ئەمریکا هەوڵدەدات سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە

ليست هناك تعليقات


ئیدارەی ترەمپ بەنیازە سەرجەم ئەو سزایانەی پێش رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 بەسەر ئێراندا سەپێندرابوون، لە ئەمڕۆوە لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بیانسەپێنێتەوە. یەکێک لە سزاکانیش قەدەخەی فرۆشتنی چەکە بە ئێران.

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا قسەیان کردووە ، بە رەتکردنەوەی رێگەدان بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژی 19ی مانگی 10ی ئەمساڵەوە دەستی بە چەک و تەقەمەنی بگات. گوتیشی "ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بەمەبەستی سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا تاوەکو قەدەخەی فرۆشتنی چەک بە ئێران بەردەوام بێت".

بۆئەوەی ئەمریکا لە سەپاندنەوەی سزاکاندا سەرکەوتووبێت، پێویستی بە پاڵپشتی وڵاتانی دیکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، لەوانەش بەریتانیا، کە هەر زوو پشتیوانیی بۆ تێڕوانینەکانی ئەمریکا دەربڕی.

دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت: " ئێمە هاوبەشی نیگەرانییەکانی ئەمریکاین لە ئاست ئێران و هەڕەشەکانی، چ لەبواری ئەتۆمی یان بواری ناجێگیرکردنی سەقامگیریی ناوچەکە. هەڵوێستی بەریتانیا لەئاست رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران روونە. بەڵام ئێمە هەمیشە پێشوازییمان لە هەڵوێستەکانی ئەمریکا کردووە بۆ فراوانکردنی رێککەوتنەکە تاوەکو بە رێککەوتنێکی گشتگیرتر بگەین".

دۆناڵد ترەمپ لە چوارچێوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی، متمانەی خۆی لەئاست خواستی ئێران بە گەیشتنە رێککەوتن لەگەڵ ئیدارەکەی دەربڕی و گوتی "من پێتان دەڵێم ئەگەر ئێمە براوەی هەڵبژاردنەکان بین، ئەوا ئێران لە هەفتەی یەکەمدا پەیوەندییمان پێوە دەکەن. ئەوان خەریکە دەمرن تاوەکو رێککەوتنمان لەگەڵدا بکەن. بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکەیان بە رێژەی 27٪ دابەزیوە و ئەوان چیدیکە پارەیان نییە بۆ کردەوە تیرۆریستییەکانیان. بەڕاستی ئەوەی کە روودەدات ناوازەیە".

ترەمپ بەنیازە هەنگاوی جیددیتر بنێت و فەرمانێکی سەرۆکایەتی دەربکات و سزای هەموو ئەو وڵاتانە بدات کە بڕیاری قەدەخەی فرۆشتنی چەک بە ئێران پیشێل دەکەن و سزاکەش بێبەشکردنی ئەو وڵاتانەیە لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئەمریکا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif