچوونی لووتکەی " Handelsblatt Banking" بوو کە سەرەتای ئەم هەفتەیە بە ئامادەبووانی راگەیاند.

بەگوێرەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دۆچە بانک تا ماوەیەکی درێژ تەواوی کەرتە ئابوورییەکان بەباشی کارناکەن و تەنیا بە توانای 70 بۆ 90٪ی توانای خۆیان بەرهەمیان دەبێت، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکان دەبێت ئاستی فرۆش و بەرهەمیان کەمبکەنەوە و دەبێت لەگەڵ ئەو رەوشەش ماوەیەک بەردەوامبن ئەوکات ئابووریی جیهان بەرەو باشبوونەوە دەچێت بەڵام " هەنگاو بە هەنگاو و ئەو باشبوونەوەیەش هەموو پیشەسازییەکان ناگرێتەوە".

قسەکانی کریستیان سێوینگ لەکاتێکدان کە وڵاتی زیاتر چوونەتە نێو قۆناخی سستییەوە بەهۆی ئەوەی کۆرۆنا ئابوورییەکەی زامدار کردوون. 

ئوسترالیا کە یەکێک بوو لەو وڵاتانەی توانی زوو خۆی لە قەیرانی دارایی ساڵی 2008 رزگاربکات، ئێستا هاوشێوەی ئەمریکا، بەریتانیا و وڵاتە ئەوروپییەکان بەدەست پاشەکشەی ئابووری دەناڵێنێت، ناتوانێت یارمەتی هێڵێی ئاسمانی کانتاس بدات کە هێڵی ئاسمانی نیشتمانی ئەو وڵاتەیە و زۆر لە کارمەندەکانی دەرکردووە و فڕۆکەکانی لەکارخستوون. 

سەرۆکی دۆچە بانکیش هاوشێوەی بەڕێوەبەری جێبەکار گەشبین نییە بە باشبوونەوەی رەوشی ئابووریی ئەوروپا، ئەو دەڵێت: لەوانەیە ئەمریکا کەمتر کاریگەر بێت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام کۆمپانیا ئەمریکییەکان زۆر رادیکاڵترن کاتێک بابەتەکە پەیوەستە بە خۆگوونجاندن. 

کریستیان سێوینگ هۆشداری دەدات لەوەی کۆمپانیا ئەوروپییەکان بەدوای هاوکاری حکومەتەکانیانەوە بن، بەڵام ئەوە لە کۆتاییدا سەردەکێشێت بۆ دروستبوونی کۆمپانیای خوێنمژ " Zambie"، کە بەو کۆمپانیایانە دەگوترێت کە بەهۆی خەرجییەکانیان قەرز دەکەن و لە لە هەمانکاتدا داهاتیان کەمە بەڵام بەهۆی وەرگرتنی قەرز بەردەوامدەبن.

کریستیان سێوینگ بە سوودوەرگرتن لە ئامارەکانی ئاژانسی دڵنیایی " Creditreform "، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات یەک لەهەر شەش کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا دەبنە کۆمپانیای " Zambie". بەگوێرەی دۆچە بانک ژمارەی ئەو جۆرە کۆمپانیایانە ئێستا لە ئەمریکا بەرەو زیادبوون و بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناش لە هەر پێج کۆپانیای ئەمریکا یەکێکیان دەبێتە کۆمپانیای زامبی. 

هێڵی ئاسمانی یونایتد 16 هەزار کارمەند لە کارەکانیان دووردەخاتەوە

هێڵی ئاسمانی "یونایتد ئێرلاین"ی ئەمریکی 16 هەزار کارمەند لە کارەکانیان دووردەخاتەوە، هەرکە رەوشی دارایی کۆمپانیاکە باشبووەوە کارمەندەکان دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

یونایتد ئێرلاین رایگەیاند، ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا کاریگەری لەسەر کۆمپانیاکە هەبووە و ناچاربوونە ژمارەی کامەندەکانیان بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان کەمبکەنەوە. 

بەگوێرەی هێڵی ئاسمانی یونایتد ئێرلاین، ئەو کارمەندانەی لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە، 6920 کەسیان لە خزمەتگوزاری ئەنجامدانی گەشتن، 2850 کەسیان فڕۆکەوانن، 1400 یان لە بەشی کارگێڕین و 2260 کەسیان لە بەشی وەگەڕخستنن. کۆی ئەو کارمەندانەش کە هێڵە ئاسمانییەکە لە کارەکانیان دەریاندەکات یەکسانە بە 17٪ی هێزی کاری کۆمپانیای یونایتد ئێرلاین. پێشتر لە مانگی حوزەیران، ئەو هێڵە ئاسمانییە ئەمریکییە رایگەیاند، 36 هەزار کارمەند لە هێزی کاری خۆی کەمدەکاتەوە.

هەفتەی رابردوو، هێڵی ئاسمانی ئەمریکان رایگەیاند 19 هەزار کارمەند لە کارەکانیان دووردەخاتەوە ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و کەمبوونەوەی داهات. 

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمساڵ ساڵێکی هەرە سەخت بوو بۆ هێڵە ئاسمانییەکان. تا کۆتایی چارەکی دووەم گەشتە ئاسمانییەکان بە رێژەی 90٪ کەمبوونەوە، یەکێتیی هێڵە ئاسمانییەکانیش پێشبینیدەکات هێڵە ئاسمانییەکان 314 ملیار دۆلار زیان بکەن. 

ئاژانسی موودیز لە دوایین راپۆرتیدا رایگەیاند، پێشبینیدەکرێت تا ساڵی 2023 خواست بۆ گەشتکردن نەگەڕێتەوە پێش سەردەمی بڵابوونەوەی کۆرۆنا و گەڕانەوەی خواستیش پشتدەبەستێتە سەر خێرایی نەمانی نیگەرانییە تەندروستییەکان و سەلامەتی گەشتکردن.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif