تورکیا و ئێران ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش دژی پەکەکە ئەنجامدەدەن

ليست هناك تعليقات





تورکیا و ئێران ئەمڕۆ لە ئاستێکی باڵادا، بە بەشداریی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران بە ئۆنڵاین کۆبوونەوە. هەردوولا رێککەوتن لەسەر بە ئامانجگرتنی پارتی کرێکارانی کورردستان و رێککەوتن ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەدژیان ئەنجامبدەن.

بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو وڵات، کە میدیای فەرمی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، ئەردۆغان و رووحانی لەو کۆنفرانسە ڤیدیۆییەدا قسەیان لەسەر بوونی پەکەکە و هێزەکانی دیکەی سەر بەو پارتە کوردییە کردووە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان - تورکیا و هەرێمی کوردستان - ئێران.

بەپێی ئەو راگەیێندراوە، ئێران دەڵێت لەو ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەدا هەوڵی بە ئامانجگرتنی پەکەکە و هێزەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دەدات، ئەمەش بە هاوبەشی لەگەڵ ئەنقەرە دەستپێدەکات. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی ئێران، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە سنوورەکانی نێوان تورکیا و ئێران ئەنجامدەدرێن.

تورکیا لە ساڵی 1984ەوە چەندین جار ئۆپەراسیۆنی دژ بە پەکەکە ئەنجامداوە، لەو کاتەشەوە لە شەڕێکی بەردەوامدایە لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە. دوایین ئۆپەراسیۆنی دژی ئەو پارتە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 15-06-2020 دەستپێکرد. وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی بە ناوی (چڕنووکی هەڵۆ) دەستپێکرد و دوو رۆژ دواتریش ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی بەناوی (چڕنووکی پڵنگ) لە ناوچەی حەفتانین لە سنووری زاخۆ دەستپێکرد. ئەم هەفتەیە تورکیا رایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکەیان لە حەفتانین "سەرکەوتوو بووەو راگیراوە"، بەڵام لە ناوچەکانی دیکەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومانی پەکەکە بەردەوامە.

ئێرانیش لە ساڵی 2005ەوە و دوای دامەزراندنی پژاک، چەند جارێک ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانی تۆپباران کردووە.

ئەمە جاری یەکەم نییە تورکیا و ئێران گفتوگۆ لەبارەی ئۆپەراسیۆنێکی لەو جۆرە دەکەن، بەڵام ساڵی رابردوو حکومەتی ئێران راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیای رەتکردەوە کاتێک رایگەیاند ئێران و تورکیا پێکەوە شەڕی پەکەکە دەکەن. بەڵام ئەمجارەیان تورکیا دەیەوێت ئێرانیش بخاتە ناو پرسی دژایەتیکردنی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە شاخاوییەکان، بەمەش پشتیوانییەکی دیکە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی بەدەست بهێنێت.

هەرچەندە تورکیا و ئێران لەسەر لێدان لە پەکەکە هاوڕان، بەڵام ئەو دوو وڵاتە لە پرسەکانی دیکەی ناوچەکەدا بۆچوونیان دژ بەیەکە، بەتایبەت لە پرسی ئاڵۆزییەکانی سووریا، کە هەریەکەیان پشتیوانیی لە بەرەیەک دەکەن. تورکیا پشتیوانیی سەربازی و مادیی لە هێزەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکات، کەچی ئێران پشتیوانێکی بەهێزی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریایە. 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif