ھیچ شتێك لە نوسینی ڕۆمانێك سەختتر نییە

ليست هناك تعليقات


بەختیار علی
-
ھەموو ئیشێكی دیكەی دونیا لە نوسینی ڕۆمان ئاسانترە. تا دوا وشە دەنوسیت نازانیت ئاخۆ ڕۆمانێكت نوسیوە یان نا. ھەندێجار تا چەند سەد لاپەڕەیك دەنوسم و توڕیدەدەم...

سەختترین شت لە ئەدەبدا ڕازیكردنی خۆتە، نەوەك ئەوانی دی. ئەوە گەورەترین گرفتی من بووە. لەوەش بترازێت مرۆڤ پێویستی بە كاتێكی زۆرە، مرۆڤ گەر ھەموو كاتی تەرخان نەكات بۆ نوسین، ناتوانێت ڕۆمان بنوسێت. بەڵام لە ھەلومەرجی سەختی ژیان و دابینكردنی زیندەگیدا ناتوانین وابكەین...

من بەردەوام خەونی زۆر و كاتی كەمم ھەبووە. ھەوڵدەدەم بنوسم، دڵنیام تا بژیم و توانای سەرسامبوونم ھەبێت دەنوسم. گرنگ ئەوەیە مرۆڤ لەژێر ھیچ ھەلومەرجێكدا ئەو سانسۆرە ستاتیكییەی سەر خۆی لانەبات.

ھەر كاتێك دەست بە نوسینی ھەر تێكستێك دەكەم، وەك ئەوە وایە لەسەرەتاوە دەست پێبكەمەوە، بەو ڕۆحییەتە دەنوسم كە ئەوە یەكەم ئیشی منە، بۆ من گرنگ نییە ئەوەی پێشتر نوسیومە شاكار بووە یان نا... ھەمیشە ئەوە گرنگە كە بەیانی دەینوسم، ھەمیشە لە سەرەتا دەترسم و دەستم دەلەرزێت، چەندەھا جار توڕیدەدەم و دەست پێدەكەمەوە، تا دواجار یەكێك لە سكێچەكان قەناعەتم پێدەكات...

خۆشترین سات لە ژیانی مندا ئەو ساتەیە كە ھەستدەكەم ڕێگا ڕاستەكە و بیرۆكە ڕاستەكەم دۆزیوەتەوە. ئەو لەزەتی دۆزینەوەیە لە ھەموو پاداشتەكانی دونیا گەورەترە، ھەموو خەڵاتی سەر ئەم ئەستێرەیەم بدەنێ، بە ئەندازەی ئەو ساتە خۆشحاڵم ناكات، كە ھەستدەكەم بیرۆكەیەكی قەشەنگ لە دڵمدا درەوشاوەتەوە و ئێستا دەتوانم بیھێنمە زمان و بینوسم... بۆ ئەە خۆشییەیە دەنوسم... بۆ ئەو سەرسامییە دەنوسم، كە ئەوە نەما، نوسین مانای نامێنێت.

"بەختیار عەلی"
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئەنوەر حسێن
لە كتێبی: « وەك باڵندەی ناو جەنگەڵە ترسناكەكان »

لاپەڕە: ٨٦


 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif