پێکهاتەکانی کەرکوک؛ لەنێوان پێکەوە ژیان و پێکەوە مردندا‌

ليست هناك تعليقات


دەیان ساڵە کەرکوک بووەتە شارێک ئەوانەی لە خێر و بێرەکەی دەخۆن، شەڕ و ئاژاوەی بۆ بەجێدەهێڵن، دانیشتوانەکەی کە مێژوویەکی درێژە بە ئاشتیی بەیەکەوە دەژین، کراون بە قوربانی دەستی ئەو ناکۆکییانەی کە لەسەر سامانی خاکەکەی هەیە، ماوەی دوو مانگ زیاترە هەوڵی دروستکردنی ناکۆکیی دەدرێت لەنێوان پێکهاتەکانی ئەم پارێزگایەدا و سیاسییەکانی ناوچەکەش بۆچوونی جیاوازیان هەیە.

بەپێی راپۆرتێک کە لە ژمارەی سێی گۆڤاری ئایندەناسیدا بڵاوبووەتەوە، ترس لە پێکدادانی پێکهاتەکانی ئەم شارە هەیە، ئەگەر رێگری لێنەکرێت، بەڵام تاکو ئێستا پێکهاتەکان توانیویانە ئاشتی و پێکەوە ژیانی خۆیان رابگرن.

دۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان
بەرپرسانی کورد ئاماژە بە دۆخی "مەترسیدار"ی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دەکەن، بەڵام بەرپرسە عەرەب و تورکمانەکان باس لە دۆخی "باش" و بێکێشە"ی ناوچەکە دەکەن.

خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بە گۆڤارەکەی وتووە، "کەرکوک بە دۆخێکی مەترسیداردا تێدەپەڕێت، پڕۆسەی بەعەرەبکردنی كەرکوک لە زۆر ڕووەوە دەستیپێکردووە، ئەم پڕۆسەیەش بەرنامە بۆداڕێژراوە و لەلایەن ھەندێک لە لایەنە سیاسییە حوکمدار و بڕیاردەرەکانی حکومەتی عێراقەوە بەرنامەڕێژیی بۆ دەکرێت، ھەندێک لە وڵاتانی ھەرێمییش بەشدارن لە دانانی ئەم بەرنامەیە، رمی جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیەش ئیدارەی ئێستای کەرکوکە. ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت کاریگەری زۆر خراپ لەسەر پێگەی کورد دروستدەکات لەم ناوچانەدا." 


شوانی باسی لەوەش کردووە، " لە ڕووی ئەمنیی و سەربازیشەوە، کورد لەو شوێنانە ئامادەیی نییە، بڕیاری و ئەمنیی و سەربازیش بەدەست کێبێت باڵادەستی بۆ ئەو پێکھاتەیە دروستدەکات لەو ناوچانە. بۆیە لەم پڕۆسەی بەعەرەبکردنە سەرکەوتوو بن کە بەرنامەیان بۆ داناوە، قۆناغی دووەم دەستپێدەکەن کە قۆناغی فشارکردنە لە کورد بۆ بەجێھێشتنی کەرکوک."

لە بەرامبەردا حاتەم تائی وتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی عەرەبی لە کەرکوک ئاماژە بە "باش"ی دۆخەکە بۆ گۆڤارەکە دەکات و دەڵێت، "بەرقەرابوونی دۆخی ئەمنی کەرکوک کاریگەری باشی هەبووە لەسەر دۆخی سیاسی پارێزگاکە بە تایبەتی دوای ڕووداوەکانی 16ی تشرینی یەکەمی 2017، کەرکوک سەقامگیریەکی باشی بەخۆیەوە دیەوە، ئەو سەقامیگرییەش زیاتر پتەوتر بوو کاتێک هێزە ئەمنییەکان توانیان ناوچەکانی باشوری خۆرئاوای شارەکە لە پاشماوەی چەکدارانی داعش پاکبکنەوە".

تورکمانەکانیش دۆخی کەرکوک بە "زۆر جێگیر" ناو دەبەن، محەمەد سەمعان ئۆغڵۆ، وتەبێژی بەرەی تورکمانی لە عێراق وتویەتی، " پێیمانوایە دۆخی کەرکوک لە ئێستادا زۆرجێگیرە و ئاسایش وسەقامگیری باڵی بەسەردا کێشاوە بە تایبەتی دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017، پڕۆسەکانی کوشتنی کەسایەتییە دیارەکانی پێکهاتەکان، دزی و فرامۆشکردنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان لە شارەکە کۆتایی پێی هاتووە بوونی نییە".

عەدنان کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک - گەرمیان بە گۆڤارەکەی وتووە، "دۆخی ئێستای کەرکوک بەتایبەت دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، لە ھەموو روویەکەوە، (کارگێڕیی، ئەمنیی، سەربازیی و کۆمەڵایەتییەوە) رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپبوون دەچێت، بەتایبەت ماوەیەکی زۆرە شاڵاوێکی گەورەی بەعەرەبکردن و بەشیعەکردن لە کەرکوک دەستیپێکردووە، رۆژانە فشار دەخرێتە سەر ھاوڵاتیانی کورد و تەنگیان پێھەڵدەچنرێت، بۆ ئەوەی شار، قەزا، ناحیە و گوندەکانی خۆیان چۆڵ بکەن. عەرەبە ھاوردەکانی ناوچەکە ھاتوون و بە پاڵپشتی حکومەتی عێراق، ئیدارەی کەرکوک و حەشدی شەعبی ئەو گرێبەستانەیان ھێناوەتەوە کە لە سەردەمی سەدام حسێن کراون و دەیانەوێت نوێی بکەنەوە، بۆ ئەوەی زەوی و زاری کورد داگیر بکەن. "

کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بەرەو کوێ؟
لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش ئاماژە بە مەترسیداری دۆخەکە لە ئایندەدا دەدەن ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێت.

محەمەد سەمعان ئۆغڵو بە (ئایندەناسی) وتووە، "ماددەی 143 دەستوری عێراق، سنوری هەرێمی کوردستانی دیاری کردووە، بەو پێەش کەرکوک، ناوچەکانی دیکەی موسڵ، دیالە و سەلاحەدین لە دەرەوەی سنوری هەرێمی کوردستانن، دەبێت کوردیش بزانێت ماددەی 140 کۆتایی پێهاتووە، بۆیە پێیمانوایە ئەگەر پێکهاتەکانی ناوچە (جێناکۆکان) و کەرکوک نەگەن بەڕێککەوتن ئەوا دۆخی ئەو ناوچانە ئێستا چۆنە هەر بەو شێوەیە دەمێننەوە".

خالد شوانیش باس لەوە دەکات، ئایندەی ناوچە جێناکۆکەکان لەبەردەم "مەترسییەکی گەورەدایە"، بەتایبەتی ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت مەترسیدارترە لەوەی لە سەردەمی رژێمی پێشوو دەگوزەرا، بەردەوامبوونی پڕۆسەی بەعەرەبکردن بە شێوەیەکی شاراوە و بەرنامە بۆداڕێژراو ناوچەکە رووبەڕووی "مەترسییەکی گەورە" دەکاتەوە، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، مەترسی گەورە لەسەر مافەکانی کورد لەم ناوچانە ھەیە، ئەگەری زۆریش ھەیە ئەم ناوچانە لەدەستبچن، بۆیە پێویستە کورد بۆ ئەم ناوچانە بەرنامەی ھەبێت."

حاتەم تائی لە لێدوانەکەیدا بۆ گۆڤارەکە ئایندەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بە ھەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی ٢٠٢١وە دەبەستێتەوە و دەڵێت، "هەڵبژاردنەکانی مانگی حوزەیرانی داهاتوو ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە".

عەدنان کەرکوکی بۆچوونێکی پێچەوانەی هەیە دەڵێت، "ئەگەر دۆخی ئەم ناوچانە بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت رۆژ بە رۆژ بەرەو زۆر خراپتر دەچێت، خەڵک و ناوچەکە لە دۆخێکی زۆر خراپدان، ئەگەر دۆخەکەیان چارەسەر نەکرێت و حکومەتی ھەرێم و لایەنە سیاسییەکان نەیەنە پێشەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و دانانی سنورێک بۆ دەسەڵاتی حەشدی شەعبی، دۆخەکە بەرەو خراپتر دەچێت."

چارەسەر چییە؟
لەگەڵ ئەوەی چەندین چارەسەر خاروەتەڕوو، بەڵام سەرجەم ئەو سیاسسییانەی لێدوانیان بۆ گۆڤارەکە داوە باس لە چارەسەری "کەرکوکی" و "عێراقی" دەکەن.

حاتەم تائی لە لێدوانەکەیدا کورد بە نەبوونی پارێزگارێکی کورد تۆمەتبار دەکات و باس لەوە دەکات، "سەرباری ئەوەی هەردوو حیزبی کوردی یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان، پێش هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک زۆرینە بوون لە ئەنجومەنەکە، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوانیانەوە نەیانتوانی بگەن بە ڕێککەوتن و پارێزگارێک لە کەرکوک لە پێکهاتەی کورد دیاری بکەن، چارەسەری کێشەکە تەنها بە گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان پێکهاتەکان دەبێت".

خالید شوانی بەم جۆرە چارەسەرەکە دەخاتەڕوو، "ئێستا میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک جیاوازە لە ساڵانی ٢٠٣، ٢٠٠٥ و تەنانەت ٢٠١٧ش، لەو سەردەمەدا ھاوسەنگی ھێز لە بەرژەوەندی کورد بووە و توانیبووی ئەمری واقع بسەپێنێت لەو ناوچانە، ئەگەر ویست ھەبێ دۆخی ئەم ناوچانە ئاسایی ببێتەوە و چارەسەر ببێت، دەبێت لەسەر دوو ھێڵ و ئاست ئیشبکرێت؛

یەکەم؛ ئاسایکردنەوەی ئەم ناوچانەیە لە ڕووی ئەمنیی و سەربازییەوە، ئەمەش بە ڕێککەوتن دەبێت لەگەڵ عێراقدا.

دووەم؛ دەبێت دۆسییەی ئەمنیی و سەربازی کەرکوک لەلایەن خەڵکی کەرکوکەوە بەڕێوەببرێت، پێویستە چوارچێوەیەکی ئەمنیی و سەربازییش بۆ ئەمە بدۆزرێتەوە. 

دەشڵێت، "لە ئێستادا باشترین ڕێککەوتن ئەوەیە، ھەرسێ پێکھاتەکە پێکەوە کۆببنەوە و رێککەوتن بکەن، خاڵە ھاوبەشەکانی نێوانیان بدۆزرێتەوە و نزیکتر بکرێتەوە، بەڵام دەبێت ئەو راستییەش بزانرێت، ئەگەر ھەرسێ پێکھاتەکە بە لێکتێگەیشتن گەیشتن، مانای ئەوەیە بە چارەسەرێک دەگەن کە سەد لە سەد لە بەرژەوەندی ھیچ پێکھاتەیەکیان نابێت، بەڵکو لە بەرژەوەندی ھەرسێ پێکھاتەکە دەبێت، ئەمەش پێویستی بە بڕیاری سیاسییە. 

محەمەد سەمعان ئۆغڵوش جەخت لە رێککەوتنی نێوان پێکھاتەکان دەکات و دەڵێت، "کەرکوک شارێکی ئاسایی نییە، ئەم شارە گرنگییەکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەیە بەو پێیەی کە بەشێکی گرنگ لە گێڵگە نەوتییەکانی عێراقی تێدایە، وەک بەرەی تورکمانیش پێیانوایە چارەسەری سەرەکی بۆ گرفتەکانی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک پێکهاتەکان خۆیانن، کە دەبێت هەمویان لەسەر مێزی گفتوگۆ بەیەکەوە دابنیشن و گفتوگۆ بکەن".

ئەگەری پێکدادان
دوای سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیارانی کورد و دروستبوونی کێشەی زەوی و زارەوە، ترس لە پێکدادان و ئاڵۆزی نێوان پێکھاتەکانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان هەیە.

خالیش شوانی لەم بارەیەوە بە گۆڤارەکەی وتووە، "ئایندەی ناوچە جێناکۆکەکان لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە، بەتایبەتی ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت مەترسیدارترە لەوەی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو دەگوزەرا، بەردەوامبوونی پڕۆسەی بەعەرەبکردن بە شێوەیەکی شاراوە و بەرنامە بۆداڕێژراو ناوچەکە رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەکاتەوە."

باسی لەوەش کردووە، ئەگەر ئەم دۆخە چارەسەر نەکرێت بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەڕوات، کورد تاکو ئیستا ھێزێکی ئەوتۆی ماوە لەسەر زەوی کە لانی کەم بتوانێت وەک ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئاب بینرا کورد بە دار و بەرد بەرگری لە ماف و زەوییەکانی خۆیان بکەن، بەڵام ئەمە تاکو سەر میکانیزمێکی گونجاو نابێت بۆ بەرگریکردن، لەبەرئەوەی لە ماوەی داھاتوودا عەرەب زیاتر فشار دەکات بۆ ئەوەی مافەکانی کورد زەوت بکات و زەوی زیاتر داگیر بکات، بەڵام کورد ئەمە قبوڵ ناکات. ئەمە لەو بابەتانەیە دەکرێت لە ھەر ئان و ساتێکدا بتەقێتەوە، لەم بارەیەشەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق، ھێزە سیاسییە عێراقییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاگادار کراونەتەوە لە مەترسی ئەم بابەتە. دەکرێ ئەم تەقینەوە و پێکدادانە لەنێوان کورد و عەرەبدا نەبێت، رەنگە ئەم پێکدادانە لەنێوان عەرەب و تورکمان رووبدات.

حاتەم تائی لە لێدوانەکەیدا، ئەگەری پێکدادانی پێکھاتەکان بە دوور دەزانێت و پێی وایە وەک چۆن لە ڕابردوودا پێکدادان ڕووینەداوە ئێستا و لە داھاتووشدا ڕوونادات، لەم بارەیەوە تائی بە گۆڤارەکە دەڵێت، "پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکوک لە دێرزەمانەوە فاکتەری سەرەکی بووە بۆ سەقامگیری و ئاسایش لە شارەکە، لە خراپترین دۆخدا ئاڵۆزیی و پێکدادان لەنێوان پێکهاتەکانی شارەکەدا ڕووینەداوە، پێشبینیش ناکەین بە هیچ شێوەیەک ڕووبدات، ئێستا هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک پێیانوایە مانەوە لەژێرسایەی حکومەتی ناوەندی عێراقدا چارەسەرێکی باشە وگەواهی ئەو ڕاستەیەش شاری کەرکوک لە دوای 16ی تشرینی یەکەمی 2017 وە لەهەمو ڕوویەکەوە( ئابوری، نۆژەنکردنەوە و بەرقەرابوونی یاسا و ئاسایش) بەرەو پێشەوە چووە.

محەمەدسەمعان ئۆغڵوش ئەگەری پێکدادانی نێوان پێکھاتەکان بە دوور دەزانێت، باس لەوە دەکات "ئەوان سەرەڕای پێشێلکردنی مافەکانیان، دەستیان بۆ مافی کەس نەبردووە، "لە ئەدەبیاتی بەرەی تورکمانی باوەڕمان بە پێشێلکردن و قوتدانی مافی پێکهاتنەکانی دیکە نییە، تورکمانەکان لەساڵی ٢٠٠٣وە مافەکانیان لەلایەن پێکهاتەی کورد و عەرەب پێشێلکراوە، تائێستا پێکهاتەی تورکمان پۆستی پارێزگاری کەرکوکی وەرنەگرتووە کە بە مافی خۆی دەزانێت، بۆیە ئێمە سورین لەسەر ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرین، داوامانکردووە تیپێکی سەربازی لە پێکهاتەکانی کەرکوک بەبێ جیاوازی دروستبکرێت بۆ پاراستنی ئاسایش وئەمنیەتی پارێزگاکە".

لەبارەی ئەگەری پێکدادانیش باس لەوە دەکات، " پێشبینی ناکەین هیچ جۆرە پێکدادانێک لەنێوان پێکهاتەکاندا لەئاردا هەبێت و ڕووشنادات، دۆخی کەرکوک لە دوای نەمانی دەسەڵاتی کورد لە شارەکە چۆن بووە هەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە".

گۆڤاری ئایندەناسی، گۆڤارێكە گرنگی بە توێژینەوە و ئایندەیی و ستراتیژییەکان دەدات و دوو مانگ جارێك لە لایەن "سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی"یەوە دەردەچێت.

ئامانجی گۆڤاری ئایندەناسی، گرنگیدانە بە لێکۆڵینەوەکانی ئایندەیی و ستراتیژییەکان بە تەوەرێتی و گرنگیدانی بە کوردستان و هەرێمایەتی و دۆخی نێودەوڵەتی پەیوەست بە ناوچەکەوە بە ئامانجی تێگەیشتن لە ئێستا و ئایندەی وەرچەرخانە جیهانیی و هەرێمییەکان و کاریگەرییان لەسەر کوردستان.

بواری توێژینەوەی بریتیە لە سیاسەتڕێژی کورتمەودا و دورمەودای کوردستانی و شرۆڤەی سیاسەتی وڵاتانی هەرێمایەتی.
پەیسەرپرێس


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق