ئەڵمانیا بەرهەمی سیاسەتی چارەسەری دەكەینی مێرکڵ دەچنێتەوە

ليست هناك تعليقات


رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاشکرایکردووە، ئەو بڕیارەی ئانگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا، بەر لە پێنج ساڵ بە لەخۆگرتنی هەزاران پەنابەر گرتیەبەر، ئێستا بەرهەمەکەی دەدات و ئەو وڵاتە بەروبوومەکەی دەچنێتەوە.

بەر لە پێنج ساڵ، کاتێک لێشاوی پەنابەران رووی لە ئەوروپا کرد، مێرکڵ دەرگای وڵاتەکەی بەڕوویاندا کردەوە و رێگەیدا پەناهەندە نایاساییەکان، بگەنە ناو خاکی ئەڵمانیا و وڵاتەکەی لە ئامێزیان بگرێت.

ئەوکات مێرکڵ، دەستەواژە بەناوبانگەکەی دەربڕی "چارەسەری دەکەین" کە زۆرجار لە نێو کورددا لە جیاتی ئەوە، دەستەواژەی "تەرتیبی دەکەین" بەکاردەهێندرێت، لە کاتێکدا رەخنەگرانی بڕیارەکەی مێرکل، ئەو هەنگاوەیان بە "هەڵەیەکی گەورە" ناوبرد، بەڵام ئێستا دوای پێنج ساڵ، سیاسەتە پەیڕەوکراوەکە، بەرهەمی خۆی دەدات.

رۆژنامەکە لە وتارێکی فیلیپ ئۆلتەرمان، بەڕێوەبەری نووسینگەی رۆژنامەکە لە بەرلین، چیرۆکی پەنابەرێکی سووری دەگێڕێتەوە بەناوی محەممەد عیززەت ، کە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە دوای ئەوەی رووی لە ئەڵمانیا کرد.

جەنگی ناوخۆیی سووریا، هەزاران کەسی لەو وڵاتە دەربەدەرکرد. دانیشتووانی وڵاتەکە بەلێشاو روویان لە سنوورەکان کرد و بەشێکی زۆریان گەیشتنە تورکیا، کە دواتر لەو وڵاتەوە بەرەو ئەوروپا بەچەندین رێگەی جیاواز بەڕێکەوتن. ئەوکات هەموو جیهان بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی، دژی بەڕێکەوتنی پەنابەرەکان بوو، بەڵام مێرکڵ دەرگاکانی وڵاتەکەی بۆ ئاوارەکان خستە سەر پشت.

محەممەد ئێستا تەمەنی 21 ساڵە، یەکێک بوو لەوانەی ئەو رۆژگارە لە شاری حەلەبی سوورییەوە، خۆی گەیاندە مەملەکەتی خانمە سەرۆکەکە. ئێستا ئەو ئەڵمانییەکی باش فێربووە لە ماوەیەکی کەمدا، لە کۆلێژی زانستە ژمێریارییەکان دەخوێنێت, خەونی ئەوەیە ببێتە بزنسمانی بواری تەکنەلۆژیای زانیاری.

پێنجەم وڵات لە رووی ژمارەی پەنابەرانەوە

بۆ رۆژنامەی گاردیان، ئەوە تاکە نموونەی سەرکەوتنی هەنگاوەکانی مێرکڵ نین، هەموو ئەوانەشی لەگەڵ عیززەت لە ماوەی ساڵانی 2015 تا 2019 داوای مافی پەناهەندەییان لە ئەڵمانیا کرد، کە ژمارەیان 1،7 ملیۆن کەس بوو، سەرکەوتوو نەبوون. ئەڵمانیا بەو ژمارەیەی پەنابەر، بووە پێنجەم وڵات لە پێشوازی زۆرترین ژمارەی پەنابەر لەسەر ئاستی جیهان.

رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، لە کۆی ئەو ژمارە پەنابەرەی لە 2015ەوە روویان لە ئەڵمانیا کردووە، زیاتر لە 100 هەزار کەس، ئەڵمانییەکی باش فێربوون و ئەوەش وایکردووە بتوانن بچنە زانکۆکانی ئەو وڵاتە، نیوەی ئەوان دەتوانن لە داهاتوودا کاربکەن و باج بدەنە حکومەت.

چیرۆکەکانی هاوشێوەی محەممەد، گەشبینییان بۆ میرکڵ گێڕایەوە، ئەوەش لە سایەی سیاسەتی "تەرتیبی دەکەین"، دەستەواژەیەک وەک نووسەری وتارەکە ئاماژەی پێداوە، زۆری نەمابوو کورسیی راوێژکاری ئەڵمانیا لە ژێر مێرکڵدا بهێنێتە دەرەوە و ئەستێرەی بەختی بەرەو ئاوابوون ببات.

ئەڵمانیا دەوڵەتێکی بەهێزە

رۆژی 31ی ئابی 2015، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، مێرکڵ لەبارەی ئەو لێشاوە زۆرەی پەنابەرانەوە گوتی "بەکورتییەکەی، ئەڵمانیا دەوڵەتێکی بەهێزە"، ئەم قسەیە، هەوڵێکی خانمە پۆڵایینەکە بوو، بۆ کەمکردنەوەی رادەی ترسی خەڵک و سیاسییەکانی وڵات، لە شەپۆلی گەورەی پەنابەران کە زۆرینەیان لە سووریا، عێراق و ئەفغانستانەوە روویان لەو وڵاتە کردبوو.

دەستەواژەی 'تەرتیبی دەکەین' بووە قسەیەکی باوی نێو کوچەکانی سیاسەت لە ئەڵمانیادا، هەندێک پێیانوابوو ئەوە پەیامێکی پڕ لە جۆشوخرۆشە، کە ملیۆنان کەسی پەنابەری هانداوە، چاوپۆشی لە مەترسییەکان بکەن و بەسەر شەپۆلە تووڕەکانی دەریادا، خۆیان بگەیەننە سەر خاکی ئەوروپا.

پارتی "جێگرەوە لەپێناو ئەڵمانیادا" کە پارتێکی راستڕەوی ئەڵمانیایە، دەستەواژەکەی مێرکڵی هەڵگێرایەوە و کردی بە "بەئێوەی تەرتیبدەکەین"، روونیکردەوە کە مێرکڵ داوا لە گەلی ئەڵمانیا دەکات، خۆی لەگەڵ ئاستی بەرزی تاوان و تیرۆر و بێسەروبەرەییدا، بگونجێنێت.

دەستەواژە نوێیەکە، بووە وێردی سەر زمانی ئەوانەی بەهەر جۆرێک بووە، دژایەتییان لەگەڵ مێرکڵدا هەبوو و رەخنەیان لە سیاسەتەکانی دەگرت، "بەئێوەی تەرتیبدەکەین"، بووە سەرچاوەی سەرئێشەیەکی گەورە بۆ خانمی راوێژکار، تەنانەت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا لە کانوونی دووەمی هەمان ساڵدا گوتی، ئەوە "هەڵەیەکی کارەساتاوی" بوو.

سەرۆکی پێشووی پارتی بەریتانیای سەربەخۆ، نایگڵ فاراج، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی فۆکەس نیوزی ئەمریکیدا گوتی، ئەوەی مێرکڵ هەنگاوی بۆ ناوە لە بابەتی پەنابەرانەوە: "خراپترین بڕیارە کە سەرکردەیەکی ئەوروپا لە مێژووی نوێدا دابێتی"، ئەو زیاتر گوتی: "راوێژکاری ئەڵمانیا، کۆتایی پێهاتووە".

گاردیان پێیوایە، ئێستا مێرکڵ لە لوتکەی گەورەترین هێزی ئابووریی ئەوروپادایە، گەلویستییەکەی بۆ ئاستی ساڵی 2015 گەڕاوەتەوە. راپرسییەکان پێشانیدەدەن متمانەی ئەڵمانەکان بە پارتەکەی ئەو 'پارتی دیموکراتی کریستیان'، گەیشتووەتە ئاستی پێوانەیی، ئەمەش بەهۆی مامەڵەکردنی ئەوەوە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا.

نەمانی هێرشە تیرۆریستییەکان

بەپێی راپۆرتەکەی گاردیان، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، ترسی 'تیرۆری جیهادی' کە زۆر کەس لێیدەترسان و پێیانوابوو شەپۆلی گەورەی پەنابەرەکان، لەگەڵ خۆیاندا بۆ ئەوروپای دەهێنن و دەیکەنە گەورەترین مەترسی لەسەر ناوەڕاستی ئەوروپا، پاشەکشەی بەرچاوی کردووە.

داتاکان دەریانخستووە لە دوای زنجیرەی حەوت هێرش لە 2016دا، ئەڵمانیا رووبەڕووی هیچ هێرشێکی دیکەی تووندوتیژی نەبووەتەوە.

رۆژنامەکە پێیوایە پاڵنەری ئەو حەوت هێرشە، ئیسلامی بووە، لە کانوونی یەکەمی ئەو ساڵەدا گەیشتە لوتکە، کاتێک شۆفێری بارهەڵگرێک لە جەژنی سەری ساڵدا خۆی کرد بەناو بازاڕێکی بەرلیندا.

رۆژنامەکە دەڵێ رێژەی تاوان لە ئەڵمانیا لەگەڵ سەرەتای 2017 پاشەکشەی پێوانەییکرد، بەبەراورد بە ماوەی نێوان ساڵانی 2014 تا 2016. ئەمەش بەپێی داتاکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوە تاوانکارییەکانی ئەڵمانیای فیدراڵی، کە ئەوکات ژمارەی تاوانەکانی بە ژمارەی زۆری پەنابەرانەوە دەبەستەوە.

لە کۆتایی راپۆرتی رۆژنامە بەریتانییەکەدا هاتووە کە کاترین نیڤیدزیال، بەرپرسی تێکەڵکردنی پەنابەران بە کۆمەڵگەی ئەڵمانی دەڵێ: "ئەڵمانیا توانی ئیشەکە تەرتیب بکات". ئەو زیاتر دەڵێت "ئەوە چیرۆکی سەرکەوتنێکی نایابە، گەرچی کاتی خۆی کەس باوەڕی بە سەرکەوتنی نەدەکرد".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif