ئەلیسا توڕەیە و راغبیش لوبنانی بەجێهێشت

ليست هناك تعليقات


ئەلیسای هونەرمەندی ناوداری لوبنان، جارێکی دیکە هێرشیکردە سەر سیاسەتڤانەکانی وڵاتەکەی، لەپاش دەستنیشانکردنی مستەفا ئەدیب، بە سەرۆکی نوێی حکومەتی لوبنان. هاوکات راغب عەلامەی هونەرمەند، بەیاوەریی ماڵباتەکەی، لە لوبنان چوونە دەرەوە.

ئەلیسا کە پێشتر و لە دوای تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووت، لەسەرەتای ئەم مانگەدا، هێرشی کردبووە سەر سیاسییەکان و رەخنەی لێگرتبوون، ئەمجارە رەخنەی لە هەمان چینی وڵاتەکەی گرتەوە، پاش ئەوەی رێککەوتن لەسەر دەستنیشانکردنی مستەفا ئەدیب، باڵیۆزی پێشووی لوبنان لە ئەڵمانیا، بە سەرۆکی نوێی حکومەتی وڵات.

ئەلیسا لە چەند پەیامێکی سۆشیال میدیادا دەڵێ "سڵاو بۆ کەناڵی ئێم تیڤی لوبنان، کە رێگەی پێنەدرا شانۆیی دەجالە سیاسییەکان بگوازێتەوە. ئەو سەردەمەی کە رەخنەگرتن قبوڵ ناکات، سەردەم نییە و شایەنی ئەوە نییە لە دەسەڵاتدا بێت و بوونی هەبێت".

هونەرمەندە شۆخوشەنگە لوبنانییەکە، هەڵوەستەی لەسەر دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی کردووە، پاش دەستنیشانکردنی سەرۆکی نوێی حکومەت و دەڵێ "ئەمە ئەو بڕیارەبوو کە لە دوای بوومەلەرزەکەی 4ی ئاب داتان؟ کۆدێکتان پێدرا، ناوی سەرۆکی حکومەتیان دانێ و ئێوەش چوون شانۆییەکتان رێکخست بۆ ئەوەی بە سەرۆکی حکومەتی دەستنیشان بکەن؟ شەرمە بۆ ئێوە لە دەسەڵاتدا بن و شەرمیشە بۆ ئێمە، کە بەئێوە رازین. سەیر ئەوەیە ناڕازییەکان پێش ئەوانی دیکە هەڵپەیان کرد بۆ ئەوەی پشتگیری بکەن، بێ پرسیارکردن لەوەی باشە یان خراپە؟".

هێرشەکانی ئەلیسا پاش راگەیاندنی رۆژی دووشەممەی میشێل عۆنی سەرۆکی لوبنان هات، کە تێیدا مستەفا ئەدیبی راسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، پاش بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی وڵاتەکە.

لوبنان بەدۆخێکی سیاسی ئاڵۆز و تەنگژەیەکی گەورەی ئابووریدا تێدەپەرێت. ئابووریی وڵاتەکە بەتەواوی داڕووخاوە و برسێتی هەڕەشە لە خەڵکێکی زۆر دەکات. لە کاتێکدا تەقینەوە گەورەکەی سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ لە بەندەری بەیرووت، هێندەی دیکە تەنگژە دیارەکانی وڵاتەکەی قووڵکردەوە.

لە تەقینەوەکەی بەیرووتدا کە بەهۆی 2750 تۆن لە نیتراتی ئەمۆنیۆم روویدا، 190 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 6 هەزار کەسیش برینداربوون. بەشێکی بەرچاوی گەڕەک و ناوچە نیشتەجێیەکانی بەیرووت، بەهۆی تەقینەوەکەوە بوونە وێرانە. ژمارەیەکی بەرچاوی ماڵباتە نیشتەجێیەکانی ئەو وڵاتە بێ ماڵوحاڵ ماونەتەوە.

هاوکات راغب عەللامە، هونەرمەندی دیاری لوبنان، لە سۆشیال میدیای خۆی، وێنەیەکی لە فڕۆکەخانەی لوبنانەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند دەچێتە دەرەوەی وڵاتەکە.

عەللامە کە وێنەکەی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەیدا گرتووە، دەڵێ پاش 6 مانگ، بۆ پشوو دەچینە دەرەوەی لوبنان. بەبێ ئەوەی ئاشکرای بکات نیازی گەڕانەوەی هەیە یان نا؟

هەندێک سەرچاوە پێیانوایە عەللامە و ماڵباتەکەی ناگەڕێنەوە لوبنان و ئەوانیش، دەبنە بەشێکی دیکە لەو هونەرمەند و کەسایەتییانەی وڵات، کە لەدوای تەقینەوەکەی بەیرووت، لە دۆخی وڵاتەکە بێزاربوون و ئومێدیان بە چاکبوونی دۆخی سیاسی لوبنان نەماوە.

راغب پێشتر یەکێک بووە لەو هونەرمەندانەی رەخنەی تووندی لە چینی سیاسی لوبنان گرتووە بەبێ جیاوازی.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif