لە سوودان ئایین لە دەوڵەت جیاکرایەوە

ليست هناك تعليقات

دوای سێ دەیە لە حوکمی شەریعەت، بەرپرسانی باڵای سوودان رێککەوتن کە ئایین لە دەوڵەت جیابکەنەوە.

عەبدوڵڵا حەمدووک، سەرۆکوەزیرانی سوودان و عەبدولعەزیز حلوو، سەرۆکی بزووتنەوەی جەماوەری رزگارکردنی سوودان رێککەوتن لەسەر جێگیرکردنی دەقی "جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت" لە دەستووری سوودان.

رێککەوتنەکە هەفتەی رابردوو لە ئەدیس ئەبابای پایتەختی ئەسیوپیا واژۆکرا، بەڵام عەبدوڵڵا حەمدووک و عەبدولعەزیز حلوو دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە رایانگەیاند: جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە بەندە بە پەسەندکردنی لە لایەن دەزگا پەیوەندیدارەکان لە سوودان.

لە دەقی رێککەوتنەکەدا هاتووە: (دان بە فرە کولتووری و نەتەوەیی و ئایینی دەنێین و لە ئامێزی دەگرین، دان بە یەکسانی سیاسی لە نێوان گەلانی سوودان دەنێین و بە یاسا دەیپارێزین، هەروەها دەوڵەتێکی دیموکراسی لە سوودان بونیاتدەنێین کە ئایین لە دەوڵەت جیادەکاتەوە... بەڵام لە ئەگەری نەبوونی ئەم پەرەنسیپە دەبێ رێز لە مافی بڕیاردان لە چارەنووس بگیردرێ. ئازادی باوەڕ و خوداپەرستی و ئایینداری بۆ هەموو هاووڵاتیانی سوودان دەستەبەرە، هاوکات نابێت دەوڵەت ئایینی فەرمی بۆ خۆی دیاری بکات و نابێت جیاکاری لە نێوان هاووڵاتیان بکات لەسەر بنەمای ئایینیان).

ئەم پێشهاتە لە سوودان دوای ساڵانێکی زۆر لە شەڕی ناوخۆ لە نێوان حکومەتی سوودان و بزووتنەوەی جەماوەری رزگارکردنی سوودان لە ناوچەی کوردوڤان هات، هەروەها دوای لەکارلابردنی عومەر بەشیر، سەرۆکی پێشووی سوودان لە نیسانی ساڵی 2019 لە لایەن سوپای سوودانەوە، کە بەدرێژایی نزیکەی 30 ساڵ شەریعەتی ئیسلامی لە سوودان سەپاند.

کۆماری سوودان، دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئەفریقیا، هاوسنوورە لەگەڵ میسر، لیبیا، چاد، کۆماری ئەفریقیای ناوەڕاست، باشووری سوودان، ئەریتیریا، ئەسیوپیا، دەریای سوور.

رووبەری سوودان 1.88 ملیۆن مەتر چوارگۆشەیە. بەپێی سەرژمێری ساڵی 2018 ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە زیاتر لە 43 ملیۆن کەسە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق