مافی كورد لە دەستورەكانی عێراقدا‌

ليست هناك تعليقات

لەدوای دروست بوونی دەوڵەتی نوێی عێراق و لكاندنی باشوری كوردستان بەو دەوڵەتەوە، لەسەرەتادا و لەسەردەمی پاشایەتیدا مافی كورد لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە نادیدە گیراوە، بەڵام لە قۆناغەكانی دواتردا لەدەستوردا دان بەمافی كوردا نراوە، ئەگەرچی ئەو مادانەش وەك خۆیان جێبەجێ نەكراون، پەیسەرپرێس لەم راپۆرتەدا مافی كورد لەدەستورەكانی عێراق دەخاتەڕوو..

دەستوری یەكەمی عێراق
بۆیەكەم جار لە 21/3/1925 یەكەم دەستور لەعێراق بەناوی قانونی ئەساسی نوسرا، دەستورەكە لە 125 مادە پێكهاتبوو، بەڵام بەیەك ووشەش باسی مافی كوردی تێدا نەبوو، جگە لەوەی كە لەچەند شوێنێكدا باسی ئەوەی كردبوو كە پێكهاتەكانی عێراق یەكسانن و جیاوازی لەنێوانیاندا ناكرێت، و پێكهاتەكان مافی ئەوەیان هەیە خوێندنگای تایبەت بەخۆیان هەبێت، ئەم دەستورە 40 جار هەمواركرایەوە كە دواهەمین جاریان لەساڵی 1943 بوو كە مادەی 125 هەمواركرایەوە.

یەكەم دەستور كە دانی بەمافی كوردا نا
لەدوای شۆرشی 14ی تەموزی ساڵی 1958 كە تێیدا سیستمی حوكمرانی لە پادشایەتیەوە گۆڕدرا بۆ كۆماری، دەستورێكی كاتی نوسرا، لەمادەی 3ی ئەو دەستورەدا بە دەق هاتووە " دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای هاوكاری تەواوی هاوڵاتیەكانی دادەمەزرێت، بەرێزگرتنی مافەكانیان و رێكخستنی ئازادیەكانیان، عەرەب و كورد هاوبەشن لەم وڵاتەدا ئەم دەستورە دان بەمافە نەتەوەیەكانیاندا دەنێت لەچوارچێوەی یەكێتی عێراقدا" دەستوری كاتی لە 30 مادە پێكهاتبوو و رۆژی 27ی تەموزی ساڵی 1958 لە شاری بەغداد نوسرا.

كورد لە دەستوری 1964 دا
لەدوای كودەتاكەی 8ی شوباتی ساڵی 1963 كە تێیدا عەبدولكەریم قاسم كوژرا و عەبدولسلام عارف دەسەڵاتی گرتە دەست، دەستورێكی نوێ لە عێراق لە 10/5/1964 نوسرایەوە، دواتر لەسەردەمێكدا كە عەبدولرەحمان بەزاز سەرۆك وەزیران بوو لە 8/9 ساڵی 1965 پێنج مادەی دەستورەكەی هەمواركردەوە لەناویاندا مادەی 119 بوو كە بە ئاشكرا دانی بەمافی گەلی كوردا نا، مادەی 119 بەم شێوەیە نوسرایەوە" عێراقیەكان لەبەردەم یاسادا لە ماف و ئەركدا یەكسانن، جیاوازی لەنێوانیاندا ناكرێت لەسەر بنەمای رەگەز و زمان و ئاین، هەموو هاوڵاتیان یارمەتیدەر دەبن بۆ پارێزگاری لە كیانی ئەم نیشتمانە، لەناویشاندا عەرەب و كورد، و ئەم دەستورە دان بە مافە نەتەوەیەكانیاندا دەنێت لەچوارچێوەی یەكێتی عێراقدا" ئەم دەستورە لە 106 مادە پێكهاتبوو.

كورد و گەرانەوەی بەعسیەكان
لەدوای گەرانەوەی بەعسیەكان بۆ دەسەڵات دەستورێكی نوێیان لە 21/9/1968 نوسیەوە، لەم دەستورە نوێییەدا كە لە 95 مادە پێكهاتبوو لە مادەی 21 دا هاتووە " عێراقیەكان لەبەردەم یاسادا لە ماف و ئەركدا یەكسانن، جیاوازی لەنێوانیاندا ناكرێت لەسەر بنەمای رەگەز و زمان و ئاین، هەموو هاوڵاتیان یارمەتیدەر دەبن بۆ پارێزگاری لە كیانی ئەم نیشتمانە، لەناویشاندا عەرەب و كورد، و ئەم دەستورە دان بە مافە نەتەوەیەكانیاندا دەنێت لەچوارچێوەی یەكێتی عێراقدا" بەوەش هەمان مادەی 19ی دەستوری پێشتریان كۆپی كردووە و لە مادەی 21 ی دەستورەكەیاندا دایاننایەوە.

دەستوری 1970
بەعسیەكان لەساڵی 1970 دا دەستورێكی نوێیان نوسیەوە كە لە 67 مادە پێكهاتبوو، لەو دەستورەدا كە بە دەستوری كاتی ناوزەندكرا و لە 16/7/1970 لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆرشی حزبی بەعسەوە بڕیاری لەسەردرا لەمادەی 5 بڕگەی بادا هاتووە " گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی عەرەب و كورد پێكدێت و ئەم دەستورە دان بەمافە نەتەوەیەكانی كوردا دەنێت لە چوارچێوەی یەكێتی عێراقدا" هەروەها لە مادەی 7 بڕگەی دوو هاتووە " زمانی كوردی شان بەشانی زمانی عەرەبی زمانی فەرمیە لە ناوچە كوردیەكاندا" ئەم دەستورە لە 11/3/1974 هەمواركرایەوە بڕگەیەك بۆ مادەی هەشت زیاد كرا و تێیدا هاتووە " ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردە حوكمی زاتیان دەبێت وەك ئەوەی یاسا دیاری دەكات"

دەستوری دوای روخانی بەعس
لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003 دا لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە، دەستورێكی كاتی بۆ بەرێوەبردنی عێراق لەساڵی 2004 دانرا و تێیدا چەند مافێك بۆ كورد دیاریكراو و بووە بەردی بناغەی دەستوری هەمیشەیی و دواتریش لە ساڵی 2005 دەستوری هەمیشەیی عێراق بڕیاری لەسەردرا، لەو دەستورەدا و لەچەند مادەیەكدا دان بەمافی كوردا دەنێت، لەمادەی 4 بڕگەی یەكدا هاتووە " زمانەكانی عەرەبی و كوردی زمانی فەرمین لەعێراق" و ئەو بوارانەشی دیاریكردووە كە زمانی كوردی تێیاندا لەگەڵ زمانی عەرەبی بەكاردەهێندرێت.

لەمادەی 117 دا دانیناوە بە هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵی، لەمادەی 120 دا مافی ئەوەی داوە بەهەرێمی كوردستان دەستورێكی تایبەت بەخۆی بنوسێتەوە بەمەرجێك پێچەوانەی بڕگەكانی دەستوری هەمیشەیی عێراق نەبێت، لەمادەی 121 بڕگەی یەكەم دا دەسەڵاتی ئەوەی بەهەرێمی كوردستان داوە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری تایبەت بەخۆی هەبێت، لەهەمان مادە بڕگەی دووەمدا دەسەڵاتی ئەوەی داوە بەهەرێم یاساكانی حكومەتی فیدراڵی هەموار بكاتەوە، لەمادەی 126 بڕگەی چوارەمدا هاتووە هەر هەموارێكی دەستور نابێت دەسەڵاتەكانی هەرێمەكان كەم بكاتەوە، لەچەند مادەیەكی تری دەستورەكەدا مافی هەرێمەكان و دەسەڵاتەكانیان و بەشداریان لەبەرێوەبردن و سامانە سروشتیەكانی عێراقدا دیاری كراوە.
پەیسەرپرێس


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif