کازمی، دەستی بۆ ئایندەمان برد، خۆشمان بۆ ڕابردوو

ليست هناك تعليقات

ئاسۆعەبدوللەتیف
-
چۆن ئەو میتۆدە کلاسیکیە بگۆڕین لە زیهنیەت و بیری سیاسیماندا کە چیتر پیشەسازی خراپ بە ڕابردوی شۆڕش و قوربانیان و بە شەرعیەتی شۆڕشگێڕیەوە نەکەین، بەراستی چەمکی چیکراو چیمانکردو بۆ کرا لە دنیای کۆن، دەبێت بگۆڕین بە چی بکرێت و چی بکەین لە دنیای تازە، هەمیشە بەستراوینەتەوە بە رابردویەکی پڕ تەئویل و تەفسیری جۆراوجۆری تەمومژەوە، دیلی ئەو تەئریخە پڕ لە ئیشکالەین، یەک میللەت خەریکە بەکاوەخۆ و بە بێ پلان دەمرێت بەڵام خەریکی ئەوەین، یەک کەس کێ بوو کوشتی لە رابردوو، لەکاتێکدا هێشتا لە قۆناغی ڕزگاریی نیشتیمانیداین و بە دوسێ کاراکتەری میدیاگەرو نمایشکەری وەک مالیکی و کازمی و عەبادی، دەتوانن ئەم ئەزمونە دیموکراسیە بکەنە خەرابستان، ئەوکات وشەی چیمانکردو بۆکرا هیچ تەوفیرێکی نابێت ئەو شۆرش و رابردوە جوانەشمان لەکیس دەچێ.

وەرن مێنتاڵیتی تاکی کوردی و ئینتیمای خەڵک بگۆڕن و ڕابهێنن لەسەر دەرەنجامەکانی ئایندەو لێکەوتەکانی، ئایندەی ئابوری و نەوت و هەڵبژاردن و دیسپلینی حوکمرانی و دەستورو یاساکان و فیدراڵیەت، #چی_بکەین_بۆ_سبەی؟ دەبێت بکرێتە هاشتاگ و پڕۆژەی نەتەوەیی و ستراتیژیی؟ ئەم خۆ هەڵواسینە بە ئەلاگەی مێژووی کۆن و سڕینەوەی ئەویتر هیچ خزمەتێک بە دنیای هاوچەرخی حوکمڕانی کوردی ناکات کە هەڕەشەی ناسیۆنالیزمی مەزهەبی تاریکی لەسەرە، کاراکتەرو بکەری سیاسی و کاریزمای راستەقینە یەک جار ئاوڕ لە دواوە ئەداتەوە نەک سەدجار، بێگومان لیدەرو سەرکردە کاریزماتیک و ئەفسانەییەکانی ناو مێژووش هەر ئەمەیان کردوە بۆیە بونەتە دەوڵەت، کەمتر لاپەڕەی کۆنیان هەڵداوەتەوە، ئێستا فیکری سیاسی ئێمە پێویستی بەو ڕیفۆرمە هەیە، کە ئەوەندە لەسەر خوێن و ئاژاوەو بیمارییەکان نەژین، ئایندەو ڕێبازی نوێ و مۆدێرن و ئەجێندای سیاسی گرنگترن بۆ ئێستامان، کازمی لە باشماخ نەیوت وەرن ئادەی کورد چەند ڕەبیەی گرت و چەند شەهیدی بەخشی لە رابردوو؟ لە هەڵەبجەش نەیگوت کوان بریندارانی بە جێماوی چەکی کۆکوژو کوا مۆزەخانەی قوربانیان و تەنانەت باسی فرۆکەوانە ئازادکراوەکەشی نەکرد، ڕێک پێی وتین هاتووم تا ئایندە مەرحەباییەکی ترتان بکەمەوە بەڵام ئەمجارە بە کراسێکی سادەوە نا، بەڵکو بە کراسی عەرەبی و بیرۆکراسیەتێکی تازەو توندو بە دەنگی خۆشتانەوە، ئێمەش دەبێت هەر خەریکی جوینەوەی دەهالیزەکانی ڕابردوو بین و یەکتری بهاڕین. 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif